قەسەدە: سەرۆک چەتەیەکی پێشووی داعش دەستگیرکرا

قەسەدە رایگەیاند کە هێزەکانیان لە حەسەکە لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرۆک چەتەیەکی پێشووی داعشیان دەستگیرکردووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) لەبارەی دەستگیرکردنی سەرۆک چەتەیەکی پێشووی داعش راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

ناوەندەکە هەروەها رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆن لە گەڕەکی عەزیزیەی حەسەکە ئەنجامدراوە و سەرۆک چەتەکە لەوێ دەستگیرکراوە. بەپێی زانیاریەکانی قەسەدە سەرۆک چەتەکە مین و مۆتۆرسکیلی بۆمبڕێژکراوی بۆ ناوەندی حەسەکە و هەرێمەکانی دیکەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گواستووەتەوە. خانەوادەی داعشەکانی لە هۆڵ دەڕفاند. پێشتریش لە نێو داعشدا ئەمیر بووە و دەستی بە زۆر تاوانی کوشتندا هەبووە.

لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە جووڵەکانی ئەو چەتەیە لەژێر کۆنتڕۆڵدابووە، زانیاری لەسەر کۆکراونەتەوە و جێگەکەی دیاری کراوە. دواتر ئۆپەراسیۆن لەدژی ماڵەکەی ئەنجامدراوە.

لە ماڵەکەیدا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر بەڵگە، چەک و ئامێری سەربازیدا گیراوە.

ف.ق