لەجەلال بەگەوە بۆ ئیبراهیم تاتڵیسەس؛ پلانی سەد ساڵەی دەوڵەتی تورک بۆ داگیركاركردنی ئاواز و موزیكی كوردی

لەتوركیا میلۆدی و ئاوازە كوردییەكان بەزمانی توركی ئەوترێتەوە و بە توركی لە قەڵەم دەدرێ و لەكوردی ئەسڕێتەوە، ئەڵبەتە دەوڵەتی توركیا لە نزیکەى ١٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە بەرنامەی تایبەتی هەبووە.

لەتوركیا میلۆدی و ئاوازە كوردییەكان بەزمانی توركی ئەوترێتەوە و بە توركی لە قەڵەم دەدرێ و لەكوردی ئەسڕێتەوە، ئەڵبەتە دەوڵەتی توركیا لە نزیکەى ١٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە بەرنامەی تایبەتی هەبووە، ئەو كەسانەی هاتونەتە ئەو ڕێگایەوە زۆر خەڵات كراون ئیمكاناتیان بۆ ژیان دراوەتێ، هەركەس ئاوازی زۆرتری هێنابێت و بە توركی پێشكەشی كردبێ لایان ئازیزتر بووە، بەرنامەیەكی تەواو سیستماتیك بۆ لەناوبردنی كولتوری كوردی بەڕێوە چووە. ئەم داگیركاریە كلتوریە و دزینی هونەری مۆسیقای كوردی، بەشێكە لە پلانی دەوڵەتی توركیا لەسەردەمی ئەتاتوركەوە تا رۆژی ئەمڕۆ بۆ سڕینەوەی نەتەوەی كورد..

ئەزموونی داگیركەران و داگیركراوان لە سەدەكانی ڕابردوودا سەلماندوویەتی كە باشترین كێڵگە و بەپیتترین زەوی بۆ چاندنی تۆوی ئاسیملاسیۆن بواری كولتوور و هونەرە. كوردیش كە یەكێك لە گەلە دێرینەكانی میزۆپۆتامیایە، لە نیشتمانی خۆیدا ڕووبەڕووی داگیركاریی كردەیی و كولتووری بووەتەوە.

سڕینەوەی كلتوری كوردی لە ئەتاتوركەوە دەستی پێكرد

بەشێكی زۆر لە مۆسیقای توركی بەرهەمی ئەو دزی و تاڵانییە، كە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سامانی نەتەوایەتی كورد و یۆنانی و ئەرمەنی و عەرەبی كرد. حكوومەتی ئاتاتوركیش رێک هەر ئەو كارەی كرد و شوێنپێی عوسمانییەكانی كوێر نەكردەوە و ئەو نەخشەیەی ئەوانی رەچاو كرد.

كاریگەریی مۆسیقای دراوسێكان، شتێكی خۆڕسكە، وەختێك دوو میللەت و دوو نەتەوە پێكەوە جیران بن، كاردەكەنە سەر یەكترو كاریگەریش لەیەكتر وەردەگرن، بەڵام هونەرمەند ناسر ڕەزازی دەڵێ: "ئەوەی كە لەتوركیا دەكرێت كاریگەری نییە، ئەوە فەوتاندن و تواندنەوەی مۆسیقای میللەتێكە".

لە تورکیا بە مووزیكی كوردی دەڵێن: (خەڵك موزیك و سەنعەت موزیك). ئەستەنبوول و ئەنكەرەش پڕیەتی لە باشترین مووزیكار و موزیكزانی كورد كە لە كۆڕ و تیپەگەورەكاندا لەگەڵ گۆرانیبێژە بەنێوبانگەكانی تورك لێدەدەن.

توركەكان زۆربەی گۆرانییەكانی كوردیان وەرگرتووە و كەڵكی لێوەردەگرن، بەئەندازەیەك گۆرانی و موزیكی كوردی بەسەر هونەری توركی ڕەنگی داوەتەوە، كە وەك هونەرمەند مەزهەری خالقی دەڵێ: "ئێستاش ئەگەر ئەوەی لێ لابەرین تورك لەباری موسیقا و گۆرانییەوە پێم وایە زۆر زۆر فەقیر ئەبن".

یەكێك لە زمانە گرنگەكانی توركیا كە لە لایەن دەوڵەتی توركیاوە پشتگوێخراوە زمانی كوردیە. لە باكووری كوردستان دوو زاراوەی كورمانجی و زازاكی هەن. هیچیان زمانی پەروەردە نین و هەوڵی تواندنەوەیان دەدرێت كە مێژووی هەوڵ بۆ سڕینەوەیان بۆ سەرەتای دامەزرادنی كۆماری توركیا بە پلانی (شارك ئیسلاح) دەگەڕێتەوە.

پلانی شارك ئیسلاح و قەدەغەكردنی زمانی كوردی

لە ٢٤ی ئەیلولی ساڵی ١٩٢٥دا دەوڵەتی توركیا پلانێكی بە ناوی "شارك ئیسلاح" بە واتای "چاكسازی ڕۆژهەڵات" ئامادەكرد. پلانی چاكسازیی رۆژهەڵات كە لە ١٤ مادە پێكدەهات، بە تایبەتی بۆ ڕەتكردنەوەی گەلی كورد و قەدەغەكردنی زمانی كوردی ئامادەكرا.

دروشمی پلانەكەش "شێرە توركەكان بەسەر كوردایەتیدا سەردەكەون" بوو و بەو شێوەیە هەموو دەرفەتێكی دەوڵەت بۆ تواندنەوەی زمان و كەلتوری گەلی كورد بەكارهێنرا.

بە پێی بڕیارەكە دەبێت لە هەموو ناوەندێكی حكومەت، شارەوانی و بازاڕ و قۆتابخانە و خوێندنگاكاندا، جگە لە زمانی توركی بە هیچ زمانێكی تر بە تایبەتی زمانی كوردی قسە نەكرێت.

پلانەكەی توركیا بە قەدەغەكردنی زمانی كوردی دەستی پێكر د و بە بەتوركیكردن و دزینی گۆرانی فۆلكلۆری كوردی گەیشتە ئەنجام. بەجۆرێك ویستیان ناسنامەی كلتوری و هونەری كوردی لە باكوری كوردستان بسڕنەوە، هەروەك چۆن توانیان بەزەبری ئاگر و ئاسن شۆڕش و ڕاپەرینەكانی كورد لەو بەشەی كوردستان سەركوت بكەن و دابمركێننەوە.

تا ئێستاش دەوڵەتی توركیا دژی خوێندن و فێربوونی زمانی كوردیە. جا ئەگەر دەوڵەتێك زماتی میللەتێك قەدەغە بكات و نەهێلێ بەزمانی خۆی بخوێنێ ئایا ڕێگە دەدا بەزمانی كوردی گۆرانی بڵێ؟!

بە هۆی قەدەخەكردنی نزیکەى ١٠٠ ساڵ بەرامبەر بە زمانی كوردی لە لایەن حكوومەتی ئاتاتوركییەوە، زۆر لە هونەرمەندە كوردەكانی توركیا، ناچار بوون بەزمانی توركی گۆرانی و بەرهەمە هونەریەكانیان تۆماربكەن.

لە دوای دابەشبوونی كوردستان و قەدەخەكردنی زمان و جلوبەرگی كوردی، گۆرانیی كوردیش قەدەغەكرا، بە تایبەت لە باکووری کوردستان و هیچ بەشێكی كوردستانیش بە قەدەر ئەو بەشە لە باری زمان و كەلەپوورەوە زەبری گورچووبڕی بەر نەكەوتووە و داغان نەكراوە.

بە هۆی شكان و لە خشتەبردنی شۆڕش و بزووتنەوەكانی كورد لە تورکیا و هاتنەسەركاری حكوومەتی ئەتاتورك، كورد بە هەموو شێوەیەك و لە هەموو رێگە و سەرێكەوە كەوتە ژێر زەبر و زۆر و گوشاری تواندنەوە و لەناوبردن.

یەكەم هەنگاوی دەوڵەتی ئەتاتورك ئەوە بوو، كە جلوبەرگ و زمانی كوردی و تەنانەت گۆرانی گوتنیش بە كوردی قەدەغە بكا. تەنیا شتێك كە قەدەغە نەكرا و پێیان نەگۆڕدرا، هەڵپەڕكێی كوردی بوو! بەڵام ناوی ئەوانەشیان كردە توركی.

توركەكان بە میلۆدی كوردی مۆسیقای خۆیان دەوڵەمەندكرد

كاراكتەرەكانی ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی كۆماری توركیا پێیان وابوو پێویستە لە پێناوی بنیاتنانی توركیادا هەموو شتێك بۆ توركی وەربگێڕدرێت و دەیانگوت تەنیا بەو شێوەیە یەكێتی و یەكسانی بەدی دێت.

لەساڵی ١٩٢٦ سەردەمی مستەفا كەمال ئەتاتورك دا، لیژنەیەكی هونەری بە سەرپەرشتی یوسف زیا بەگی بەڕێوەبەری (دارولئەلحان) دامەزرا و گەڕانیان بۆ سەرجەم ناوچەكانی توركیا رێك دەخست و ئامانج لەو گەڕانانە كۆكردنەوەی هەموو گۆرانییەكانی وڵات و وەرگێڕانیانە بۆ زمانی فەرمیی دەوڵەت.

كە لە ڕاستیدا مەبەست لێی كۆكردنەوەی ئاوازی فلكلۆری كوردی و پاشان تۆماركردنی بوو. دوایش هەرچی گۆرانی فۆلكلۆری و رەسەنی كوردی هەبوو كردیان بە سامانی هونەری تورك. كە زۆرینەیان لە كوردییەوە وەرگیردراون و بە هیچ شێوەیەك ئاماژە بۆ سەرچاوەكانیان نەكراوە، واتە كراون بە ماڵی كولتووری توركی. ئەو لیژنەیە كەسانی شارەزا و مۆسیقی بوون، گەڕان بە ناوچەكانی (ئورفە و دیاربەكر و مەلاتیە و سیواس و هەكاری و ئەرزنجان و مەرەش و شارە كوردییەكانی تر، چی دەنگخۆش و سترانبێژی ناوچە و دەڤەری كوردەكان بوو، ئاواز و گۆرانیەكانیان لێ وەرگرتن و كردیان بە توركی.

لە یەكەم گەڕان بە ناوچەكانی ئەدەنە و ئورفادا لە ساڵی ١٩٢٦دا ٢٥٠ گۆرانی و ئاوازی فۆلكلۆری كوردی كۆ كرانەوە و تۆمار كران.

لە گەڕانی دووەمدا كە ساڵی ١٩٣٨ لەلایەن وەزارەتی پەوروەردەی میللییەوە ڕێك خرا و دوو مانگی خایەند و ئامەد و ناوچەكانی دەوروبەری گرتەوە، ٤٩١ گۆرانی و لاوكی كوردی كۆ كرانەوە و خرانە سەر زمانی توركی. ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٧٦یش دوو گەڕانی تریش لە باكوری كوردستان و توركیا ڕێك خران و لە یەكەمیاندا ١٧٨٨ و لە دووەمیاندا ٣٠٠ گۆرانی و بەیتی میللی كۆ كرایەوە.

گۆرانیبێژانی وەك جەلال گویزەل سەس، موقیم تاهیر، كەل حەمزە و جەمیل جانكورت لەو هونەرمەندانەن كە یەكەمجار گۆرانی كوردیی بە توركیكراویان چڕیوە. دواتریش گۆرانیبێژان مەحمود گویزەل گوێز، قازانجی بەدیع، بیرەجیكلی سەسیگویزەل، ئیبراهیم تاتلیسەس، بورهان چاچان و عیزەت ئاڵتنمەشە بە هەمان ڕێبازدا ڕۆیشتوون.

چۆن ئاواز و موزیكی كوردییان دزی؟

لە هەر ناوچەیەك كە دەنگخۆشێكی كورد دەهاتە روو، بە گورجی و خێراییەوە دەیانبردە رادیۆ و ئەو گۆرانییانەی كە هەیبو و تێكستی توركییان لە سەر دانابوو لێ تۆمار دەكردن و بە ناوی گۆرانی و مووزیكی توركی تۆمار دەكرا و دەچووە ئارشیڤی گۆرانیی توركییەوە.

هەر دەنگخۆشێكی كورد كە دەچووە رادیۆ یان تەلەڤزیۆن گۆرانی بڵێ، حەتمەن دەبوو گۆرانیی ئەو ناوچەیە بڵێ كە لێی ژیاوە. بۆ نموونە ئەگەر خەڵكی وان بوایە دەبوو گۆرانیی ناوچەی وان بڵی. بە كورتی بۆی نەبوو گۆرانیی ناوچەیەكی دیكە بڵێتەوە. ئەمەش خۆی جۆرێك سیاسەت بوو بۆ كۆكردنەوەی گۆرانیی كوردی و كردنیان بە توركی. نەشیان دەهێشت هیچ گۆرانیبێژێكی تورك گۆرانییە كوردییەكان بە توركی بڵێتەوە.! ئەو پارە و دەرەتانگەلەی كە بۆ دەنگخۆشە كوردەكان تەرخان كرابوو، زۆرتر بوو لەو پارە و دەرەتانەی كە گۆرانیبێژەتوركەكان هەیانبوو.

تەنانەت دەوڵەتی توركیا بەشێكی زۆری هەڵپەڕكێ و گۆرانی كوردی بەناوی خۆی لەقەڵەم داوە و بە دانانی ناو و كەلامی توركی بە فەرهەنگی توركی ناودەبا. تەناتەت لە فێستیڤاڵە جیهانیەكاندا هەڵپەڕكێی كوردی بەناوی فەرهەنگ وكولتوری توركەوە پێشكەش دەكەن.

جەلال بەگ ئاوەكەی ڕشت و ئیبۆش پێی تێخست!

یەكەم گۆرانیبێژ، كە ئاوی بۆ گۆرانیبێژەكانی دیكە ڕشت و گۆرانیی كوردی كردە توركی، (جەلال گوزەلسەس) بوو، نموونەی هەرە دیار و بەرچاوی ئەو كوردانەیە، كە ڕادەستی ئاسمیلاسیۆنی دەوڵەت بوون.

جەلال بەگ یەكێ لەدیارترین ئەو كوردانەیە، كە خزمەتێكی گەورەی بە گۆرانی و مۆسیقای توركی كردووە، بەوەی چەندین ئاواز و گۆرانیی رەسەنی كوردی هێناوە و فەرهەنگی هونەری توركی پێ دەوڵەمەند كردووە. كە ئێستا تورك ئەو ئاوازانە بە موڵكی هونەری خۆیان دەبینن و دان بەوەدا نانێن ئەوانە ئاوازی كوردین.

جەلال بەگ كارمەندی دەوڵەتی تورك بوو، كە لە مزگەوتێكی دیاربەكردا سەڵای دەدا و بانگی دەدا و دەنگی زۆر خۆش بوو.

كە ئاتاتورك هاتە دیاربەكر، جەلال بەگ لە كۆشكی قازیی ئەو شارەدا بە توركی گۆرانی بۆ گوت. ئەویش ئەو سەردەمەی كە لە هەموو توركیادا نووسرابوو: (چونكە توركی بەختەوەری)، ئاتاتوركیش بە دەستی خۆی پێشكەشیی دایە و خەڵاتی كرد.

ئەم خەڵاتە بوو بە خێر و ڕژا بەسەر جەلال بەگی كوردی كوردی نەزانی توركی پێ فێركراو، بەڵام هەتاوەكوو ئێستا، ئەم كارەی جەلال بەگ ، بوو بە نەگبەت بۆ مۆسیقای كوردی و بوو بە بەردەبازێك بۆ هاتنەمەیدانی كوردە دەنگخۆشەكانی دیكەی باکووری كوردستان، كە گۆرانیی كوردی دەكەنە توركی و ئارشیڤی مۆسیقای توركیی پێ دەوڵەمەند دەكەن.

" لەسەدی ٥٠ی گۆرانییەكانی توركی، كوردییە"

هونەرمەند مەزهەری خالقی دەربارەی هەوڵەكانی تورك بۆ سڕینەوەی فەرهەنگی مۆسیقای كوردی دەڵێت: "ئەوە خەتەرێكی زۆر گەورەیە، بەڕاستی بەلای منەوە ئەوە خەیانەتە، چونكە ئەوە دزییە. مۆسیقای دەوڵەمەندی كوردی لە بێ خاوەنی كەوتۆتە گیر ئەو وڵاتانە، كە داگیریان كردوین. لە توركیا زیاتر لەسەدی ٥٠ی گۆرانییەكانی توركی كوردیە".

كاتێك بۆمان دەردەكەوێت، كە ژمارەیەكی زۆری موزیكزان و گۆرانیبێژ و هونەرمەندان لە توركیا بەڕەچەڵەك كوردن، ئەوسا ڕەهەندەكانی بەتاڵانبردنی كولتووری كوردیمان زیاتر بۆ ڕوونتر دەبێتەوە.

ئێستاش زۆر لە بەرهەمەكان لە توركیا دەنوسرێ (Anonim)، واتە بێ خاوەن، كە لە حەقیقەتدا ئاوازی رەسەن و فۆلكلۆری كوردین. بۆ نموونە میلۆدی و ئاوازە فۆلكلۆرییەكانی هەردوو شاری ئورفە و دیاربەكر كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندن لە رووی ئاواز و گۆرانیی كوردییەوە، كاریگەری زۆریان لەسەر مۆسیقا و هونەرمەندانی توركیا هەبووە.

دوو دەنگخۆشی كوردی دیكەش لەو سەردەمەدا رێچكەی جەلال بەگیان گرتووەتە بەر و بە توركی گۆرانییان گوتووە: (جەمیل جانقات)ی خەڵكی ئۆرفا و (فەخری مەلاتیایی).

لەو سەردەمەدا كوردە ئازادیخوازەكانی دیاربەكر داوا لە جەلال بەگ دەكەن كە بڕواتە سووریە و لەوێ گۆرانیی كوردی لەسەر قەوان تۆمار بكا، بۆ ئەوەی نەكرێنە توركی و نەفەوتێن، بەڵام لەترسی دەوڵەتی تورك و زۆڵەكوردی خۆفرۆشی ئەو سەردەمە، نەی وێراوە.

ئەگەر گوێ بدەینە گۆرانییەكانی جەلال بەگ، كە بە توركی وتویەتی زۆر وشەی كوردی دەڵێتەوە وەك (لۆی لۆی ، لێ لێ، دەلێ لێ، لێ نار، هەیلۆ).

نیوەی موزیكەكەیان كوردییە، كەچی دەڵێن نازانن شارستانیەت یانی چی؟!

شتێك كە زۆر سەرنجڕاكێش بوو، كاردانەوەی خەڵكی تورك بوو لە بەرانبەر دەركەوتنی ئەو گۆرانییە كوردییانەی كە بە توركی بڵاو دەبوونەوە. توركەكان بە لایانەوە شتێكی غەریب بوو، چونكە ئەو وشەگەلەی كە لە ناو گۆرانیی كوردیدا هەبوون و بە هیچ جۆرێ نەدەكرا بكرێنە توركی و وەكوو خۆی دەمانەوە، لە زەوقی توركەكانی دەدا و لێی تێنەدەگەیشتن كە لێ لێ، لۆ لۆ، دەلێ لێ، لێ لێ نار، دەلالۆ، هەیلێ یان هەیلۆ یانی چی؟! ئەمە دەریخست، كە نەتەوەیەكی دیكە لەم وڵاتەدا هەیە، بەڵام ڕێگا نادرێ كە لە فەرهەنگ و زمانی خۆیان كەڵك وەرگرن.

عیزەت ئاڵتنمەشە كوردی دیاربەكرە، لە (جەلال گوزەلسەس)ەوە بە میرات بڕا بە باڵایدا، کە گۆرانیی كوردی بكاتە توركی، كاتێك كە گۆرانیی "لێ خانم خان خانمێ"ی كردە توركی و لە تەلەڤزیۆنی سەرتاسەری تورکیادا بڵاو بووبووەوە، توركەكان گوتبوویان ئەم گۆرانییە چییە و ئەم توركییە توركیی چی ناوچەیەكە؟! كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیش كە لە شتێكی وا دەگەڕان، لە وەڵامدا گوتبوویان ئەمە زمانی ئەو توركانەیە كە لە چیا دەژین و هێشتا نازانن شارستانییەت یانی چی.

دوای جەلال بەگ، بە زەبری پارە و دەرەتانی زۆروزەبەن رێگەیان بۆ كوردە دەنگخۆشەكانی دیكەی وەكوو: قازانچی بەدیع، ئیبراییم تاتڵیسەس، بورهان چەچان، عیزەت ئاڵتنمەشە، بەدری ئایسەلی، مەحسوون قرمزی گوڵ، كوچووك ئەمرەهـ، مەحموود تونجەر و زۆری دیكە ساز كرد كە بە توركی گۆرانی بڵێن و تێكستی گۆرانییە كوردییەكان بكەنە توركی و لەسەر قەوان و كاسێت بڵاوی بكەنەوە.

ئیبراهیم تاتڵیسەس.. كوردێك لەخزمەتی گۆرانی توركی

بەڵام لە بەر ئەوەی بۆ كورد، كار و تێكۆشانی هونەری بە كوردی سەرئێشە بوو، زۆر هونەرمەند ناچار بوون واز لەو رەگ و رەچەڵەکی خۆیان بهێنن و بڕۆن خزمەتی تورك بكەن. نموونەیان ئیبراهیم تاتڵیسەس بوو.

لە دیارترین ئەو كوردانەیە كە خزمەتی بەهونەر و مۆسیقای توركی كردووە. دەیان ئاواز و میلۆدی رەسەنی هونەرمەندانی كورد (حەسەن جزیری، محمد عارف جزراوی، حەسەن زیرەك، ئایشە شان، عەلی مەردان و تەحسین تەها و شڤان پەروەر....) لەلایەن ئیبراهیم تاتلیسەس ناسراو بە "ئیبۆ" بەتوركی گوتراوە. ئەمە جگە لەوەی ئیبۆ سوودی یەكجار زۆری بینیوە لە ئاوازە فۆلكلۆرییەكانی ئورفە و دیاربەكر، كە ئەو دوو شارەی باكوری كوردستان لە رووی موزیك و ئاوازەوە دەوڵەمەندن و خاوەن گەنجینەیەكن لە ئاواز و میلۆدی كوردی.

ئیبراهیم گوێگرێكی باشی گۆرانیە كوردییەكان بووە، لەهەر ئەلبومێكی دا چەند گۆرانییەكی وتوە كە ئاوازەكەی كوردییە، لە ئەلبومبی ساڵی ١٩٨٨ ئاوازێكی هونەرمەند عەلی مەردانی وتوە، گۆرانییە كوردییەكە (مامە گیانی مامە)بوو، ئەو بە توركی (قەرە زیندان) ئاوازەكەی وتوە بەبێ ئەوەی ناوی خاوەن ئاوازەكە لە ئەلبومەكەیدا بنووسێت. كە ئێستا تورك ئەو ئاوازانە بە موڵكی هونەری خۆیانی دەبینن و دان بەوەدا نانێن ئەوانە ئاوازی كوردین.

هەڵوێستی توركە فاشیستەكان بەرامبەر گۆرانی كوردی

لەسەدەی بیستەم بەهەموو شێوەیەك گۆرانی گوتن بە زمانی كوردی قەدەغە كرا. ڕێگەش نەئەدرا بە هاتنی كاسێتی گۆرانیی كوردی بۆ ناوەوەی توركیا، ئەگەر كەسێكیش ئەو سەركێشیەی بكردایە دەخرایە زیندانەوە. یا دەبوایە وەك ئەحمەد كایا توركیای بەجێ بهێڵایە، كە لەهەموو تەمەنی گۆرانی بەكوردی نەگۆتبوو، هەموو تەمەنی هونەری خزمەتی بە مۆسیقای توركیا كرد، كەمتر لە ساڵێك بەر لە كۆچی دواییەكەی و لەكۆتایی تەمەنیدا خۆی كڕیەوە و لە شوباتی ١٩٩٩ لەسەر شانۆ كوردبوونی خۆی دوپاتكردەوە و ویستی گۆرانییەك بەزمانی كوردی بڵێ، بینیمان كردیانە چ هەرایەک، رووبەرووی دادگا كرایەوە و هەر هاوڕێ گۆرانیبێژەكانی خۆی هێرشیان كردە سەری و تۆمەتی ناڕەوایان دایە پاڵ، لەسەر شانۆ هێنایانە خوارێ و دوای ئازار و هەڕەشەی زۆر ناچار توركیای بەجێهێشت و رووی لە فەرەنسا كرد، دوای ١١ مانگ لەغەریبیدا سەری نایەوە.

تا ساڵی ٢٠٠٠یش كاسێتی گۆرانی و بەرهەمی هونەرمەندانی كورد لەتوركیا بەدزییەوە دەفرۆشران و تەنها لە بازاڕی ڕەشدا دەستدەكەوتن، ئەو تۆمارگەیانەی كاسێتی كوردییان دەفرۆشت، ئەو كارەیان بە مەترسییەوە ئەنجام دەدا، بەڵام خەڵكێكی زۆریش بە تامەزرۆییەوە وێڵی گۆرانی كوردی بوون و فرۆشی زۆری هەبوو.

ئێستاش نیوەی گۆرانیبێژە بەنێوبانگەكانی تورکیا كوردن. كە كوردستانیان بە جێ هێشتووە و لە ئانكارا و ئەستەنبول دەژین و خەریكی خزمەت بە مووزیكا و گۆرانیی توركین و هەر ئەمڕۆكەش هەموویان هەر لە سەر ئەو ڕێبازەن و بوونە بە تورك. هەر كام لەم گۆرانیبێژانەش ١٠ گۆرانی كردبێت بە توركی، بیژمێرە بزانە دەكاتە چەند گۆرانی.

ئێستاش ئەگەر گۆرانی و ئاوازە كوردییەكانی لێ لابەرین تورك لەباری موسیقا و گۆرانییەوە زۆر زۆر فەقیر ئەبن.

سەرچاوەکان:

1- (داگیركردنی كوردستان و تاڵانی هونەری كوردی): ناسر رەزازی ، گۆڤاری خاك

2- بابەتێك بەزمانی توركی بەناونیشانی (Türkçeleştirilen Kürtçe şarkılar: bir kültürel yağma hikayesi )

3- چاوپێكەوتنی هونەرمەند ناسر رەزازی، كەناڵی Aryan tv

4- (كامكارەكان، خالقی، قەرەداغی و مۆسیقای كوردی): برایم فەرشی

5- (قەدەغەكردنی زمانی كوردی لە ئەتاتوركەوە تا قەیومەكان): راپۆرتێكی سایتی (پەیسەر پرێس)

6- تاڵانی كولتووری، گۆرانییە كوردییە بە توركیكراوەكان: وەرگێڕانی لەتوركییەوە: بەكر شوانی