هوسۆن: ژنانی کورد لەسەر بنەمای تیڕوانینەکانی ئۆجالان تێدەکۆشن

فیلمی 'کچانی خۆر' کە باسی بەرخۆدانی ژنانی کورد دەکات دژ بە داعش و مۆری خۆی داوە لە ٧١هەمین فیستیڤاڵی کان. لەو بارەیەوە ئێڤا هوسۆن دەرهێنەرى فیلمەکە رایگەیاند "تێکۆشانی ژنانی کورد بۆ هەموو ژنانی جیهانە".

فیلمی 'کچانی خۆر' کە باسی بەرخۆدانی ژنانی کورد دەکات دژ بە داعش و مۆری خۆی داوە لە ٧١هەمین فیستیڤاڵی کان. لەو بارەیەوە ئێڤا هوسۆن دەرهێنەرى فیلمەکە رایگەیاند "تێکۆشانی ژنانی کورد بۆ هەموو ژنانی جیهانە".

دەرهێنەری فیلمی 'کچانی خۆر' ئێڤا هوسۆن لە بنەماڵەیەکی کۆمۆنیستی فەرەنسییە، کە لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا دژ بە فاشیزمی فرانکۆ شەڕیان کردبوو. بۆ جاری یەکەم ئەو دەرهێنەرە فەرەنسییە ساڵی ٢٠١٥ بە فیلمی 'بانگ گانگ' ناوبانگی دەرکرد. فیلمی ئەو خانمە دەرهێنەرە لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی وەک فێستیڤاڵی فیلمی تۆرنتۆ و کان دا بەشداریان کردووە و رەخنەگرانی سینەماش ستایشى کارەکانی دەکەن.

ئێستا لە ٧١هەمین فێستیڤاڵی نێودەڵەتیی کان دا، فیلمی 'کچانی خۆر' ی بەشدارە و تا ئێستاش دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. فیلمەکە باس لە تێکۆشانی ژنانی کورد دەکات دژ بە داعش و یەکێکە لەو ٢١ فیلمە، کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی زێڕین بەشداری فیستیڤاڵی کان بوون.

لەگەڵ درهێنەری فیلمەکە ئێڤا هوسۆن دەربارەی فیلمەکە و تێکۆشانی ژنانی کورد گفتوگۆمان کرد:

هوسۆن رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە کوردی ناسیوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بیر لە مەسەلەى کورد دەکاتەوە.

هوسۆن راشیگەیاند "پاش ئەوەی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی سەر شەنگالم بیست، ئەوێ سەرنجی راکێشام، بەڵام لەو کاتەدا سەرقاڵی کارکردن بووم لەسەر فیلمێكی تر و کاتم نەبوو. ساڵی ٢٠١٥ دەربارەی کورد خوێندمەوە و دەستم بە لێکۆڵینەوە کرد. پاشان و لە شوباتی ساڵی ٢٠١٦دا رۆیشتمە کوردستان".

نەوەی جەنگاوەرێکى خۆڕاگر

دەربارەی بڕیاری دروستکردنی فیلمی 'کچانی رۆژ' دەرهێنەری فەرەنسیی ئیڤا هوسۆن ڕایگەیاند "باپیرم کۆمۆنیست بوو، لە شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیادا سەربازێكی کۆماریخواز بوو. بەڵام براکەی ئەنارشیست بوو. پێکەوە لەگەڵ براکەی دژ بە فاشیزمی فرانکۆ شەڕیان دەکرد. پاشان خۆی گەیاندە فەرەنسا و بەشداری تێکۆشان و بەرخۆدانى پاریسیش بوو. لەبەر ئەوەش من نەوەی بەرخۆدێرێکم، کە دژ بە فاشیزم لە شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیادا شەڕی کردووە. بەرخۆدان و بەرخۆدێریی لە خوێنمدایە. هەر بۆیە کاتێک دەربارەی تێکۆشانی ژنان دژ بە فاشیزم دەمخوێندەوە، ئەو تێکۆشانە سەرنجی ڕاکێشام و کاریگەریی لەسەرم دانا، چونکە بۆ من هەر دوو بابەتەکە وەک یەکە. پاش خوێندنەوەم دەربارەی تێکۆشانی ژنانی کورد، بڕیارمدا فیلمی 'کچانی رۆژ' دروست بکەم".

ژنانی کورد بێ هاوتان

دەرهێنەری فەرەنسیی ئیڤا هوسۆن هیوادارە، ئەو ژنانەی لەو فیلمەدا (فیلمی کچانى خۆر) باسیان دەکرێت، ببنە ئومێدی تەواوی ژنانی جیهان و رایگەیاند "لەڕاستیدا باسی ژنانی جیهان دەکات. سەردانەنەواندن، شەڕکردن و شەڕکردنى بە ئیرادە، لەهەمان کاتدا سەرکەوتنە. ئەوەش بۆ ژنان هێز و ورە و مۆراڵە. بە بڕوای من ژنانی کورد بێ هاوتان. بۆیە منیش بڕیارمدا ئەو فیلمە دروست بکەم".

هوسۆن ئاماژەی بە تێکۆشانی ژنانی کورد کرد، کە لە فیلمەکەدا خستوویەتییەڕوو و رایگەیاند "ژنان لەسەر بنەمای بۆچوونە مارکسیست –فێمینیستییەکانی ئۆجالان تێدەکۆشن. بۆ ئەوەى کۆمەڵگایەکی یەکسان بەئافرێنرێت، بە بڕواى من ئەوا پێویستە سیستمی باوکسالاری لەناوببرێت".

ئێڤا هوسۆن راشیگەیاند، ژنانی شەنگال فیلمەکەیان نەبینیوە و هیوادارە، کاتێک ژنان تەماشای فیلمەکە دەکەن بەشێک لە ڕاستیی خۆیان ببیننەوە. وتیشی "فیلمەکە باس لەوان دەکات، بۆیە دەبێت بیبینن، کە ئەوەی ئەوان دەیکەن شتێکی گرنگە".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دەرهێنەری فەرەنسی ئێڤا هوسۆن رایگەیاند، هیوادارە، کە فیلمەکە لە ٧١هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان'دا خەڵاتێک بەدەست بهێنێت.

ر.م