ئەرزینجان: دەبێت ژنان خۆیان بەڕێوەببەن

ئەندامی بەڕێوەبەری کەژەکە بەسێ ئەرزینجان سەرنجی بۆ سەر گرنگی پەیمانی کۆمەڵایەتی راکێشا و وتی: "دەوڵەت لە بنچینەی خۆیدا دژی ژنان و دژی دیموکراسیە. دەبێت بەر لە هەموو شتێک سیستمی خۆمان دابمەزرێنین و هەنگاو بە هەنگاو دەوڵەت بچوک بکەینەوە".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە بەسێ ئەرزینجان لە بەرنامەی خۆیبوون کە لەلایەن ئارژین بایسال لە ژن تی ڤییەوە بڵاودەکرێتەوە، باسی لە پێویستی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی، هەوڵەکانی بەکردەیی کردنی لەناو سیستمی دەوڵەت و بەرگریی لەو پەیماننامەیەی کرد.

ئەرزینجان وتی، "دەوڵەت لە بنەڕەت و بنچینەیدا دژی ژنان و دیموکراسیە. هەموو ئایین، هەموو بەشێکی کۆمەڵگا، ژنان و گەنجان دەبێت خۆیان بەڕێوەببەن. پێویست ناکات کەسێک لە دەرەوە بێت و ئەوان بەڕێوەببات. دەبێت سیستمی خۆمان دابمەزرێنین و پەرە بە رێکخستنبوونی خۆمان بدەین و دەوڵەت بچوکبکەینەوە. ئەگەر بڵێیت من دەوڵەت دەگۆڕم، دواتر هەندێک مافی خۆم بەدەست دەهێنم، دواتر تۆ رووبەڕووی هەمان چارەنووسی پێشوو دەبیتەوە. نمونە بۆ ئەوە زۆرن. دەوڵەت لە زۆر رووەوە ماف دەدات بەڵام دواتر ئەو مافانە وەردەگرێتەوە. لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە سیستمی خۆمان دابمەزرێنین".

پەیماننامەی کۆمەڵایەتی چییە و بۆچی بوو بە بابەتی گەرم و رۆژەڤ؟

پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لە ساڵی ٢٠٠١دا کەوتەبەر باس و بووە رۆژەڤی ئێمە. بۆچی کەوتە بەرباس، دەبێت راوەستەی لەسەر بکەین. لەبەر ئەوەی ئێمە باس لە دەسەڵاتداری پێنج هەزار ساڵەی پیاو دەکەین. ئەو پێنج هەزار ساڵە سیستم زیاتر خۆی بە دەوڵەت و دەسەڵاتەوە رێکخستووە. لە سیستمی سەرمایەداریدا هەموو دەوڵەتان بە گوێرەی ئەقڵیەتی پیاو دامەزراون. بەکۆمەڵایەتی بوون بە گوێرەی مێشکی پیاو دروستکراوە. پەروەردە، ئابوری و ژیان هەموو بە گوێرەی ئەقڵیەت و سیاستمی پیاو دامەزراون. بۆمەگەر ژیانێک بە بێ ژن دەبێت؟ لە دروستبوون و پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبووندا ژنان و پیاوان رۆڵیان هەیە. بەڵام رۆڵی ژن سڕدراوەتەوە و ژنان لەماڵەکانیاندا زیندانی کراون. زۆر دەستوور، یاسا، فەلسەفە، ئایین و تیۆری دەوڵەتان هەیە. بەڵام هەموو ئەوانە بۆ پیاوانن.

مۆدێلی ژیانی ئەڵترناتیڤ

ئێمە وەک بزوتنەوەی ئازادی دەبێت لەبەرامبەر پرسەکانی بونیادنانی ژیانی هاوبەشی ژنی و پیاودا، لە دامەزراندنی کۆمەڵگادا دەبێت چۆن هەڵسوکەوت بکەین. چی بکەین و چۆن بژین و خاوەنی پێرسپێکتیڤ و دوورنما بین. پەیماننامەی کۆمەڵایەتیمان نوسیەوە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە مۆدێلی ژیانی جێگرەوەی بەرچاو بخوڵقێنین. لەو پەیماننامەیەی دامانڕشتووە سەرنجمان راکێشاوە بۆ سەر ئەوەی کە ژن، منداڵ و بەساڵاچووان و ژینگە چۆن پێکەوە بژین.

ئێمەی ژنان کە ئافرێنەرانی ژیانین، بێگومان بۆ پارێزگاری لە هەبوونی خۆمان دەبێت لە هەموو کایە وبوارەکاندا خۆمان رێکبخەین. بەو وشیاری و هۆشمەندیەوە لە ساڵی ٢٠٠١ دا پەیماننامەی کۆمەڵایەتیمان هێنایە بەرباس و کردمانە رۆژەڤ. ئەو دۆخە هێشتاش بە شێوەی جیاجیا لە رۆژەڤی ئێمەدایە. ئەو سیستم و پێرسپێکتیڤەی لە چیاکان خوڵقاندمان، لە باکوری کوردستان و رۆژئاوا بەرگی کرداری بەبەردا کراوە. لە راستیدا ئەو پەیماننامەیەی ئێمە داماڕشتووە پێرسپێکتیڤ و دوورنمای ئەوە دەخاتە بەرچاو کە کۆمەڵگایەکی ئازاد چۆن دەتوانرێت ساز بکرێت.

یاساکانی نەتەوە-دەوڵەت لە بنەمای رەگەزی داڕێژراون

بۆچی یاساکانی نەتەوە-دەوڵەت ناتوانن ببنە چارەسەرێک بۆ پرس و کێشەکانی ژنان؟

یاساکانی نەتەوە-دەوڵەت لەسەر بنەمای رەگەزپەرستی ئافرێندراون. ئەوە مێژوویەتی زۆر درێژی هەیە. ژنان لە یاساکانی نەتەوە-دەوڵەتدا هەموو کات خراونەتە دواوە. یاخود بە گوێرەی هەندێک یاسا پشتگوێ دەخرێن. ئەمە بە هەموو جۆرێک بەم شێوەیە. با لە دۆخی ئەمڕۆی تورکیا وردببینەوە؛ ژنان لە دژی ئەو توندوتیژیەی پیاوان دەیکەن پەنا بۆ دادگا دەبەن، بەڵام دادگا لە بری ژنان، پیاوان دەپارێزن، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی یاسای دەوڵەتان ناچارن کە هێزی پیاوان بپارێزن. ئەوە بۆ درێژەدان و مانەوەی سیستم گرنگە. ژنان چەندە لەسەر حەقیش بن، بە ناحەق دادەنرێن. جیاوازی رەگەزی هەیە، بەڵام ئەو جیاوازییە بە گوێرەی بناغەی مێژوویی ئەو نییە. لەیاساکان دەوترێت کە دەبێت ژن و پیاو بە شێوەی یەکسان مووچە وەربگرن، بەڵام بە کردەوە هەرگیز بەم جۆرە نییە. بەراستیش لە هەندێک دەوڵەتدا ژنان بۆ چەسپاندنی ئەو یاسایانە زۆر تێکۆشاون، بەڵام دەوڵەت کە بەرپرسیاری جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەیە، هەرچەندە لەیاساشدا هاتبێت، بۆ بەکردارکردنی یاساکانی هیچ شتێک ناکات. زۆر یاسا هەر لە چوارچێوەی نوسراودا دەمێننەوە. یاساکانی نەتەوە-دەوڵەت بە تەواوەتی لەپێناو بەرژەوەندی دەوڵەتاندا دەخوڵقێندرێن. هیج بەرژەوەندییەکی کۆمەڵایەتی لەبەرچاوناگیرێت. لە کۆمەڵگاکانی کۆندا، لە بری یاسا ئەخلاق هەبوو. ئەخلاقی کۆمەڵایەتی پێگەیەکی گرنگی هەبوو. لەئێستادا ئەقڵیەتی سیاسی ئەخلاقی کۆمەڵگا سڕاوەتەوە و لە بری ئەوە یاسا دانراوە. ئەوە لە ناو کۆمەڵگادا بووە مایەی جیاکاری و ناحەقی. لەبەرامبەر ئەوەدا و بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد پێویستی دەکرد پەیماننامەی کۆمەڵایەتی دابرێژرێت. هەربۆیەش پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی داڕێژرا.

دەوڵەت لە جەوهەر و هەناوی خۆیدا دوژمنی ژنە، دەبێت ژنان خۆیان بەڕێوەببەن

پەیماننامەی کۆمەڵایەتی هەموو یاساکانی دەوڵەت رەتدەکاتەوە. بۆچی ئێوە لە بری گۆرینی یاساکان، راستەوخۆ رەتیان دەکەنەوە؟

دەوڵەت لە جەوهەر و هەناویدا دژی ژنانە. لە دژی دیموکراسیە. هەندێک دەوڵەت خۆیان وەک دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و یاسا دەناسێنن. چەندەش هەوڵ بدەن رووخساریان بشارنەوە، ناتوانن ئەو راستیە پەردەپۆس بکەن. بۆ نمونە ئێمە لە پەیماننامەی کۆمەڵایەتیدا، وەک جێگرەوە لە بری سیستمی دەوڵەت کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک پێشنیاز دەکەین. ئێمە لە ناو شێوازەکانی بەڕێوەبەرایەتیدا، لە بری بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی و تاکڕەو شێوازی خۆبەڕێوەبەری بەرەوپێش دەبەین. هەموو بەشە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، ژنان و گەنجان دەبێت خۆیان، خۆیان بەڕێوەببەن. پێویستیان بەوە نییە کە کەسێک لە دەرەوە ئەوان بەڕێوەببات. ئەو سیستمەی کە پێمە پێشنیاری دەکەین، سیستمی دەوڵەت رەتدەکاتەوە. بەڵام ئەوەش دەزانین کە دەوڵەت سیستمێکی بەو جۆرە نییە کە بە شەو و رۆژێک لەناو بچێت.

هەربۆیە ئێمە لەناو دەوڵەتدا خەبات و رێکخستنی خۆمان بەرەوپێش دەبەین و رێکخستنی سیستم بەرەوپێشەوە دەبەین و تادێت دەبێت ئێمە دەوڵەت بچوک بکەینەوە و لەناوی ببەین. لەبەر ئەوەی نەریتی ٥ هەزار ساڵەی دەوڵەت بوونی هەیە. ئەستەمە لە یەک دوو رۆژدا لەناوببرێت. لەبەر ئەوەش دەبێت مرۆڤ لەلایەکەوە لەناو دەوڵەتدا کاربکات و سیستمەکە بگۆڕێت. لەلایەکی دیکەوە دەبێت ئێمە سیستمی جێگرەوە بەرەوپێش ببەین و کاتێک دەوڵەت لەناوچوو، سیستمێک لە ئارادابێت. پەیوەست بەوەش خەبات دەکەین. لەبەر ئەوەی ئەمە خەباتێک نییە کە تاکلایەنە بکرێت. ئەگەر من وتۆ بڵێین ئێمە دەوڵەت دەگۆرین و هەندێک ماف بە بنەما دەگرین، دواتر ئەوە رووبەڕووی هەمان ئەو شتانە دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی نمونەی ئەوە زۆرن. دەوڵەت لەبارەی زۆر بابەتەوە ماف دەدات، بەڵام دواتر ئەو مافانە وەردەگرێتەوە. هەربۆیە دەبێت بە دڵنیاییەوە ئێمە سیستمی خۆمان دابمەزرێنین.

پەیماننامەی کۆمەڵایەتی و پەیماننامەی ئیستەنبوڵ

ئێمە بە سێوەیەکی بەرچاو ئەوەمان لە پەیماننامەی ئیستەنبوڵدا بینی. کاتێک دەوڵەت پەیماننامەکانی خۆی فڕێ دەدات و پشتیان تێدەکات ئێوە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، سەبارەت بەوە دەتوانن چی بڵێن؟

پەیماننامەی ئیستەنبوڵ گرنگە بۆ ژنان. بەڵام ئێمە بینیمان هەرکات پێویستیان بێت، لێشی دەکشێنەوە. پەیماننامەی ئیستەنبوڵ بۆ رێگریی لە توندوتیژی سەر ژنان بوو. بۆ ئەوەش ژنان لە پێناو نەهێشتنی ئەو پەیماننامەیە تێدەکۆشن. ئەوە راستە، بەڵام دەبێت تێکۆشان بەردەوام بێت. بەڵام ئەوەی ئێمە باسی دەکەین جیاوازە و شتێکی دیکەیە. ئێمە لە هەموو روویەکەوە باس لە ژیانێکی نوێ و ئازاد دەکەین. پەیماننامەی کۆمەڵایەتی چەند قات لە سەرووی پەیماننامەی ئیستەنبوڵەوەیە. کاتێک پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لە هەموو کایە و بوارەکاندا جێبەجێ کرا چیتر توندوتیژی، بێ مافی و نادادپەروەری لەبەرامبەر ژناندا روونادات.

کۆمەڵگا چۆن بەشداری لەو پەیماننامەیەدا دەکات؟

ئێوە دەڵێن ئەو پەیماننامەیە پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیکە. کەواتە هەر بەشێکی کۆمەڵگا؛ ژنان و گەنجان چۆن بەشداری لەوەدا دەکەن؟

یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠١دا وەک پرۆژەیاسایەک ئامادەمان کرد. دواتر لەوچوارچێوەدا خەبات بەرێوەبرا. پێشنیازەکانی ئەنجومەنەکانی ژنان، روانگە و تێڕوانینی بزوتنەوە جیهانییەکانی ژنان و رای گەنجان و بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا وەرگیران و ئەو پەیماننامەیە ئامادەکرا. . کاتێک یەکەمجار نوسرایەوە بەم جۆرە ئامادەکرا. ئێستا لە رۆژئاوا دەیبینین. لەوێش پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی ئامادە دەکرێت. رای هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا وەردەگیرێت، کۆبوونەوە ساز دەکرێن، بۆ چەندین ساڵ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و لە ئەنجامی ئەوەش هەوڵ دەدرێت بگەنە بریارێک. کاتێک پەیماننامەکە ئامادە کرا دەبێت بە شێوەیەکی دیموکراتیک بێت بۆ ئەوەی هەموو کەس خۆی تیایدا ببینێتەوە.

ژنان بە پێی چ بنەمایەک پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ساز دەکەن؟

ژنان هەر لە کۆنەوە تائێستا پێشەنگی کۆمەڵگای دیموکراتیک بوون. بەم پەیماننامە کۆمەڵایەتیەوە ئێمەی ژنان دەستنیشانی دەکەین کە ئمە دەمانەوێت لە کۆمەڵگایەکی چۆندا بژین. وەڵام پرسیاری "چۆن بژین" دەدرێتەوە. ئێمە بە گوێرەی پاڕادیگمای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژن کە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە ئافرێندراوە، پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی سازدەکەین. دەمانەوێت لەسەر ئەو سێ بناغەیە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی دروست بکەین.

ئێمە پێشتریش باسی ژیانی ئازادمان کردبوو. ئەو بابەتەش یەک لە بابەتە سەرەکییەکانە لە لە پەیماننامەی کۆمەڵایەتیدا جێی کراوەتەوە. ئەگەر ئێمە داهاتوویەکی ئازادمان دەوێت، دەبێت پەیوەندی ئازاد دابڕێژرێت. لەمڕۆکەدا بەر لە هەموو شتێک دەبێت ئەقڵیەت بگۆڕدرێت. بە ئەقڵیەتی دواکەوتوو و نەریتی ئێستا، ژیانی نوێ ناخوڵقێندرێت. کێشەی دیار و بەرچاوی ژنان لەو رووەوە بوونیان هەیە. بەڵام ئەو کێشانە تەنیا هەر هی ژنان نییە، لەهەمان کاتدا ئەو کێشانەن کە پەیوەندییان بە هەموو کۆمەڵگاوە هەیە. بۆ نمونە؛ لە رۆژئاوا رێکخراوەکانی ژنان بوونی هەیە. لەوێ پەیماننامەی کۆمەڵایەتیش کاریگەر دەبێت. کۆمەڵگا پەیوەست بەوەوە پەروەردە دەکرێت و وشیاری بەرز دەکرێتەوە. بۆ وێنە؛ مافی پەروەردەی ژنان، هاوسەرگیری پێکردن لە تەمەنی منداڵیدا، ئازادی ئابووری و هتد. هەندێک ماف کە بە ژنان دراون بوونیان هەیە. ژنان لە رێگەی ئەو پەیماننامە کۆمەڵایەتیەوە لە هەموو کایەکانی ژیاندا، دەبنە خاوەنی ئیرادە. لە کۆمەڵگادا ژن و پیاو دو کۆڵەکەی سەرەکین. بەڵام لە دۆخی هەنوکەییدا، ژن بە نەبوو دادەنرێت. سیستمی تاکەکەس، واتە هی پیاو بە بنەما دەگرێت. ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەو سیستمە یەک کەسیە بگۆرین و ژیانی هاوبەش بخوڵقێنین.

چۆن دەستەبەر دەبێت؟

ئابوری، تەندروستی و هتد، لەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەدا چۆن لە هەموو روویەکەوە دەستەبەر و جێبەجێ دەکرێت؟

لەمرۆماندا مرۆڤ دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو نمونەی ئەوە لە رۆژئاوا ببینێت. ئەوان لە رووی تەندروستی، ئابوری، پەروەردە و بوارەکانی دیکەوە وردە وردە بەئەنجامیان گەیاند. بۆ ئەوەی پێودانگەکانی نەتەوەی دیموکراتیک گیانیان بەبەردا بکرێت، دەبێت ژنان پێشەنگایەتی بکەن. هەموو لایەنەکانی راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە. دەبێت ژنان سەرەتا لە ناوەندەکانی خۆیاندا گیانیان بە بەردا بکەن و بەرەوپێشیان ببەن بۆ ئەوەی لە هەموو کایەکانی دیکەدا پێکبێن. ژن لە کەسایەتی خۆیدا گەوهەر و پێکهاتەیەکی دیموکراتیکی هەیە. لەبەر ئەوە لە پێشەنگایەتی دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگادا رووبەڕووی هیچ دژوارییەک نابێت. بێگومان، وەک هەموو خەباتێک، لێرەشدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دوورنما و پێرسپێکتیڤی دروستی دیاریکراو پەیڕەو بکرێت، بە دڵنیاییەوە دەگاتە ئەنجام. بۆ ئەوەی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی بگاتە ئەنجام، بەر لە هەموو شتێک دەبێت ژنان لە تێکۆشانی گۆرینی ئەقڵیەتی کۆمەڵایەتیدا پێشەنگایەتی بکەن و بە شێوەیەکی کارا بەشدار بن. بەتایبەتیش دەبێت کەرتی پەروەردە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەببرێت. پەروەردە لایەنێکی زۆر گرنگە. پەروەردەی کۆمەڵایەتی رێگە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. لە رێگەی پەروەردەی ژنانەوە بونیادنانی کۆمەڵگا ئاسانترە.

 

لەمرۆدا لایەنێکی دیکەی گرنگ بۆ ژنان ئابوورییە. ئابوری کە لە رێگەی کۆلۆنیالیزمەوە لە دەست ژنان دەرهێندرا، دەبێت بگەرێتەوە بۆ گەوهەری خۆی. ئەمرۆ ئابوری بە پیاوانەوە دەناسرێت. راست تێگەیشتن و بەرەپێشبردنی ئابوری کە وەک سەرمایە پێناسە دەکرێت، بەدەستوەردانی ژن لەو بوارەدا دەستەبەر دەبێت. پیاو بە گوێرەی سیستمی سەرمایەداری پڕۆژەکان بەرەوپێش دەبات. ئەوە بە هەموو جۆرێک زیان بە ژینگە و کۆمەڵگا دەگەیەنێت. بەڵام ئەو ئابوریەی ژن بەرەوپێشی دەبات کۆمیناڵ و ئیکۆلۆژیک لە سەر بنەمای بەرژەوەندی کۆمەڵگا دەبێت. ئەو ئابورییەی کە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، ئابوریەکی کۆمەڵایەتی نییە، تەنیا چەرخی سیستمی سەرمایەداری دەسوڕێنێت. ئەو ئابوریەی ژن بەرەوپێشی دەبات، دەبێت ئابوری پێداویستیبێت. بە وتەیەکی دیکە، دەبێت نەک زیادەڕۆیانە بەڵکوو بە گوێرەی دیاریکردنی پێداویستییەکان ئابوورییەکی بەکەڵهاتوو بەرەوپێش ببات.

ئایا رۆژئاوا بۆ بەرەوپێشبردنی هەموو ئەو پێودانگانە مۆدێلێکی دڵخوازە؟

بەڵێ، خۆی بەم جۆرەیە. رۆژئاوا لەم رووەوە نمونەیەکی زۆر گرنگ و دڵخوازە. ئەو سیستمەی لە رۆژئاوا بەرەوپێشبراوە لە زۆر رووەوە دەبێتە نمونە. پێگەیەکی گرنگ بە ژنان دراوە. بۆ نمونە لە بواری تەندروستی، پەروەردە، بەرگریی و ئابوریدا ئەرکی گرنگ بە ژنان بەخشراوە. ئەو گۆڕانکارییەی بە بەشداری ژنان لەئارادایە، کاریگەری دەکاتە سەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا. بەرجستەترین نمونە و جوانترین بۆ ئەوە رۆژئاوایە.

'خۆپاراستن گرنگیەکی ژیانیی هەیە'

پەیماننامەی کۆمەڵایەتی چۆن دەتوانرێت بەرەوپێش ببرێت و بەردەوام بێت؟ لەم رووەوە گرنگی خۆپاراستن لە چیدایە؟

لەبەر ئەوەی ئێمە لە دەرەوەی دەوڵەت دەژین بەدڵنیاییەوە بەردەوام هێرش دەکرێتە سەرمان. دەوڵەت دەڵێت 'بە گوێرەی من بژی، من دەستوەردان لە کاروباری تۆ ناکەم'. بەڵام ئێمە لە دژی ئەو سیستمەی دەوڵەت لە ناو سەرهەڵدان و راپەڕینداین. هەربۆیە دەوڵەت ئێمە بۆ سەر سیستمی خۆی بە مەترسی دادەنێت. لەبەر ئەو هۆکارەش بەردەوام بە کۆنسێپتی هێرش و سرینەوە دەجوڵێتەوە. ئەوەی دەبێت بکرێت ئەوەیە کە مرۆڤ بزانێت ئەو سیستمەی کە دەیەوێت بە شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەر دایبمەزرێنێت، چۆن بیپارێزێت. ئەوە بەتایبەتی پەیوەندی بە ئێمەی ژنانەوە هەیە. لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا هێرشەکە بۆ سەر ژنانە. ئەو سیستمەی دامەزراوە و ویستراوە بەرەوپێش ببرێت، سیستمی ئازادی ژنە. سیستمی پیاو-دەوڵەتیش وەک ئامانج بۆ خۆی دەستنیشانی کردووە و هێرشی دەکاتە سەر. بۆ ئەوەش دەبێت ژنان لە مێژوو بڕوانن و ئەزمونی لێوەربگرن. لەبەر ئەوەی ئەگەر ژنان نەتوانن خۆیان بپارێزن، دەبنە کۆیلەی پیاو، دەوڵەت و سیستم. هەر لە مێژووەوە تا رۆژی ئەمڕۆمان دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بووە. لە رۆژئاوا دامەزراندنی یەپەژە نەک هەر لە سەر بنەمای پاراستنی وڵاتی خۆیان بە ئەقڵیەتی وڵاتپارێزی بوو. ئەو سیستمەی کە دەیویست دایبمەزرێنێت، بۆ پاراستنی هەموو بەهاکانی خۆی بوو. راستترین شت ئەوەیە. کاتێک لە شۆرشەکانی جیهان ورددەبینەوە، دەبینین کە دوای شۆڕش جارێکی دیکە ژن لە ماڵ توندکراون. ئێمە وەک ژنانی کورد دەتوانین بڵێین کە ئێمە لەو راستیە مێژوییانە وانەی گەورە فێربووین.

ئەگەر ژنان ببنە خاوەنی یەکێتی و رێکختنبوون، دەتوانن ببنە خاوەنی ئەو هێز و هەڵسوکەوتەی کە دەتوانن لە دژی هەموو شێوازێکی هێرش بوەستنەوە. بەرپەرچی ئەو هەڵانە دەداتەوە کە روودەدەن و بوونیان هەیە. خۆی و کۆمەڵگای خۆی دەپارێزێت. بۆ ئەوەش پێودانگی خۆپاراستن بۆ ژنان خاوەنی گرنگی ژیانییە.

هـ . ب