پارتی ویەکیەتی کۆبونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا

هەریەکە لە پارتی و یەکیەتی بۆ بەشدارییکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق کۆبونەوە و دوای کۆبونەوەکەدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختیان کردەوە کە دەبێت کورد لە بەغداد بەهێز بێت.

 

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان(یەنەکە) و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق( پەدەکە) لە شاری هەولێر، کە تایبەت بوو بە سەردانیان بۆلای لایەنە عیراقییەکان و بەشدارییکردن لە حکومەتی نوێی عێراق ، هەریەک لە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکیەتی و مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆدەزگەکانی ڕاگەیاندن قسەیان کرد.

مەحمود محەمەد، ڕایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر سەردانی شاندی کوردی بۆ بەغدا کردووەتەوە و پێیان باش بووە کورد بە هێزێکی زۆرەوە بچێتە بەغدا.

مەحمود محەمەد، وتیشی: چوار لایەنەکە (یەکگرتوو، کۆمەڵ، گۆڕان و هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریی) و ئەوانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق براوە بوون نابێت بەهۆی ڕەخنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن بایکۆتی بەشدارییکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق بکەن.

وتەبێژی پارتی، وتیشی: لەگەڵ یەکێتی هەماهەنگیمان هەیە، کە لە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان چی باس دەکەین و چۆن بڕیار دەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە داناخەین.

دواتر، سەعدی ئەحمەد پیرە، ڕایگەیاند: لەگەڵ پارتی پڕۆژەیەکی نیشتمانی رادەگەیەنن و داواش لە لایەنەکانی تری هەرێمی کوردستان دەکەین بێنە ناو پڕۆژەکە.

ناوبراو، ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ململانێکانی رابردوو لە نێوان هەرێم و بەغدا دووبارە نەبێتەوە، چونکە هیچ سودێکی بۆ هەردوولا نەبوو.