فیلمی بۆ ئازادیی لە ڕیزبەندیی پێنجەمی ئاسیا دایە

“Asian Movie Pulse” ٢٠ فیلمی سەرکەوتووی ڕۆژئاوای ئاسیای بۆ ساڵی ٢٠٢٠ هەڵبژارد، فیلمی “بۆ ئازادیی” کە لەسەر بەرخۆدانی ١٠٠ ڕۆژەی ‘سوور’ی ئامەدە، لەناو ئەو فیلمانەدا، ڕیزبەندی پێنجەمی بەدەستهێناوە.

فیلمی “بۆ ئازادی” کە لەسەر بەرخۆدانی ١٠٠ ڕۆژەی ‘سوور’ی ئامەدە و ساڵی ٢٠١٩ لە شاری بەرخۆدێری کۆبانێ تۆمار کراوە و لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە دەست بە نمایشکردنی کراوە، لە ئاستی جیهاندا پێشوازییەکی گەرمی لێدەکرێت، سەرەڕای قەدەغەکان بەهۆی کۆرۆناوە، ئەم فیلمە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها ژاپۆن، هندستان، کوریای باکور و کوردستان نمایش کرا.

ئەم فیلمە لە فستیواڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم وەک؛ کۆلکاتا، ڕۆتردام، ڕۆژئاوا، لیلون و … بەشداریی کردووە، دەرەوەی فستیڤاڵەکان لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و لە کامپی مەخمور، نمایش کرا و بڕیاربوو لە سلیمانیش نمایش بکرێت بەڵام هێزەکانی ئاسایش لەسەر داوای دەوڵەتی تورک ڕێگرییان کرد لە سینەما سالم نمایش بکرێت، بەڵام لە زانکۆی سلێمانی بۆ خوێندکاران نمایش کرا.

ئەرسین چەلیک دەرهێنەری فیلمی “بۆ ئازادی” بە ئاماژەدان بەوەی کە فیلمەکە پێشوازییەکی باشی لێکراوە و لە هەندێک شوێن بەهۆی داخوازی بینەرانەوە، سێ جار نمایش کراوە، ڕایگەیاند: فیلمەکە تا ئێستا خەڵاتی ” Palmiye Vollance” و ” Katalan”ی وەرگرتووە و ئێستاش ڕیزبەندی پێنجەمی فستیڤاڵی “Asian Movie Pulse”ـی بەدەستهێناوە.

زمانی سەرەکی فیلمەکە کوردییە (شێوەزاری کرمانجی) و ژێرنووسی ‘سۆرانی’یشی بۆ کراوە، تا ئێستا بە ژاپۆنی، ئیسپانیۆڵی و پۆرتۆگاڵی’یش دۆبڵاژ کراوە، هەروەها فیلمەکە وەرگێراوەتەوە سەر زمانەکانی؛ ئەڵمانی، فەرەنسی، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی، کاتاڵانی، ئیتاڵیایی و کوری.

ئەرسین چەلیک لەسەر ئەو تایبەتماندییانەی فیلمەکەی کە سەرنجی بینەرانی ڕادەکێشێت دەڵێت: فیلمەکە لە ڕووداو و کاراکتەری ڕاستەقینە پێکهاتووە، ئەکتەرەکان پێشتر ئەزمونی نواندنیان نەبووە، بەڵام بەشداربوون لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش لە ڕۆژئا و دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باکور، بۆ نمونە دوو لە ئەکتەرەکان (کۆرسان شەڕڤان و حەقی ئامەد)ـن کە لە گەمارۆکەی سووری ئامەد ڕزگاریان بووە، کە سەرنجی بینەران ڕادەکێشێت، هەروەها شوێنێ تۆمارکردنەکەش سەرنجڕاکێشە، تەنانەت زۆرجار بینەران دەپرسن کە ئایا ئەمە بەڵگە فیلمە؟.

چەلیک هەروەها ئاماژە بەوەدەدات کە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشنایە، بەڵام بەرخۆدانی باکوری کوردستان زۆر باسی لێوەناکرێت و دەڵێت: جیهان چاوی خۆی داخست لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەی لە باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرا، ئێمەش ویستمان ئەوەی نابینرێت، پیشانی هەمووانی بدەین، ٩٠٪ی بینەرانی بیانی هیچ ئاگایان لەم بەرخۆدانە نەبوو، ئەم فیلمە وایکرد تا هەمووان ئەو کۆمەڵکوژییەی لە باکوری کوردستان کرا ببینن، ئەم فیلمە، فیلمێکی ڕاستەقینەی کوردییە، پێچەوانەی ئەو فیلمانەی لەسەر ئێران، تورکیا و سوریا بۆ کوردەکان لە پارچەکانی کوردستان نمایش دەکرێت.

ئەرسین چەلیک لەسەر ڕێگرتن لە نمایشی فیلمەکە لە باشوری کوردستان وتی: هەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو، ژێرنووسی سۆرانی بۆ فیلمەکە کرابوو، ڕێکڵامی بۆ کرابوو، بەڵام بە فشاری دەوڵەتی تورک لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگری لە نمایشی فیلمەکە کرا، دەمانویست لە هەولێر و دهۆکیش نمایشی بکەین بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە نەمانتوانی، هەرچەند هەوڵدانمان لەو بوارەدا بەردەوامە.

چەلیک ڕوو لە هونەرمەندانی باشوری کوردستان وتی: قەدەغەکاری هەندێکجار بە بەرهەمە هونەرییەکان دەستپێدەکات، دوای ئەوە بۆ هەموو ئاستەکانی ژیان قەدەغەکاری دەکرێت، وەک کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا داوا لە هونەرمەندانی باشوری کوردستان دەکەین، خاوەنداری لە هونەری ئازاد بکەن و دژی ئاستتەنگییەکانی بەردەم هونەر تێبکۆشن.

ئەرسین هەروەها لەسەر بەرنامەکانی بۆ داهاتوو وتی: ئێستا لەسەر چیرۆکێک کار دەکەم کە ئەوەش لەسەر خۆبەڕێوبەریی باکوری کوردستانە، هاورێم شێرۆ هندێ-ش لەسەر دەنگبێژی بەڵگە فیلمێک ئامادە دەکات، کە لەوانەیە بەم زووانە کارەکانی تەواو بێت، بە گشتی کار و خەباتمان بەردەوام دەکات.

بۆ ڕیزبەندی پێنجەمی فیلمی ڕۆژئاوای ئاسیای بەدەستهێنا؟

ژووری هەڵبژاردنی فیلمی ئاسیا، هۆکاری هەڵبژاردنی فیلمی “بۆ ئازادی” دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی؛ فیلمەکە باسی بەرخۆدانی کوردەکان بەرامبەر دڕندەیی دەوڵەتی تورک دەکات و وەک فیلمێکی جەنگیی سەرکەوتوو کە خاوەن تایبەتمەندیی زانستیانەی دیکۆمێنتارییە وەسفیکردووە، هەروەها ڕایگەیاندووە: کورد بە ساڵانە لەژێر زۆڵمی تورکەکان دایە، لەم ساڵانەی دواییشدا لەگەڵ تێکۆشان بەرامبەر سوپای تورک و پۆلیسەکانی، کوردەکان ناچاربوون ڕووبەڕووی داعشیش ببنەوە، ئەوەش وایکردووە کە دۆخەکە خراپتر ببێت، فیلمەکە بەرهەمێکی هەرەوەزیی کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوایە و لە هەلومەرجی شەڕدا دروستکراوە، کاتێک عەفرین بۆردوومان دەکرا و لە ڕەقا شەڕ هەبوو، لە کۆبانی تۆمارکراوە.

لە بەردەوامیش هاتووە: فیلمەکە باسی چیرۆکی ٦٠ گەنج لە شاری “دیاربەکر” (سووری ئامەد) لە ساڵی ٢٠١٥ دەکات، کە دەیانویست گەمارۆی سوپای تورک بشکێنن، دەوترێت لە شەڕی ١٠٠ ڕۆژەدا زۆر کەس قوربانیی بوون، شاری سوور لەناو براوە، تەنیا چەند کەس توانیویانە خۆیان ڕزگار بکەن کە لە فیلمەکەدا ڕۆڵیان گیڕاوە، ئەو کاتەی باسی چونییەتی شەهیدبوونی برای زیلان دەکرێت، ئەو کاتەی هەموو شەڕڤانەکان ماڵئاوایی لەیەک دەکەن، لەو بڕگانەی فیلمەکەن کە لەبیر ناکرێن، فیلمێکی زۆرباشە و یەکپارچە دروستکراوە.

فیلمەکە ئێستا لە ئیسپانیا و کەتەلۆنیا نمایش دەکرێت، لە بەهاریشدا هەوڵدەدرێت لە ئەمریکا، ئەمریکای باشور، وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نمایش بکرێت.

ف.ق