کەناڵی یوتوبی مەد میوزیک تی ڤی بەبێ پاساو داخرا

کەناڵی یۆتوبی مەد میوزیک تی ڤی بەبێ هیچ هۆکار و پاساوێک لەلایەن کۆمپانیای یوتوبەوە داخراوە.

دەستەی پەخشی کەناڵەکەوە لەو بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، کەناڵی یوتوبی تەلەفزیۆنکەمان داخراوە و ڕاشیگەیاندووە: "کەناڵە میوزیکەکەمان، کە هەمووی پەخشەکەی  کولتوری و هونەرییە، بە پاساوی ئەوەی، کە گوایە بنەماکانی کۆمەڵگە پێشێل دەکات، لەلایەن یوتوبەوە داخرا، ئەوەش هێرشکردنە سەر بەهاکانی گەلی کوردە".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەها نەتەوەیی و نیشانەکانی گەلی کورد بە بێ خستنەڕووی هیچ هۆکارێک دادەخرێن، بە  پێچەوانەی بنەماکانی بڵاوکردنەوە سانسۆڕ دەکرێن. جێبەجێکردنی بڕیارە ناوخۆییەکانی دامودەزگا فاشیستەکان لەسەر پلاتفۆرمە نێونەتەوەیەکان هەوڵێکی سیاسی و لایەنگرانەیە. گوگڵ و یوتوب زۆرجار ناوەڕۆکی لەو شێوەیەی گەلی کوردیان سانسۆڕ کردوە، یان سنوورداریان کردووە. هیوادارین ئەم کردارانە کۆتایی پێ بهێنرێت و ڕێز لە بەها نەتەوەییەکانی کورد بگیرێت. ئێمە ئیدانەی ئەو کردارە ناڕەوایە دەکەین، کە بەرامبەر بە هێما کولتوری و بەها نەتەوەییەکانی کورد کراوە.

بەو جۆرە کردارانە کەس ناتوانێت ڕێگە لەوە بگرێت، کە گەلەکەمان لە هەواڵ، کولتور و هونەری خۆی دوور بخاتەوە و دەستی بە بەهاکانی خۆی نەگات. بۆ ئەوەی باشتر هونەری ڕۆشنبیریی گەلەکەمان، بە گەلەکەمان بگەیەنین، ئێمە پابەندی بنەماکانی بڵاوکردنەوە و پەخشی خۆمان دەبین و خۆمان دەگەینە ئاستێکی بەرزتری پەخش و بڵاوکردنەوە. بۆ ئەوەی گەلەکەمان دەستی بە ئێمە ڕابگات، ئێمە لەسەر هەموو پلاتفۆرمەکاندا دەبین".

ژ.ت