"قەدەغەکارییەکان دەبنە هۆی زیاتر بەهێزبوونمان"

هونەرمەندانی کورد هەموو ساڵێک بە چەند پاساوێک نواندنەکانیان و کۆنسێرتەکانیان قەدەغە دەکرێت و سکاڵایان لە دژ دەکرێتەوە... سەرەڕای قەدەغەکارییەکان، لە ساڵی ٢٠٢١دا بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنانەکانیان...

هونەرمەندانی کورد هەموو ساڵێک بە چەند پاساوێک نواندنەکانیان و کۆنسێرتەکانیان قەدەغە دەکرێت و سکاڵایان لە دژ دەکرێتەوە... سەرەڕای قەدەغەکارییەکان، لە ساڵی ٢٠٢١دا بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنانەکانیان. شاهین دۆغان لە ناوەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا (نەچەمە – NÇM / مەکەمە - MKM) وتی، قەدەغەکاریەکان ئەوانی لە بەرهەمهێنان دانەبڕیوە.

ناوەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا (نەچەمە – NÇM / مەکەمە - MKM) ٣٠ ساڵ پێش ئێستا دژ بە قەدەغەی کولتور و زمانی کوردی دامەزراوە. سەرەڕای هەموو سیاسەتەکانی گوشار لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە زۆر بواردا بەرهەمی خوڵقاندووە. ئاهەنگی پیرۆزبایی یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنی نەچەمە لە ١٦ی تشرینی یەکەم دا لەلایەن قائیمقامی کادیکۆی ئیستەنبولەوە قەدەغەکرا. نەک تەنها بەرنامەکانی نەچەمە، بەڵکو لە ساڵی ٢٠٢١دا لە هەموو ئاست و گۆڕەپانەکاندا قەدەغەکاری لە دژی کولتوری و رۆشنبیریی کورد هەبوو.

شاهین دۆغانی پەیکەرتاش یەکێک لە زەحمەتکێشەکانی ناوەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا (نەچەمە – NÇM)یە و لەبارەی ئەو گوشارانەوە قسەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئەو سیاسەتە ١٠٠ ساڵە بەردەوامە

شاهین دۆغان ڕایگەیاند، قەدەغەکارییەکان بە ئەمڕۆوە سنووردار نین، بەڵکو لە کاتی دامەزراندنی کۆمارەوە ئەو قەدەغەکارییانە بەردەوامن و وتی: "ماوەی ١٠٠ ساڵە گوشار لەسەر کورد هەیە، پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردانیان قۆناغ بە قۆناغ بەڕێوەبردووە. سیستم و دەزگایەکی وەها هەیە، کە دەیهەوێت کورد لە ڕووی کولتوورییەوە لەناو ببات، کۆمار لەسەر ئەوە دامەزراوە.

رەنگە ئێستا ناوی ئەو شێوازەیان گۆڕیبێت، لەو کاتەدا پلانی چاکسازییەکانی رۆژهەڵات (شارک ئیسڵاهاتی) هەبوو، بەڵام ئێستا جیاوازە، بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، کاتێک سەیری ٣٠ - ٤٠ ساڵی ڕابردوو دەکەین ڕەنگە لە هەندێک لایەنەوە سەربکەوتبن و ئەگەر بە دروستی بڵێین، رەنگە کارێکی وەهایان کردبێت و کەشێکی وەهایان دروستکردبێت، کە هەندێک کورد شەرم لە ناسنامەی خۆی بکات. کۆماری تورکیا دەوڵەت - نەتەوەیە و جگە لە خۆی هیچ لایەن و کولتوورێکی نەناسیوە و قبوڵی نەکردووە. لەبەر ئەوەش کوردەکان بە مەترسیدارترین دەزانن، چونکە کۆمەڵگایەکی وەهایە، کە ئاسیمیلکردن و تواندنەوەی و سڕینەوەی کارێکی قورسە، چونکە گەل و کۆمەڵگەیەکی خۆڕاگر و بەرخودێرە. لە ناو نەتەوە – دەوڵەت دا بە یاسای راگواستن ئەرمەنەکانیان پاکتاو کرد و لەسەر ئەم خاکەدا سڕینیانەوە، بەڵام نەیانتوانی بە سیاسەتی کۆچپێکردن و راگواستنیش لەگەڵ کورددا ئەو کارە بکەن".

ناوەکەی گۆڕاوە، بەڵام ئامانجەکەی نەگۆڕاوە

بە وتەی دۆغان، ئامانجی ١٠٠ ساڵەی ئەو سیاسەتانە نەگۆڕاوە و وتی: "بە سیاسەتی پاکتاوکردن و جینۆساید، کە ئێستا بە رواڵەت  کاڵتریان کردووەتەوە، کە ئێمە پێی دەڵێین، - پاکتاوکردنی کولتوری – هەوڵیاندەدا کولتور و رۆشنبیریمان لە ناو ببەن و بیسڕنەوە. ئەوە ئێستاش کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵکو سیاسەتی ١٠٠ ساڵەی دەوڵەت دەیەوێت ئەمڕۆش خۆی زۆر بە قورسی و چڕی جێبەجێی بکات. ئەمڕۆ ئیدی ناوی پلانی شارک ئیسڵاهات نییە، بەڵکو لەم ٥ ساڵی ڕابردوودا ناویان ناووە 'پلانی چۆکشکاندن'ە.

بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا فاشیزم جێبەجێ دەکرێت

شاهین دۆغان وتی، ناوەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا (نەچەمە – NÇM) لە دژی ئەو سیاسەتانە وەستاوەتەوە و وتیشی، " ناوەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا (نەچەمە – NÇM) وەڵامدانەوەیە بۆ ئەو هێرش و پاکتاوکاریانە. نەچەمە مێژوویەکی ٣٠ ساڵەی هەیە. لەو ٣٠ ساڵەدا ساڵ هەبوو، کە فاشیزم ئاشکراتر بوو، بەڵام دواتر شاردرایەوە، هەندێک ساڵیش هەبوو، کە هەندێک مافێکی کولتوری و رۆشنبیری نیشان دەدا. بەڵی ئێستاش دەتوانیت وەک مافی شەخسی و کەسیی خۆت باسی کوردبوونی خۆت بکەیت، بەڵام وەک کۆمەڵگە ناتوانێت ببیتە خاوەن ماف. مەبەستی من لە فاشیزمی شاراوە و نهێنی ئەوەیە. کاتێک مرۆڤ سەیری ئەم ٥-٦ ساڵەی دوایی دەکات ئیتر ئەو فاشیزمە ناشاردرێتەوە، بەڵکو ئێستا قورستر و چڕتربووەتەوە و ئێستا خۆی بە مافێک دەبینێت و خۆی جێبەجێ دەکات.

نەچەمە دامەزراوەیەکە ئاگاداری هەموو ئەو سیاسەتانەیە

شاهین دۆغان ڕایگەیاند، سیاسەتە فاشیستییەکان زیاتر بوون و ئەوەش لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر روون بووەتەوە. دۆغان وتی: "ڕەنگە ئێمە ئێستا ڕووبەڕووی جدیترین و قورسترین سیاسەتی ئەم ١٠٠ ساڵە کرابێتینەوە. لەبەر ئەوەش ئەو قەدەغەکارییانە بۆ ئێمە جێگای سەر سوڕمان نییە، هەر خۆی ئێمە ئەو فاشیزمە شاراوە و نهێنییە، کە بەڕێوەدەچێت بە مەترسیدارتر دەزانین، چونکە ئەم فاشیزمە تەنها بە قسەکردن ناڵێت دوژمنایەتیت دەکەم و زۆر بە روونی بە قسە ناڵێت هەبوون و زمان و رۆشنبیریی تۆ قبوڵ ناکەم، بەڵکو بە کردەوە ئەو دوژمنایەتییە دەکات، بەڵام پێشتر بە قسەش نکۆڵیی لەوانە دەکرد و بە کردەوەش دوژمنایەتیی دەکرد، بەڵام ئێستا بەلانیکەمەوە بوونی گەلی کورد قەبووڵ دەکات، بەڵام گەورەترین هۆکاری ئەم قبوڵکردنەش بۆ خەبات و تێکۆشان دەگەڕێتەوە.

پێشتر کورد نەبوو، ئێستا کورد هەیە، بەڵام مافی کوردان لە ئاستی نەبووندایە. کاتێک مرۆڤ سەیری ڕاستی دەکات هێشتا بوونی کورد قبوڵ ناکرێت. لەبەر ئەوەش نەچەمە دامەزراوەیەکی کولتوری و هونەرییە، کە ئاگای لەو سیاسەتە ٣٠ ساڵەیە هەیە. هەر خۆی نەچەمە لەسەر ئەو تێکۆشانە رێکخرابوو و دامەزرێنراوە، بۆیە هێشتا بە جۆش و خرۆشی ڕۆژی یەکەمەوە بەرهەم دەخوڵقێنێت.

بەبێ چوونە سەر تەختەش دەتوانین نواندن و دەرخستنی ترمان هەبێت

دۆغان ئاماژەی بەوەکرد، قەدەغەکارییەکان هەمیشە بوون و بەردەوامییان دەبێت، بەڵام ئەم قەدەغەکارییانە ناتوانن پاشەکشە بە تێکۆشانی نەچەمە و تێکۆشانی گشتی بکەن و بەپێچەوانەشەوە بەهێزیش بوون و وتی: "قەدەغەکردن هەیە و دەبێت، ئێمە چاوەڕێی ئەوە نەکەین و ئومێدمان بەوە نییە، کە دەوڵەت رێگامان بۆ بکاتەوە. ماوەی ئەو ٣٠ ساڵە چۆن بەرەنگاریمان کردووە ئێستاش دەیکەین. ئێمە هەل و دەرفەت بۆ خۆمان دروست دەکەین، ئەگەر سەرتەختەش نەبینین دەبێت ئێمە ئەوە بخوڵقێنین و دروستی بکەین، ئێمە دەڕۆینە سەر شەقامەکان و کۆڵانەکان. قەدەغەکاری ناتوانێت ئێمە لاواز بکات، بەڵکو بەهێزمان دەکات...

کاتێک نەچەمە دروست کرا تەختەى نواندن و نمایش نەبوو، بەڵام لە شوێنێک دا، کە تەنها ١٠٠ کەس دەتوانن بچن بۆ راهێنان و  یاریکردن و نواندن، بەرنامەکانی خۆیان نمایش دەکرد. لەو کاتەشدا لەناو گەل دا بوون، لە ناو میتینگەکان و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا بوون. ئێستاش ئێمە لە ناو گەلداین، بۆ نمونە، دەچینە ئاهەنگ و شاییەکانەوە، سەیر بکە هێرشیش دەکەنە سەر ئاهەنگ و شاییەکانیش، بەڵام هەر چەند هێرشیش بکەن ئێمە هەر لە کار و تێکۆشانەکەمان بەردەوام دەبین، لێرە دەرفەتمان کەمە و هەوڵدەدەین لێرەش هەندێک کار بکەین. هەروەها ئێمە لەگەڵ دوکانە تایبەتەکاندا کار دەکەین و هەوڵ دەدەین بەرنامەکانیشمان لەو شوێنانە دروست بکەین.

ئەمڕۆ ڕووبەرێکی دیجیتاڵیش هەیە. بۆ نمونە ئەمساڵ ئەگەر کۆبوونەوەی ٣٠هەمین ساڵە ئەنجام بدرایە، رەنگە ئەنجوومەنەکەى بۆ بەڕێوەبردن بگەیشتایە ٥ هەزار کەس و ١٠٠ هەزار کەسیش بەشدارییان تیادا بکردایە، بەڵام ئاهەنگ و یادی ٣٠هەمین ساڵیان قەدەغە کردین. هەروەها مەسەلەی قەدەغەکردنی کۆنسێرتێک و شانۆیەک نییە، بەڵکو هەوڵ دەدەن هەناسەدانی گەلیش قەدەغە بکەن. لەبەر ئەوەی ئەم تێکۆشانە کولتوری – هونەرییە کۆڵەکە و ریشەى خۆی هەیە، تێکۆشانێکی گشتگیرە. گشتگیربوون و یەکپارچەیی تێکۆشان ئەو ڕاستییەش ئاشکرا دەکات، کە گەلێک هەیە و لەسەر پێی خۆی راوەستاوە".

ژ.ت