قەسەدە: داعش منداڵانی کردووەتە قەڵغان

قەسەدە رایگەیاند، چەتەکانی داعش ٧٠٠ منداڵی 'ئەشبال خەلافە"یان کردووە بە قەڵغان و هەوڵ دەدەن بەوە ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی قەسەدە بکەن.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەربارەی دوایین دۆخی ئۆپەراسیۆنی دژ بە چەتەکانی داعش، کە هێرشیان کردبووە سەر زیندانی حەسەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکەی قەسەدە:

"لە ٣ ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی پلان بۆ دانراو و رێکخستنکراوی چەتەکانی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران، گەورەترین بەربەست بۆ هێزەکانمان منداڵانی 'ئەشبال خەلافە' بووە، کە چەتەکانی داعش وەک قەڵغان بەکاریان دەهێنن.

 ژمارەیان ٧٠٠ منداڵە. ئەوان لە خانە و شانەى جیاوازدا بوون بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پەروەردە و مەشق و راهێنانیان پێ بکرێت. هەرچییەک بەسەر ئەو منداڵانەدا بێت داعش لێ بەرپرسیارە.

ئیمە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی خاچی سووری نێونەتەوەیی دەکەین، کە دەستوەردان لە دۆخەکەدا بکەن بۆ ئەوەی منداڵان لە هێرشەکانی داعشدا بەکارنەهێنرێن و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانیان بکەن".

ژ.ت