قەسەدە: دوو چەتەی داعش دەستگیرکران

قەسەدە رایگەیاند، لە چوارچێوەی 'هەنگاوی تۆڵەی شەهیدانی رەقا' دا دوو چەتەی داعش دەستگیرکراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە هێزەکانیان دوو چەتەی داعشیان دەستگیر کردووە.

راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە؛

" لە چوارچێوەی هەنگاوی تۆڵەی شەهیدانی رەقادا هێزەکانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش بە هاوکاری هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپراسیۆنی هەڵکوتاسەر شوێنی شانە شاراوەکانی داعشی تیرۆریستیان لە رەقا ئەنجامدا. لە ئۆپراسیۆنەکەدا ٢ ئەندامی رێکخستنی تیرۆریستی دەستگیر کران. ئەو تیرۆریستانە هێرشی تیرۆریستیان ئەنجام داوە و بەشداریان لە هێرشی دژی ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی دریەدا کردووە.

ناوی هەردوو تیرۆریستەکە بەم شێوەیەیە؛ ئەحمەد عید ئەلعوبێد و کاسر عیدان ئەلعوبێد. ئەو دوو تیرۆریستە لە ساڵی ٢٠١٦دا بەشداریان لە داعشدا کردووە.

هەردوو تیرۆریستەکە دانیان بەوەدا ناوە کە هەوڵی رزگارکردن و شاردنەوەی چەتەکانی داعشیان داوە لە هێرشی گەڕەکی دریەی رەقا.

هەردوو تیرۆریستەکە راستەوخۆ پەیوەندیان بە ئەمیری داعشی رەقاوە هەبووە."

ف.ق