شێرکۆ جەلال میدیاکار، هونەرمەند، شاعیر و گۆرانیبێژ کۆچی دوایی کرد

شێرکۆ جەلال میدیاکار، هونەرمەند، شێوەکار، شاعیر و گۆرانیبێژ و پێشکەکاری دیاری ستێرک، لە ووڵاتی فەڕەنسا بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ شەممە، دوای چەند رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، شێرکۆ جەلال میدیاکار، هونەرمەندی شێوەکار، گۆرانیبێژ، شاعیر پێشکەکاری دیاری ستێرک، لە شاری لیل-ی ووڵاتی فەڕەنسا بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.
شێرکۆ جەلال، بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە ماوەی چەند رۆژێک لە نەخۆشخانەیەکی شاری لیل-ی فەڕەنسا لە ژێر چاودێری چڕدا مایەوە و بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆیەکجاری ماڵئاوای لە ژیان و هاوڕێیانی و میدیای ئازاد و ئەڵتەرناتیڤی کوردستان کرد.

شێرکۆ جەلال ناسراو بە شێرکۆ جەلال مامەش کۆیی، لە ساڵی ١٩٥٦ لە شاری کۆیە-ی باشوری کوردستان لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لەدایک بووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە خوێندوە، دواتر بەهۆی ڕەوشی تایبەتی ئەوکات خێزانەکەیان کۆیە بەرەو هەولێر بەجێدێڵن. لە شاری هەولێر قۆناغی ناوەندی تەواو دەکات و بۆ خوێندنی پەیمانگای هونەرە جوانەکان ڕوو لە بەغدادی پایتەختی ئێراق دەکات. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار وکەسایەتی دیاری کوردستان (رەهبەر جەلال)ی برای دەچن بۆ چیاکانی کوردستان و دەبنە پێشمەرگە.
شێرکۆجەلال لە شاخیش بە هونەری وێنەکێشان خزمەت بە شۆڕش دەکات. دوای تێکچوونی شۆڕش جارێکی تر دەگەڕینەوە بۆ ناو شار.
شێرکۆ جەلال لە ساڵی ١٩٨٢ هەر لە بەر باری سیاسی باشوری کوردستان بەرەو فەڕەنسا بەجێدەهێڵێت.

لە ساڵی ٢٠٠٢ دەبێت بە پێشکەشوانی رۆژ تیڤی و سەرەتا وەکو پێشکەشکاری بەرنامەی ڕۆژباش کوردستان دەستبەکار دەبێت.
دوای ماوەیەک دەبێت بە ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی تیشکی هونەر لە هەمان تیڤی.
بەرنامەی تیشکی هونەر یەکێک بوو لە بەرنامە دیار و تاکەکانی کوردستان کە تایبەت بوو بە هونەری شێوەکاری و هەر جارە هونەرمەندێکی شێوەکاری کوردی بەسەر دەکردەوە.
دواتر لە ساڵی ٢٠١٢ و پاش داخستنی ڕۆژتیڤی لە گەلەکۆمەیەکدا، شێرکۆ جەلال خەباتی هونەری خۆی لە کەناڵی ستێرک تیڤی بە بەرنامەی رێژنەی رەنگ و بە شێواز و تەکنیکێکی نوێ درێژە پێدەدات و وەک ڕابردوو هەر جارەو هونەرمەندێکی شێوەکاری کوردستان بەسەردەکاتەوە..
شێرکۆ جەلال لە ژیانی میدیای خۆیدا زۆرترین خزمەتی بە بواری هونەری  کرد و بەسەدان بەرنامەی لە ئەرشیفی ڕۆژتیڤی و ستێرک تیڤی بەجێهێشت کە ئەمەش وەک خەزێنەیەکی ئەو کاناڵانە و هونەری شێوەکاری لێکدەدرێتەوە.

شێرکۆ جەلال لە پاڵ کاریی میدیاییدا خاوەنی چەندین وتار و نوسینە لە بوارە جیاکان و چەندین بەرهەمی هەڵبەست و گۆرانی کە خۆی چڕیونی لە دوای خۆیدا بەجێهێشت.

شێرکۆ جەلال هاوسەرگیری کردبوو و بەرهەمی ئەوەش کوڕێکە بە ناوی نەوا و  چەند ساڵێک بەر لە ئیستاش هاوژینەکەی بەهۆی نەخۆشی شێر پەنجە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی موسڵمانی شاری لیلی فەرەنسا بەخاک سپێردرا. بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەرمی شێرکۆ جەلالی هاوسەری بەمەراسیمێک لە هەمان گۆڕستان بەخاک بسپێردرێت.

بەبۆنەی کۆچی دوایی شێرکۆ جەلال میدیاکار، هونەرمەندی شێوەکار، گۆرانیبێژ، شاعیر پێشکەکاری دیاری تەلەفزیۆنەکەیانەوە، بەڕێوەبەرایەتی ستێرک تیڤی لە ڕاگەیەندراوێدا، خەمگینی و سەرەخۆشی خۆیان و سەرجەم خەباتکارانیان دەربڕیوە.
بەڕێوەبەرایەتیەکە سەرخۆشیش لە خانەوادە و کەسوکار و هاوڕیانی کۆچکردو و تەواوی هونەرمەندان و هاوپیشەکانی کردوە و کۆچی دوایی شێرکۆ جەلالی بە زیانێکی گەورە بۆ هونەر و هونەرمەندان و میدیای ئازاد و ئەڵتەرناتیڤ بەناو کردوە.

هـ.هـ