یادی دیار غەریب لەسەر گۆڕەکەی کرایەوە

سێیەمین ساڵیادی شەھیدبوونی دیار غەریب، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کەجەکە لە بناری قەندیل بە مەراسیمێکی شکۆدار بەرز ڕاگیرا و جەخت لە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی شەھید دیار غەریب و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەهید محەمەد قەرەسوونگور لە بناری قەندیل، بە ئامادەبوونی کەسوکار و هاوڕێیانی شەهید و توێژە جیاجیاکان، مەراسیمێک بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دیار غەریب ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە ئەنجامدا.

لە مەراسیمەکەدا کە وێنەی شەهید دیار غەریب و هەردوو شەهیدی هاوەڵی شاهین دیجلە و دەوران جانفەدا بەرزکرابووەوە، هەروەها تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهید دیار غەریب دانرابوو و دروشمی ” شەهید نامرێ” دەوترایەوە.

سەرەتای مەراسیمەکەدا بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەھیدان دەستیپێکرد، پاشان سارا کەریم، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەھیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان وتاری کۆمیتەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدبوونی ھەڤاڵان هەڵمەت، لێرەوە لەسەر گڵکۆی پیرۆزیان کۆبووینەتەوە، تا بەڵێن و پەیمان دووپات بکەینەوە، كه بەردەوام دەبین له تێكوشان تا به دیهێنانی كوردستانێكى ئازاد و خەون و خەیاڵی هەموو شەهیدان.
ئاماژە بەوەشکرابوو، کە ئەمڕۆ  گەلی كورد دووچاری شەڕێكى سەخت بووەتەوە و خاکی کوردستان كەوتووەته بەر هێرش و پەلاماری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هێڵی خیانەت و هاتووە: هێرشەكانیان له دژی گەریلا و دەستكەوتەكان و خوێنى شەهیدان گەيشتووه لوتکە، فاشیزمی تورکیا به هەموو تەكنيكێکى پێشكەوتووى جەنگیی و پشتیوانیی ناتۆ و هێڵی خیانەت له باشووری کوردستان له چیاکان تا دەگاته شار و گوندەکان پەلامار دەدات، بەئامانجی لەناوبردنی گەلی كورد و دەسكەوتەکانی، که به خوێنی هەزاران شەهید بەدیهاتوون.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: بە ڕۆحی بەرخۆدانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین لەدژی داگیرکاریی و ھێڵی خیانەت تێکۆشان بڵندتر دەکەین و کوردستان دەپارێزین.

دواتر ئامادەبووانی مەراسیمەکە سەردانی گڵکۆی شەھیدان شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکەیان کرد، کە ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورکەوە تیرۆرکرا و بە دروشمی “شەھید نامرێ” کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.
ف.ق