بەرخودانی 'ژن، ژیان، ئازادی' سەرباری گوشارەکانی دەوڵەت بەردەوامە

چالاکی و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵآتی کوردستان سەرباری گوشارەکانی دەوڵەت بێ پسانەوە بەردەوامە.

هەموو ساڵێک دەوڵەتی ئێران لە نێوان ١-١١ی شوبات یادی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ دەکاتەوە کە وەک شۆڕشی ئیسلامی پێناسەی دەکات.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی مەراسیمەکانی ١٠ رۆژەی یادی شۆڕشی ١٩٧٠، لە شاری ئابدانانی پاڕێزگای ئیلام جارێکیتر گەنجان رژانە شەقامەکان و لە گۆڕەپانێکی شارەکە پەیکەری بەسیجیان ئاگر تێبەردا.

هاوکات شەوی رابردوو لە تەورێزیش تاوەرێکی پەیوەندییەکان کە لەلایەن کەناڵی فەرمی دەوڵەتەوە بەکاردەهێنرێت لەلایەن گەنجانی ئەو شارەوە ئاگری تێبەردرا.

لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان هەڵمەتەکان گرتن، رفاندن و بێسەروشوێنکردنی چالاکوانانیS بەردەوامە و دوێنێ دەیان کەس لە شارە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کوردستان دەستگیرکران.

هاوکات لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتیش ٣ لە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکانی ماوەکانی رابردووی ئەو شارە بە کۆی گشتی سزای ٥٨ مانگ زیندان و لێدانی ٢٢٢ قامچییان بەسەردا سەپێندرا.

سەندیکای ئازادی کرێکاران لە راگەیەندراوێکدا گرتن، سزادان و دەرکردنی ژمارەیەک لە مامۆستایان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد.

لەسەر ئاستی دەرەوەش پشتیوانییەکان لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی روو لە هەڵکشانەوە و دوێنێ لە نامەیەکدا ٤٧٠ کەسایەتی کە ژمارەیەک لە براوەکانی خەڵاتی نۆبڵیشیان تێدایە لە راگەیەندراوێکدا داوایان لە کۆمەڵگەی نێوندەوڵەتی کرد کە هەوڵی تەواوەتی بۆ داکۆکی لە خۆپیشاندەرانی ئێران بخەنەگەڕ.

تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان بڵاویكردەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا مامۆستایەكی ئایینی بەناوی "ئیبراهیم سەلیمی" لە شاری پیرانشار و فەقێیەك بە ناوی "سەید تارق حسێنی" لە شاری جوانڕۆی ڕۆژهەلاتی كوردستان لەلایەن هێزەكانی سەر بە دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەوە.

هـ . ب