بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان خولێکی شێوەکاری لە کەرکوک بەڕێوەچوو

گروپی هۆشیاری گەنجان لە شاری کەرکوک بۆ پەرەپێدانی توانای کچان و کوڕانی ئەو شارە، خولێکی ١٠رۆژییان بۆ وێنەکێشان و شێوەکاری کردووەتەوە.

ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک، گروپی هۆشیاری لە بەردەوامی چالاکییەکانیدا بۆ پەروەردەکردنی کچان و کوڕان لە بواری وێنەکێشان و شێوەکاریدا خولێکی بۆ گەنجانی شارەکە کردەوە، کە نزیکەی٢٠ کەس بەشدار بوون لە هەردوو رەگەز و تەمەنی جیاواز.

گروپی هۆشیاری گەنجان وەکو خۆیان دەڵێن "بە کردنەوەی ئەمجۆرە خولانە هەوڵدەدەین ئاستی هونەری و رۆشنبیری گەنجانی شارەکە پێشبخەین".

چالاک لەتیف کە دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە لە کەرکوک لەهەمان کاتدا مامۆستای ئەم خولەیە، سەبارەت بەم خولی وێنەکێشان و شێوەکارییە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو گروپی هۆشیاریی گەنجان کە لە کۆمەلێک کچان و کوڕانی خۆبەخشی شاری کەرکوک پێکهاتووین، هەستاوین بە کردنەوەی ئە م خولە لەژێر ناونیشانی (ئارت-ناو)، لەم خولەدا هەوڵدەدەین بنەما سەرەتاییەکانی وێنەکێشان و شێوەکاری فێری بەشداربووانی خولەکە بکەین."

هەروەها چالاک لەتیف ڕاشگەیاند: "ئەم خولە ماوەی ١٠ رۆژ دەخایەنێت و خولەکەش بێبەرامبەرە، جێگای خۆشحاڵییە کە ژمارەیەکی زۆر لە کچانی شارەکە بەشداربوونە بۆ پەرەپێدانی توانا هونەرییەکانیان لە بوارەکانی وێنەکێشان و شێوەکاریدا."

لە کۆتایدا سەبارەت بە ئامانجی ئەم خولە، چالاک لەتیف ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی لە شاری کەرکوک ژمارەیەکی زۆر گەنجی بەهرەمەند هەن، بەڵام ئاستی هونەری شێوەکاری لە شارەکە لاوازە، ئامانجی ئێمەش لە کردنەوەی ئەم جورە خولانە هاندانی گەنجانە بۆ زیاتر پەرەپێدانی بەهرەی هونەریی گەنجانی شارەکە، بەهۆی نەرێتی کۆمەڵایەتی هەندێک بنەماڵە رێگەیان نەداوە منداڵەکانیان بچنە پەیمانگای هونەرە جوانەکانەوە بۆ پێشخستنی توانا هونەرییەکانیان، ئێمەش لێرەوە دەرفەتێکمان رەخساندووە بۆ ئەو بەشداربووانە کە لەماوەیەکی کەمدا بتوانن خۆیان پێشبخەن لە بواری هونەری شێوەکاری و لەکۆتایدا ئەم بەشداربوونە بتوانن ببنە خاوەن پێشەنگای خۆیان."

ژ.ت