فەرەنسا بۆ تورکیا: بڕیاری خۆت بدە

کاترین کۆلۆنای وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەبارەی رێگریکردنی تورکیا لە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ وتی، تورکیا دەبێت بڕیاری خۆی بدات و خۆی سەر پشک بکات.

کاترین کۆلۆنا بە ڕۆژنامەی دو دیمانچیی ڕایگەیاند: "تورکیا بەرپرسیاریەتیی هەیە و دەبێت خۆی هەڵبژێرێت".

کۆلۆنا پرسیاری کرد: "ئایا دەیەوێت هاوپەیمانییەکە بەهێز بکات، یان لە دژی دەبێت؟" و ڕایگەیاند، لەبەر ئەو بارودۆخە دەبێت مرۆڤ پرسیار لە جموڵ و رەفتارەکانی تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ بکات.

کۆلۆنا وتیشی: "وەستانەوە لە دژی چوونە ناو ناتۆ بۆ سوید و فینلاند، وەک ئەندامێکی ناتۆ وادەکات، مرۆڤ لە کارەکانی تورکیا شک بکات و بکەوێتە ناو گومانەوە".

کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا ئەندامێکی گرنگی ناتۆیە و وتیشی: "فینلاند و سوید هەڵبژاردنێکی مێژووییان ئەنجامدا. هاتنیان بۆ ناو ناتۆ لەبەرژەوەندیی ئاسایشی ئەوروپادایە. لە دیدارەکانیاندا لەگەڵ تورکیا لە هەوڵدان".

هیچ ئەنجامێک لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژی دووشەممەی نێوان تورکیا و سوید و فینلاند لە برۆکسل بەدەست نەهات. بەهۆی هەڵوێستی تورکیاوە، بۆ ئەندامێتیی خێرای هەردوو وڵات ناتۆ ناچار بوو پێش کۆبوونەوەی ٢٨ی حوزەیران لە مەدرید، کۆبوونەوەیەکی تر لە بروکسل ئەنجام بدات بۆ وەرگرتنیان.

دەوڵەتی تورک دوژمنایەتیی کورد دەکات و ئەوەشی کردووەتە هۆکار بۆ رێگریکردن لە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆدا و دەیەوێت مەرجەکانی بۆ دژایەتیکردنی کورد بەسەریاندا بسەپێنێت.

بەگوێرەی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، ئیمانوئێل ماکرۆن بەهۆی کۆبوونەوەکەى ناتۆوە داوای لە تورکیا دەکات، کە هەڵوێستی خۆی  لە ژێر چەتری ناتۆدا ئاشکرا و ڕوون بکاتەوە.

ژ.ت