میراتی کوردەواری؛ پێڵاوی رەشک

"رەشک" یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی کولتور و نەریتى دێرینی کورد و لە کارگە بچووکەکەى مەجید ئەمەن لە وان دروست دەکرێت. ئەمەن وتی، دەیەوێت ئەو کولتور و نەریتە بگوێزێتەوە بۆ نەوەی نوێ.

پێڵاوی "رەشک" لە کولتوری کورددا پێگەیەکى گرنگی هەیە. جگە لە تورکیا لە دەرەوەى وڵاتیش دەفرۆشرێت. پێڵاوی "رەشک" لە کولتور و نەریتێکى کۆنەوە ماوەتەوە و تەنها لە وان و لە یەک شوێندا دروست دەکرێت. موی بزن و بەن بۆ دروستکردنی پێڵاوی رەشک بەکار دەهێنرێت و تەنها لە گوندەکانى ناوچەى بازید و ئیدر دا دەست دەکەون.

وەستای پێڵاوی رەشک مەجید ئەمەن ماوەى ١٥ رۆژ کار لەسەر پێڵاوەکان دەکات و دواتر پێڵاوی رەشک دروست دەکات. مەجید ئەمەن لە کارگەکەى هەم پێڵاو دروست دەکات و هەم چاکیان دەکاتەوە.

مەجید ئەمەن ماوەى ٣٢ ساڵە لە کارگە بچووکەکەیدا کاری دروستکردنی پێڵاوی رەشک دەکات و بڕیاریداوە و پێداگرە لەسەر ئەوەى کولتوری پێڵاوی رەشک لەناو نەچێت.

لەبارەى دروستکردنی پێلاوی رەشکەوە مەجید ئەمەن وتی "ئێمە پێڵاوی رەشک بە تەواوی بە دەست دروست دەکەین. لەبەر ئەوەش بە ژمارە کەمیان لێدروست دەکرێت. پێڵاوی رەشک لە بەربوومە سروشتییەکان دروست دەکرێت و بۆ تەندروستیش سوودی هەیە. ئێمە دەمانەوێت پێڵاوی رەشک زۆر زیاتر لەوەى هەیە دروست بکەین".

"درێژە بەم کولتورە دەدەین"

ئەمەن رایگەیاند، ماوەى ٣٢ ساڵە کاری دروستکردنی پێڵاو دەکات و راشیگەیاند "ئێمە لەم هەرێمەدا پێڵاوی رەشک دروست دەکەین، پێشتریش باو و باپیرانمان ئەم کارەیان کردووە. ئەوە میراتێکى کولتوری و کەلەپوریی ئێمەیە و لە وان و تورکیا و دەرەوەى وڵات دەفرۆشرێت. ئێستا کارەکەمان قورسە، وەک هەموو کەرەتەکان ئێستا کارەکانمان بە قورسی و دژواری بەرەوپێش دەچێت. قەیرانی هەموو کەرەتەکان کاریگەریى لەسەر ئێمەش دروستکردوە. هاووڵاتییانمان بۆ بەردەوامیدان بەم کولتورەیان پێڵاوی رەشک بە گرنگ و بە نرخ دەزانن، بۆیە پشتیوانیمان لێدەکەن بۆ دروستکردنی. ئێمە هاوکات کولتوری خۆمان دەپارێزین. من ئێستاش ئەو بڕیارەى خۆم دووبارە دەکەمەوە، کە ئەویش بەردەوامیدان و دروستکردنی پێڵاوی رەشک و پاراستن و گواستنەوەیەتى بۆ نەوەى نوێ".

ژ.ت