دەنگی ژنانی کورد کولتور و هونەرى گۆرانی و دەنگبێژی خۆشتر دەکات

گۆرانیبێژان و دەنگبێژانی ژن لە کۆمەڵگەى کوردیدا خاوەنی پێگەیەکى گرنگ و تایبەتن. دەنگی ژنانی کورد کولتور و هونەری دەنگبێژی زیاتر خۆش دەکات. یەکێک لەو گۆرانیبێژانە، یان دەنگبێژانە مزگین تورانی گەنجە و مرۆڤ دەتوانێت بیپاڵێوێت بۆ کلامبێژی (حەیرانبێژی).

دەنگبێژان و گۆرانیبێژان هەموو کات مێژوو و ئەدەب و وێژەى کوردییان بە زیندوویى لەسەر پێ راگرتووە و ئەوەش بە درێژایی مێژوو تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامیی هەیە. دەنگی ژنانی کوردیش وێژەی زارەکی زیاتر خۆش دەکات. ژنانی گۆرانیبێژ لە کۆمەڵگەی کورددا خاوەن جێگە و پێگەیەکى تایبەت و گرنگن. یەکێک لەو گۆرانیبێژ و دەنگبێژانە مزگین توران-ی گەنجە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، هەڵبژاردەى دەنگبێژی و گۆرانیبێژییە.

گۆرانیبێژانى ژن کاریگەرییان لەسەر دروستکردووە

گۆرانیبێژی گەنج مزگین توران ماوەى ٩ ساڵە کاری هونەری دەکات. توران لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە لە ئەکادیمیای موزیکی ئارام تیگران سەر بە شارەوانیى گەورە شاری ئامەد، کە ئێستا لەلایەن قەیومەوە دەستی بەسەردا گیراوە، دەستی بە کاری موزیک کردووە.

 توران لە تیپی منداڵاندا بوو و لە ئەکادیمیاکەدا بە ماندوبوونی زۆری مامۆستایانى پێشووی روو لە گۆرانبێژی و کلامبێژی دەکات و خۆی فێری گۆرانیبێژی و حەیران چڕین دەکات. دواى ئەوەى ئەکادیمیای ئارام تیگران لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە داخرا، ئەکادیمیای ئێم ئەی موزیک (MA Muzîk) کرایەوە و توران لەوێ درێژەى بە کارە هونەرییەکانی دا و ئێستا لە ناوەندی کولتوریی دیجلە و فورات دا کاری هونەری بەڕێوەدەبات.

  توران دەڵێت، هەرچەند هونەرمەندی لە ئەکادیمیای موزیکەوە فێربووە، بەڵام ئەوەی کاریگەریی گەورەی لەسەری دروستکردووە، گۆرانیبێژانی ژنی وەک ئایشە شان و فاتمە عیسا بوون.

لەگەڵ تیپی منداڵاندا دەستی بە کاروانەکەى کرد

دەنگ و قورگی توران بۆ گۆرانیبێژی زۆر بەهێزە و بە تایبەت کاتێک کلام (حەیران)ی "دۆڵی ئاشوت" دەچڕێ، مرۆڤ بەرەو قوڵایی دۆڵی ئاشوت دەبات و لەوێشەوە مرۆڤ دەباتەوە بۆ چیای سیپان لە تەنیشت گۆلی وان.

مزگین توران لەبارەی کارە هونەرییەکانییەوە بۆ ئاژانسەکەمان و دوا و سەرەتا حەیرانێکى بۆ چڕیین. دایک و باوک و باپیری توران خەڵکی مێردینن، بەڵام بۆ خۆی لە ئامەد لە دایکبووە.

 توران وتی، ماوەی ٩ ساڵە بە کاری موزیکی کوردییەوە سەرقاڵە و وتیشی "موزیک بۆ من زۆر گرنگ و مانادارە. موزیک بۆ ژنان ئامێرێکى سەرەکیی تێکۆشانە، کە بتوانن خۆیانى پێدەرببڕن. ژنان هەست، رامان، بیردۆزیی خۆیان بە موزیک راڤە دەکەن. بۆ ئەوەشە حەیران و گۆرانی بەختەوەریم پێدەبەخشن. من لە تیپی منداڵان لە ئەکادیمیای ئارام تیگرانەوە دەستم بەکار و راهێنانى موزیک کرد. لە ئەکادیمیاکەدا مامۆستاکان دەنگ و قوڕگی منیان بۆ دەنگبێژی لاپەسەند بوو و بۆ ئەوەى من بتوانم حەیران بچڕم، رەنجێکى زۆر و بێ هاوتایان بۆ کێشام".

مێژوو و وێژەی کوردی

توران دەڵێت، موزیک لەسەر هەستە چڕەکانی قوڵایی دڵێ مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێت و دروست دەبێت و بە شێوەى حەیران ئەو هەستە قوڵ و چڕە دەردەبڕێت.

توران دەشڵێت، دەبێت گۆرانیبێژ و ئەو کەسانەى حەزیان لە موزیکە بتواننن هونەرەکەیان وەڵامدەری کۆمەڵگە بێت وتی "من لە ئەکادیمیا فێری بناغەى موزیکی کوردی بووم. من لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە حەیران و گۆرانیی گۆرانیبێژان دەکرد. هەموو کاتێک ئەو خەونەم هەبووە، کە رۆژێک حەیران بچڕم. بە هۆی رەنجی مامۆستاکانمەوە ئەو خەونەم بەدیهات. کانیی کولتور و هونەری کوردان گۆرانیبێژییە. لە گۆرانیدا هەموو لایەنەکانى کۆمەڵگە خۆیان دەبیننەوە. کوردان کولتوری خۆیان بە گۆرانی وتن خستووەتەڕوو. گۆرانیبێژانی کورد مێژوو و وێژەیان وتوەتەوە و مێژووییان بە زیندوویى راگرتووە".

تێکۆشانی ژنانی گۆرانیبێژ و دەنگبێژ

توران باسی ئەوەیکرد، ژنانی کورد لە گۆرانی وتن و موزیکی کوردیدا زۆر ناڕەحەتى و زەحمەتییان کێشاوە و وتی "لە کۆنەوە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان ژنانی گۆرانبیبێژ و دەنگبێژی وەک ئایشە شان، فاتمە عیسا، مریەم خان ناڕەحەتى و زەحمەتیی زۆریان کێشاوە. من هەموو کات ئەو ژنە هونەرمەند و تێکۆشەرانە بۆ خۆم دەکەمە نمونە. ئەگەر ئەو ژنە خۆڕاگرانە ئەو ناڕەحەتى و سەختییانەیان تێنەپەڕاندایە ئەوا رێگای ئێمە کراوە نەدەبوو. راستە ئەمڕۆ ئێمەش ناتوانین ئازادانە هونەرەکەمان بخەینەڕوو. لە راستیدا ژنانی دەنگبێژی کورد، موزیکی کوردی بۆ ژنانیان گەیاندە ئاستێکى ئازاد و هەموو بەربەستەکانیان لەسەر رێگامان لابردووە. ئێمەش وەک شاگردانى ئەوان لە سەر رێگاکەیان درێژە بە تێکۆشانی مۆزیکی خۆمان دەدەین. دەبێت هەموو ژنان خاوەنداری لە هونەر لەسەر بنەمای ئەو راستییە بکەن و خاوەنداری لە نەریت و کولتوری دێرینی خۆیان بکەن".

ژ.ت