یادی ٢٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی نەچەمە پیرۆز کرا

یادی ٢٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا (نەچەمە) لە شوێنە نوێکەیدا پیرۆز کرا. لە پیرۆزباییەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە سەرباری هەموو گوشار و توندوتیژییەکان لە دژیان، بەڵام بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانیان.

یادی ٢٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا (نەچەمە - NÇM) لە بینای نوێیان لە ناوچەى تەقیسمی ئیستەنبول پیرۆز کرا. وەقفی لێکۆڵینەوەى هونەر، رۆشنبیری، ستاتیک (جوانیناسی)، پەروەردە و زانست (بێکساڤ - BEKSAV)، ناوەندی رۆشنبیری و هونەریی سیبەر، ئیدیل ئۆگیورلو هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (HDK)، ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی پشتیوانى لە بنەماڵەى زیندانیان و سزادراوان لە هەرێمی مەڕمەڕە (MATUHAY-DER)، کۆمەڵەى لێکۆڵینەوەى کورد، کۆمەڵەی عەلەویانی دیموکرات (داد - DAD) و چەندین کەسی تر بەشداری چالاکیی پیرۆزکردنی ساڵیادی دامەزراندنی نەچەمە بوون.

لە پیرۆزباییەکەدا گەنم ئیلدان هونەرمەندی نەچەمە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، لە ماوەى ٢٩ ساڵی کارکردنیاندا هەموو جۆرە توندوتیژی و هێرشێکیان بەرامبەرمان ئەنجامدراوە. ئەو بینایە، کە ماوەى ١٨ ساڵ بوو بەکارمان دەهێنا دەستیان بەسەرداگرت، بەڵام سەرباری ئەوەش بینایەکی نوێمان دروستکردووە بۆ ئەوەى بتوانین بەردەوامی بە کار و چالاکییەکانمان بدەین.

شەفیق بەیاز دامەزرێنەری ئەنستیتۆی کورد لە ئیستەنبول ٢٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی نەچەمەی پیرۆز کرد و سەرکەوتنی لە کار و خەباتەکەیاندا بۆ خواستن.

ئیدیل ئوگیورلو هاووتەبێژی هەدەکە رایگەیاند: "نەچەمە بە نوێکردنەوەى خۆی بەردەوامبوو لە تێکۆشان و بەو هۆیەشەوە خۆی بە ئەمڕۆ گەیاندووە. سەرباری هەموو سیاسەتەکانی تواندنەوە و سڕینەوە لە دژی رۆشنبیری و هونەری گەلی کورد، نەچەمە کار بۆ زیندوراگرتنی رۆشبنیری و هونەری کورد دەکات، بۆیە من بە رێز و حورمەتەوە سڵاویان لێدەکەم". 

ئەرداڵ ئاڤجیی هەدەپەیی هەڵوێستی لە دژی دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی بینای نەچەمە لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپەوە خستەڕوو و رایگەیاند: "نەچەمە بۆ خستنەڕوو و گێڕانەوە و گەیاندنی رۆشنبیری و هونەر و کەلەپوری چەند هەزار ساڵەی گەلێک تێدکۆشێت، بۆیە دەڵێم، رێگایان روون و بەردەوام و کراوە بێت".

ئەیوب سوباشی هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەى کورد-یش وتی: "پێویستە ئێمە رێکخراوەکان و خەباتی خۆمان زیاتر بەهێزتر بکەین. نەچەمە لەوەشدا مێژوو و هێزی هەیە و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".

بەدیعە گۆکگۆز ئەندامی دەستپێشخەریی دایکانی ئاشتی لە ئیستەنبول رایگەیاند، نەچەمە هەستی دایکان و گەل دەهێنێتە زمان و وتی: "نەچەمە خەون و تامەزرۆیی، ژان و چارەنووسێک، کە ئێمە ناتوانین بیانهێنینە سەر زمان، ئەوان بە هونەر دەیانهێننە سەر زمان".

ژ.ت