پیتر شابر: ترسی دەسەڵات لە ئۆجالان شتێکی باشە

پیتر شابر نووسەری ئەڵمانی بۆ تێگەیشتن لە جیهانی فەلسەفە و رامانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کتێبێکی نووسی و رایگەیاند، "ترسی دەسەڵات لە ئۆجالان شتێکی باشە".

پیتر شابر(Peter Schaber) رۆژنامەنووس – نووسەری ئەڵمانی کتێبێکی بە ناوی "زاڵبوون بەسەر مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست دا؛ دەروازەیەک بۆ فەلسەفەى عەبدوڵا ئۆجالان" نووسی و لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتە دەست خوێنەران.

کتێبەکە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ئونراست – ڤێرگالی بڵاوکرایەوە، یەکێک لە یەکەمین کتێبە ئەڵمانییەکانە، کە تایبەتمەندە بە جیهانی  فەلسەفە و رامانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد.

شابر یەکێک لە ئەڵمانیا یەکێک لەو کەسانەیە، کە پشتیوان و دۆست و بەشداری تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردە و کتێبەکەى بۆ ئەو کەسانە نووسیوە، کە دەیانەوێت لە فەلسەفە و رامانی عەبدوڵا ئۆجالان تێبگەن.

شابر لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی رایگەیاند، "ئەو کتێبە دەروازەیەکە بۆ ئەوانەى دەیانەوێت لە جیهانی فەلسەفە و رامانی ئۆجالان تێبگەن".

پیتر شابر ئاماژەى بەوەکرد، دوای شەڕی کۆبانێ هاووڵاتییان ئەڵمانیا زۆر زیاتر تامەزرۆی بزووتنەوەى کورد بوون و ئەوەش وایکرد، بە پێوێستی بزانێت ئەو کتێبە بنووسێت و وتی، "لە ئەڵمانیا هاووڵاتییان و هەروەها زۆرێک لەلایەنی نێونەتەوەیی دەیانخواست بزووتنەوەى کورد بناسن. بە داخەوە کتێبەکان لەبارەى ئایدۆلۆژیای ئەو بزووتنەوەیەوە زۆر گەورە و ئەستوور بوون. منیش بۆ ئەوانەى دەیانەوێت بزووتنەوەى کورد بناسن و وەک دەروازەیەک و لەو چوارچێوەدا ئەم کتێبەم نووسی.

کاتێک من دەستم بە لێکۆڵینەوە کرد، ئەوەم بۆ دەرکەوت، کتێب لەبارەی جیهانی فەلسەفە و رامانی عەبدوڵا ئۆجالان بە زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی بۆ کەسانی نوێ دەستناکەون و نییە، ئەوەش زۆر تووشی سەرسوڕمانی کردم. هەندێک کەس ئەوەیان قبوڵ بێت یان نا، بەڵام ئەوە زۆر گرنگە، ئۆجالان لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا لە جیهان و لە رامانی چەپ دا یەکێک لە کەسە زۆر کاریگەرەکانە. بە بۆچوونی زۆرێک لە بیرمەندان و فەیلەسوفەکان، فەلسەفە و رامانەکانی ئۆجالان لەسەر تەوەرێکی بەرفراوان و فرە رەهەند بونیاتنراوە".

"جیهانی ئۆجالان روونە و تێگەیشتنی ئاسانە"

شابر سەرنجی خستەسەر ئەوە، کە تێگەیشتن لە فەلسەفە و رامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئاسانە و وتی، "ئەوە زۆر باشە، کە رامانەکانی روونن و مرۆڤ بە ئاسانی لێیان تێدەگات، ئەگەر رامانێکی هەبێت، تەنها بۆ ئەوەى جیهانی ئەکادیمی تووشی سەڕسوڕمان بکات، ئەوە پێویست ناکات مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لێی خۆی ئاڵۆز بکات و سەرلە خۆی بشێوێنێت. بە تایبەت ئەگەر تۆ بتەوێت ئەو رامانە بە کۆمەڵانی گەورەی فەلسەفی و سیاسی بگەیەنێت، دەبێت روون بێت و باش و ئاسان رێکخرابێت و داڕێژرابێت و تێگەیشتنی لێ دروست ببێت".

"ئەوانەى ئۆجالانیان دیل کرد، فریودران"

پیتر شابر رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە دژی فیکری مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستە و کاتێک مرۆڤ لەو رووەوە سەیری دەکات ئەوەی بۆ دروست دەبێت، کە بۆ لە زینداندایە، بۆ خراوەتە ژێر گۆشەگیرییەوە و وتی، "دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان خواستیان ئەو بخەنە ناو چواردیوار و بێدەنگی بکەن".

شابر بەو وتانە سەرنجی راکێشایە سەر قۆناغی دیلکردنەکەى لە پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا  و رایگەیاند، ئەو هێزانەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان دیلکرد، تووشی حساباتی هەڵە بوون و وتی، "دەوڵەتە ئیمپریاڵەکان وایاندەزانی ئۆجالان بگیردرێت و بیخەنە زیندان حیزبەکەى هەڵدەوەشێتەوە و تێکۆشان لە ناو دەچێت. بەڵام ئەمڕۆ دوای ٢٠ ساڵ کاتێک سەیری دەکەن، رووبەڕووی تابلۆیەکی تر دەبنەوە. ئەو بزووتنەوەیە، کە ئەو رێبەرایەتیی دەکات، هەم زۆر کاریگەرە و هەمیش ئۆجالان لە زیندان تیۆری و تێزەکانی خۆی بە شێوەیەکی زۆر کاریگەرانە نوێ کردەوە. کاتێک بە قوڵی سەیری دەکەن لە ئاستی جیهاندا زۆرێک لە هێزە فاشیست، لیبراڵ و ئیسلامییەکان کاریگەرییان هەیە، بەڵام سەرباری ئەوانەش هێزە سۆسیالیست / چەپەکان و ئەوانەى تێکۆشان دەکەن هێشتا دڕک و چەقڵی چاوی ئەوانە و باڵادەستخوازەکانن. دەبێت ئێمە لەو رووەوە سەیری هەوڵەکان بۆ تاوانبارکردن و تەریکردنی رامان و نووسینەکانی ئۆجالان بکەین".

"ئۆجالان باشترین چارەسەرە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

شابر لە بەردەوامیی وتەکانیدا ئەوەشی راگەیاند، "دەوڵەتی ئەڵمانیا لەلایەک کتێبەکانی ئۆجالان چاپ دەکات و لەلایەکی ترەوە رێگری لە بڵاوبوونەوە و دابەشکردنیان دەکات و وەک تاوان دەیناسێنێت، هەروەها لە خۆپیشاندانەکاندا وێنە و پۆستەرەکانی ئۆجالانی قەدەغە کردووە. هەموو ئەوانە نیشانەى ئەوەن، کە دەسەڵات لە ئۆجالان دەترسێت.

رژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان رژێم و چەتە ئیسلامییەکان و دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکاندا بە بنبەست گەیشتووە، باشترین چارەسەر بۆ ئەو دۆخە و رزگاربوون لەو قۆناغە لەلایەن ئۆجالانەوە پێشکەشکراوە".

پیتەر شابر لەو بڕوایەدایە و پێشبینیی ئەوە دەکات دیموکراتیککردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئۆجالانەوە کۆتایی بە شەڕی نەتەوەیی و ئیتنی و ئایینی دەهێنێت.

شابر باسی ئەوەیکرد، پێشنیازەکانی ئۆجالان زۆر زیاتر لە بیرە ئەکادیمییەکان شتەکان دەخاتەڕوو و وتی، "چونکە رامان و فەلسەفەکەی  جێبەجێ دەکرێت، لەو مانایەدا کە تیۆری و کردار پێکەوە بەڕێوەدەبرێن، بە تایبەتی لە دامەزراندنی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریادا، لە سەرکەوتنی کورد، عەرەب، مەسیحی، ئێزدی، پیاو و ژن دا یەکڕیزی و هاوپشتی بونیاتنراوە و ئەوە دەبینرێت. سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە لە ژێر هێرشەکانی سوپای تورک و چەتەکانی داعش دا خۆی سەلماند".

شابر سەرنجی خستەسەر رامانەکانی ئۆجالان، کە رێگا بە رووی مرۆڤدا دەکەنەوە و پێشیدەخەن و هەروەها بیری بەرە بە بنبەست گەیشتووەکەش دەکاتەوە و وتی، "بزووتنەوەى کورد لە چوار وڵاتی گرنگ لە ناوچەکەدا وەک سوریا، تورکیا، عێراق و ئێران چالاکە. لەو وڵاتانەدا زۆرێک لە کێشەکان چاوەڕێی چارەسەرن. ئەگەر ئەو وڵاتانە بیانەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکەن دەبێت ئۆجالان ئازاد بکەن و لەگەڵ نوێنەرانی رەوای گەلی کورد دا لەسەر مێزی دانوستان دانیشن. ئازادی رێگا بەوە دەدات، ئەو دۆخە کە تاکو دێت بەرەو خراپی دەڕوات، رابوەستێنێت. بەڵام کاتێک سەیری دەکەین، تورکیا لە ئێستادا لەگەڵ ئاشتی، مافەکان و ئازادیی ئۆجالان دا نییە، بەڵام لە تورکیا بە شۆڕشێک دەتوانرێت ئەو لە زیندان ئازاد بکات".

پیتر شابر

پیتر شابر زیاتر لە ١٥ ساڵە لە دام و دەزگاکانی چەپی ئەڵمانیادا چالاکە. شابر یەکێک لەو چالاکوانە ئەڵمانییانەیە، کە پشتیوانی کوردستانە و چەندین جار رۆیشتوە بۆ کوردستان و چاودێرییەکانی خۆی لە میدیاکاندا بڵاوکردووەتەو. شابر ساڵی ٢٠١٧ رۆیشت بۆ رۆژئاوای کوردستان و لەوی بەشداری ریزی ئینتەرناسیۆنالیستەکان بوو.

پیتر شابر ئێستا لە گۆڤاری لۆەر کلاس (چینی خوارەوە)، کە میدیایەکی نێونەتەوەیی هەرەوەزییە کاری ئیدتۆری و سەرنووسەری دەکات. ٤ بەرهەمی چاپکردووە، کە تێکۆشانی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان دەگێڕنەوە. کتێبی "لە پشت سەنگەرەکان" باسی شەڕی شارەکان لە باکووری کوردستان دەکات، کتێبی "یوتۆپیای بەرچاو" گێرانەوە و چاودێریەکانیەتی لە رۆژئاوای کوردستان و کتێبەکەى تریشی ناوی "بەرگری لە شارستانیەتی دیموکراتیک"ە و باسی مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری دەکات. ئێستاش نوێترین کتێبی بە ناوی "زاڵبوون بەسەر مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست دا؛ دەروازەیەک بۆ فەلسەفەى عەبدوڵا ئۆجالان" – (Die Überwindung der kapitalistischen Moderne: Eine Einführung in die politische Philosophie Abdullah Öcalans) چاپ و بڵاوکردووەتەوە.

ژ.ت