ڤیدیۆ و دیمەنی ئەو چەکە کیمیاییانەى لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەکاردەهێنرێن

بەڵگەی نوێ لەبارەی ئەو چەکە کیمیاییانەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە دەستکەوتن، کە لە دژی گەریلاکان بەکاریان دەهێنێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەپەگە، لە ١٤ی حوزەیراندا، دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٢ مانگدا بەلانیەمەوە ٧٧٩ جار هێرشی بە چەکی کیمیایی ئەنجام داوە. ئەمە مانای ئەوەیە، کە هەموو رۆژێک ١٣ جار چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا  بەکاردەهێنێت. هێرش بە چەکی کیمیایی تاوەکو ئیستاش بە چڕی بەردەوامیی هەیە.

سەرەڕای چەندین بەڵگەنامە و شایەتی پەیوەست بە هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورکەوە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەک لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی لە دژی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی نییە.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى گەیشتوونەتە دەست ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) جارێکیتر سەلماندی، کە چەکی کیمیایی لە سەنگەرەکانی شەهید بەرخوێدان لەسەر شاخی شەهید شاهین بەکارهاتووە.

بەڵگەی چەکی کیمیایی لە تونێلەکان دا

لە دیمەنەکاندا گەریلایەک بە ماسکێکی گازەوە تێکەڵەیەکی کیمیایی لە تۆزی ڕەش و سپی نیشان دەدات و دەڵێت: "چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن. بۆنێکی زۆر قورسی هەیە".

گەریلاکان ڕایانگەیاند، ئەو گازانە ڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر بۆرییەکانی هەناسەدانی مرۆڤ و هەناسە لە مرۆڤ دەبڕێت. بە ئاماژەدان بە و نیشاندانی دیوارە رەشبووەکانی تونێلەکە، کە گازیان تێهاوێشتووە و دەڵێت، "بەکارهێنانی گازی کیمیایی زۆر ئاشکرایە و بە ڕوونی دەبینرێت".

پاشان دەنگێک لە بێتەلی گەریلاکەوە دەبیسترێت: "ئەوەی ئەمڕۆ شەڕمان لەگەڵ دەکات سوپای تورکیا نییە، چەکی کیمیایی و تەکنیکی ناتۆیە".

ئەو گەریلایە ڕایگەیاند، هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی سیستمی رادارەوە هەوڵی پاراستنی خۆیان دەدەن و وتی، چەکی کیمیایی لە بۆردوومانەکاندا بەکارهاتووە.

ئەو گەریلایە ئاماژەی بەوەدا، کاریگەریی گازە کیمیاییەکان، کە دەهاوێژرێن بۆ ناو تونێلەکان، بەردەوامە و ڕاشیگەیاند، بۆ ئەوەش  ئەستەمە بەبێ ماسکی گاز بچنە ناو ئەو تونێلانەوە.

گەریلا ژنەکان قژی خۆیان لێکردەوە

بەپێی ئەو دەنگەی لە بێتەلەکەوە دێت دەڵێن، بەدڵنیاییەوە ڕێوشوێنیان بەرامبەر ئەوانە هەبووە، بەڵام بەهۆی لەبەر ئەوەی دەرفەتیان نییە، کە هەموو ڕۆژێک جلوبەرگەکانیان جلەکانیان بگۆڕن، بەتایبەتی گەریلا ژنەکان، قژی خۆیان لێکردووەتەوە.

ئەو گەریلایە دۆخی تونێلەکانی شەهید بەرخوێدان نیشان دەدات، کە بە چەکی کیمیایی کراونەتە ئامانج و دەشڵێت، گازێکی تری کیمیایی زەرد لەگەڵ گازی بیبەر بەکارهاتووە.

ئەو گەریلایە بە ڕاڕەوە تەسکەکانی تونێلەکەدا دەڕوات و بەردەوام دەبێت لە پیشاندانی شوێنەواری ماددە کیمیاییەکان و ڕایگەیاند "کاتێک با دێت ئەو گازانە، کە وەک تۆزن تێکەڵی هەواکە دەبن و سەرلەنوێ کارا دەبنەوە".

ئەو گەریلایە لە شوێنێکدا زەردبوونی دەریاچەکی بچووکی ئاویش پیشان دەدات و دەڵێت: "ئەمڕۆ وای لێهات و ئەمە ڕوویدا". ئەو گەریلایە، کە دەمامکی گازی بەستبوو وتی، گازی کیمیایی زەردەکە بۆنی نییە و دەبێتە هۆی ماندووکردن و هیلاککردنی مرۆڤ".

لە دیمەنەکاندا و لە مۆلیدەکەدا ئەوە پیشان دەدرێت، کە تۆزە زەردەکە کەڵەکە بووە.

لێدوان و ڕاگەیاندنەکانی پەکەکەی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە تەلەفزیۆنی میدیا خەبەر لە ٢١ی حوزەیراندا وتی: "ئێستا ڕژێمێک هەیە، کە بەو ڕادە زۆرە چەکی کیمیایی بەکاردەهێێنێت، بەڵام هیچ کاردانەوەیەک بەرامبەری نییە. بە پێچەوانەوە بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ئەو ڕژێمە دەکرێت، کە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. بۆ نمونە، بە وتەی هەڤاڵانی رزگاربوونی شاخە سوور، بە ئەگەری زۆر هێرشێک بە چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی لە دژیان ئەنجامدراوە".

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل لە ١٦ی حوزەیراندا لە وتەیەکیدا بۆ گەریلاکان هۆشداریی دا، کە دەوڵەتی تورک زیاتر قورسایی دەخاتە سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

قەرەیلان لە ٣١ی ئایاردا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئەم زانیاریانەی دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە خستەڕوو:

"زۆرترین ماددە کیمیاییەکان لەم شەڕەدا بەکار دەهێنرێن. ئەمە ئەو شتەیە، کە ئێستا قورساییان خستووەتەسەر. بۆ نمونە هەڤاڵان ٧ جۆر کیمیاییان دیاری کردووە، کە تا ئێستا بەکارهاتوون. هەڤاڵان چۆن دەیانناسنەوە؟ لە رێگەى رەنگەوە دەیانناسنەوە. بۆ نمونە، یەکەم ڕەنگ ڕەشە وەک قیرە و ئەوە شێوەی رەنگەیەتی. ئەوی تر زەردە، ڕەنگەکەی زەردە. ئەوە گازێکی ئاوایە. سێیەمیان لە رەنگی  زیودایە، ڕەنگی زیو دەدات. چوارەمیان سەوزە و بێ بۆنە و بۆنی نیە. هەندێکیان بۆنیان هەیە، بەڵام ئەمەیان هیچ بۆنێکی نییە. ئەوی تریان ڕەنگی قاوەییە. ڕەنگی یەکێکیتریان سوورە. بۆنی وەک ئاوی سابوونە. بۆنی ئاوێکی لێدێت، کە جلی پێ شۆردراوە. ئەوی تریشیان رەنگی سپییە.

کەواتە ئێمە دەتوانین تەنها بە ڕەنگ ڕوونی بکەینەوە. واتە وا دیارە گازی کیمیایی جۆراوجۆر لە دژی ئێمە بەکار دەهێنرێت و ئەو دەیەوێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئێستا قورساییان خستۆتە سەر بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان و دەیانەوێت بە ماددە کیمیاییەکان بگەنە ئەنجام، بۆیە پێویستە ڕای گشتی و گەلەکەمان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و ئەوانەی دژی چەکی کیمیایین ئەوە ڕەچاو بکەن. ئەوان دەبێت بەو پێیە و لەو چوارچێوەیەدا لەسەری بوەستن. واتە ئەمە دوژمنێکی بێبەختە، واتە دەیەوێت بە کیمیایی ئەنجام بەدەست بهێنێت. دەیان هەزار سەربازی هەیە، هێزی ئاسمانی و زەمینیی زۆری هەیە، بەڵام هێشتا هیچ ئیرادەیەکی نییە، ئەو دەیەوێت بە ماددەی کیمیایی ئەنجام بەدەست بهێنێت، واتە دۆخی جەنگ هەندێک بەو شێوەیەیە".

ژ.ت