قەسەدە دوو چەتەی داعشیان دەستگیرکرد

هێزە تایبەتەکانی قەسەدە لە گوندەکانی دەوروبەری دێرەزۆر دوو چەتەی داعشیان دەستگیرکرد، یەکێکیان بەرپرسی گروپێکە کە خانەوادە داعشەکانی گواستووەتەوە بۆ ناوچە داگیرکراوەکان.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی- قەسەدە، لەسەر ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکانی بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ ڕێگریی لە قاچاخ و جێگرکردنی ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچەکە و لەناوبردنی شانە نوستووەکان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ناوچەی شاوی لە باشووری کامپی هۆڵ و لە ناوچەی حوێجە لەنزیک شارۆچکەی سوەر لە باکووری دێرەزۆر، دوو ئۆپەراسیۆن ئەنجامدرا، لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا، بەرپرسی گروپێک، کە خانەوادە داعشەکانی دەگواستەوە بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، دەستگیرکرا، ئەو چەتەیە، پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ سەرچەتەکانی داعش و چەک و بەڵگەی پێگیراوە.

هەروەها هاتووە: لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیش ئەندامێکی شانە نوستووەکانی داعش کە بەشداری هێرش و بە ئامانجکردنی خاڵە کۆنترۆڵەکانی ئاسایش، پلانەکانی کوشتن، پڕوپاگەندە بۆ داعش و هاندانی خەڵک بووە، دەستگیرکراوە، یەکینە تایبەتەکانی قەسەدە، دەستیان گرتووە بەسەر چەک و جلی سەربازیی ئەو چەتەیە، کە لە هێرشەکاندا بەکاری هێناوە.

ف.ق