ژنانی گەنج لەئامادەکاریدان بۆ گردبوونەوەی ٢٨ی ئاداری کۆبانێ

بەمەبەستی پشتیوانی لە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە چەند مانگە بەردەوامە، سبەینێ لە کۆبانێ گردبوونەوەیەکی جەماوەری بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنج ئەنجام دەدرێت.

ژنانی گەنجی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سبەینێ بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی ئازادی بگەیەنەرە سەرکەوتن" گردبوونەوەیەکی جەماوەری ساز دەکەن. ئامانجی ئەو چالاکییە پاڵپشتییە لە سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی دەستیپێکردووە و هێشتاش بەردەوامە. گردبوونەوەکە کە چەندین چالاکی هونەری لە خۆدەگرێت لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ لە کۆبانێ دەستپێدەکات و تا کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بەو بابەتە وتەبێژی یەکێتی ژنانی گەنجی هەرێمی فرات فریاڵ تەمی قسەی کرد. تەمی باسی لەوەکرد کە ئەو کەمپینەی کۆمەڵەی ژنانی گەنج دەستیپکردبوو بە تەواوی هەرێمی باکور-رۆژهەڵاتی سوریادا بڵاوبووەتەوە و وتی: " بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئازادی بگەیەنەرە سەرکەوتن" گردبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە کۆبانێ سازدەکرێت. ئەو هێزەی ئەمرۆ ئەو دروشمە بەڕێوە دەبات و خاوەنداری لێدەکات ژنانی گەنجن".

ژنان بە بەرخودان ئازادی خۆیان بەدەستدەهێنن

تەمی باسی لەوەکرد لە دژی دەسەڵاتداری و هێرشەکانی دوژمن بەهێزترین وەڵامەکان لە لایەن ژنانەوە دەدرێنەوە و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئەو ژنانەی دەکوژرێن و رووبەڕووی ستەمی دەسەڵات دەبنەوە، بە گیانی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'  بەهێزترین وەڵام دەدەنەوە و سیستمی دەسەڵاتداری لەناو دەبەن. ژنان بە بەرخودان و خۆڕاگری ئازادی خۆیان بەدەست دەهێنن. کاتێک ژن ئااد بێت، تەواوی کۆمەڵگا ئازاد دەبێت".

سڵاو لە سەرهەڵدانەکە دەکرێت

فریاڵ تەمی سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەو سەرهەڵدانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و باسی لەوەکرد کە لە دژی دەسەڵاتداری منداڵ، گەنج، ژن و پیر بە گیانی 'ژن،ژیان، ئازادی' رژاونەتە گۆڕەپانەکان و داوای ئازادی خۆیان دەکەن. تەمی لە کۆتاییدا ئەمەی وت، "ئامانجی چالاکییەکەمان کە سبەینێ ئەنجامی دەدەین، دەربرینی پشتیوانییە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی. ئێمە بە چالاکییەکەمان سڵاو لەو بەرخودان و سەرهەڵدانە دەکەین کە بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنج لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بەردەوامە. گردبوونەوەکە چالاکی هونەری لەخۆی دەگرێت. هەروەها لە چالاکییەکەدا سڵاو لە بەرخودانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر، دەکرێت".

هـ . ب