ستێرک تیڤی: کۆچی دوایی شێرکۆ جەلال زیانێکی گەورەیە

دەستەی وەشان و بەڕێوەبەریی ستێرک تیڤی لە ڕاگەیێندراوێکدا کۆچی دوایی شێرکۆ جەلال خەباتکاری تیڤیەکەیان بە زیانێکی گەورە بۆ تیڤیەکەیان، دنیای هونەر و میدیای ئازاد بەناو دەکات و بەڵێن دەدات درێژە بە ڕێبازەکەی بدەن و ئامانجەکەی بەدیبهێنن.

پێش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی ٢٨/٠٨/٢٠٢١، (شێرکۆ جەلال) میدیاکار، هونەرمەند، شاعیر، گۆرانیبێژ و پێشکەشکاری دیاری تەلەفزیۆنی ستێرک بەنەخۆشی کۆرۆنا لە شاری لیل-ی وڵاتی فەڕەنسا کچی دوایی کرد. بەو بۆنەوە دەستەی وەشانی ستێرک تیڤی  ڕاگەیێندراوێکی داوە و تێیدا هاتووە: کۆچی دوایی شێرکۆ جەلال زیانێکی گەورەیە بۆ تیڤیەکەمان، دنیای هونەر و میدیای ئەڵتەرناتیڤ و ئازاد بەناو دەکات و بەڵێن دەدات بەدرێژەدان بە ڕێبازەکەی و تێبکۆشان بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی، ئەو زیان و کەلێنە گەورەیە کەم بکاتەوە. هاوکات سەرخۆی لەخۆیان و میدیای ئازاد و ئەڵتەرناتیڤی کوردستان و خانەوادە، کەسوکار و هاوڕێیانی ڕەوانشاد و کۆمەڵگەی هونەری و هونەرمەندان کوردستان دەکات.
تەواوی دەقی ڕاگەیێندراوی دەستەی وەشان و بەڕێوەبەریی ستێرک تیڤی بەبۆنەی کۆچی دوایی خەباتکاری ستێرک تیڤی شێرکۆ جەلال:

وەک دەستەی وەشان و بەڕێوەبەریی و خەباتکارانی تەلەفزیۆنی ستێرک هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێمان (شێرکۆ جەلال) میدیاکار، هونەرمەند، شاعیر، گۆرانیبێژ و پێشکەشکاری دیاری تەلەفزیۆنەکەمان بەنەخۆشی کۆرۆنا لە شاری لیل-ی وڵاتی فەڕەنسا خەمباری کردین. هاوڕێمان شێرکۆ جەلال، ماوەی چەند ڕۆژێک بوو بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی لە نەخۆشخانەیەکی شاری لیل-ی فەڕەنسا لە ژێر چاودێری چڕدا بوو، بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی ٢٨/٠٨/٢٠٢١، بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لەلێدان کەوت و ماڵئاوای لە هاوڕێیانی و دنیای هونەر و میدیای ئازاد و ئەڵتەرناتیڤی کوردستان و ژیان کرد و بەم کۆچە ناوادەیەشی هەموومانی داخدار و خەمبار کرد.
ڕەوانشاد شێرکۆ جەلال، چ بە گشتی لە ژیانیدا و چ بە تایبەتی لە ماوەی کارکردنیدا لە تەلەفزیۆنەکەمان ستێرک و پێشتریش لە ڕۆژ تیڤی دا، کەسێکی دڵسۆز، وڵاتپارێز و خاکی و خۆشەویستی هەمووان بوو و هەر کار و فەرمانێکی تیڤی و مدیایی و هونەریی پێبسپێردرایە، خۆنەویستانە و سەرکەوتووانە ڕایپەڕاندن.

هاوڕێمان شێرکۆ جەلال کە بە (شێرکۆ جەلال مامەش کۆیی)ش ناسراوە، لە ساڵی ١٩٥٦ لە شاری کۆیە-ی باشوری کوردستان لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەرور لەدایک بووە و هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە لە پاڵ قۆناغەکانی خوێندن و کاری هونەری دا، بەشداری تێکۆشای ئازادی گەلەکەی بووە و لە ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ (رەهبەر جەلال)ی برای کە هونەرمەند و کەسایەتیەکی دیاری باشوری کوردستان بووە و ئێستا لە ژیاندانەماوە و کۆچی دوایی کردوە، ڕوویان لە چیاکانی کوردستان ناوە و چەکی بەرگری و بەرخۆدانیان دژی داگیرکاری ئێراق لە شان کردوە. هاوڕێ شێرکۆ شێرکۆ لە شاخیش بە هونەرەکەی خزمەتی دۆزی ئازادی گەلەکەی کردوە. دوای تێکچوونی تێکۆشانی باشوری کوردستان لە ناوەڕاستی ٧٠کاندا، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و دەرەنجام لە ساڵی ١٩٨٢  لە بەر خراپی باری سیاسی باشوری کوردستان، ووڵات بەرەو هندەران بەجێدەهێڵێت و لە فەڕەنسا دەگیرسێتەوە.

هاوڕێ شێرکو لە ئەوروپاش بەشێوازی جیاواز و لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بەردەوام خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەی کردوە. لە ساڵی ٢٠٠٢شەوە کۆڕی خەباتی فراوانتر دەکاتەوە پەیوەست دەبێت بە میدیای ئەڵتەرناتیڤ و ئازادی تەڤگەری ئازادی کوردستان و لە رۆژ تیڤی دەستبەکار دەبێت. سەرەتا وەکو پێشکەشکاری بەرنامەی ڕۆژباش کوردستان و پاشانیش وەک ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی تیشکی هونەر لە هەمان تیڤی درێژە بە خەبات دەدات و لە ماوەیەکی کەمدا خۆی پێشدەخات و ناوناوبانگی بڵاودەبێتەوە.
بەرنامەی تیشکی هونەر یەکێک بوو لە بەرنامە دیار و تاکەکانی کوردستان کە تایبەت بوو بە هونەری شێوەکاری کە ڕەوانشاد پێشکەشی دەکرد و هەر جارە هونەرمەندێکی شێوەکاری کوردی بەسەر دەکردەوە.
لە ساڵی ٢٠١٢ و پاش داخستنی ڕۆژتیڤی لە گەلەکۆمەیەکدا، هاوڕێمان شێرکۆ جەلال خەباتی هونەری خۆی لە کەناڵی ستێرک تیڤی بە بەرنامەی رێژنەی رەنگ و بە شێواز و تەکنیکێکی نوێ درێژە پێدا و وەک ڕابردوو هەر جارەو هونەرمەندێکی شێوەکاری کوردستان بەسەردەکردەوە و تا کۆتایی ژیانی لەو کارە بەردەوام بوو.
هاوڕێ شێرکۆ جەلال لە ژیانی میدیای خۆیدا زۆرترین خزمەتی بە بواری هونەریی کرد و بەسەدان بەرنامەی لە ئەرشیفی ڕۆژ تیڤی و ستێرک تیڤی بەجێهێشت کە ئەمەش وەک خەزێنەیەک بەبایەخ وگرانبەها وایە و جیێ ڕێز و ستاییش کردنە و ئەوەش وا دەکات هەم کارەکانی و هەمیش ئەرک و ڕەنجی تاهەتایە بەزیندوویی بمێنەوە.

وەک دەستەی وەشان و بەڕێوەبەریی و خەباتکارانی سێترک تیڤی، بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە خۆمان و سەرجەم خەباتکارانمان لە ستێرک تیڤی، میدیای ئازاد و ئەڵتەرناتیڤی کوردستان دەکەین. هاوکات پرسە و سەرەخۆشیش ئاڕاستەی کاکە ”نەوا“ی کوڕی هاوڕێ شێرکۆ، خانەوادە وڵاتپارێزەکەی، کەسوکار و هاوڕێیانی ڕەوانشاد، کۆمەڵگەی هونەری و هونەرمەندان کوردستان دەکەین و خۆمان بەهاوبەش و هاوپرسەیان دەزانین و بوردباری بۆ هەموو لایەک دەخوازین. بێگومان کۆچی دوایی هاوڕێ شێرکۆ، زیان و کەلێنێکی گەورەیە بۆ تەلەفزیۆنەکەمان ستێرک و دنیای هونەر و میدیای ئەڵتەرناتیڤ و ئازادی کوردستان و بەڵێن دەدەین بەدرێژەدان بە ڕێبازەکەی و تێکۆشان بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی، ئەو زیان و کەلێنە گەورەیە کەم بکەینەوە.

دەستەی وەشان و بەڕێوەبەریی ستێرک تیڤی

هـ.هـ