دەوڵەتى تورک چاوی بڕیوەتە بەردی گۆڕەکانی عەفرین

تاڵانیی دەوڵەتی تورک لە عەفرینی داگیرکراو تاوەکو دێت گەورەتر دەێت. ئەمجارە دەستیانکردووە بە دزینی بەردی گۆڕەکانی عەفرین.

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گۆڕستانی گوندی شێخ ئۆرزە-یان تاڵانکردووە و بەردی گۆڕەکانیان دزیوە.

راشیگەیاندووە، چەتەکانی دەوڵەتی تورک بەردی گۆڕەکان دەفرۆشن یان بۆ باخچەى ماڵان بەکاری دەهێنن. ماڵەکانیش ماڵی هاووڵاتییانی عەفرینن، کە چەتەکانی دەوڵەتی تورک دەستیان بەسەردا گرتووە و لە خاوەنەکانیان زەوت کردووە.

لە ئاداری ٢٠١٨ەوە لە عەفرینی داگیرکراودا هەموو شتێک لەلایەن دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانییەوە تاڵان دەکرێن. ژێرخانی شارەکە، سەرچاوەکانی داهاتی تایبەتی و ناوچەکە و کەسەکان بە شێوەی سیستماتیک تاڵان دەکرێن. دار زەیتونەکان دەبڕنەوە، یان دەیاندزن، بەربوومی کشتوکاڵی و بە تایبەتی زەیتونی ناوچەکە تاڵان دەکەن. دەستیان بەسەر سەدان هەزار زەوی و باخ و رەز و خانووی هاووڵاتییانی عەفریندا گرتووە. سەرباری ئەوانەش شوێنە مێژووییەکان تاڵان دەکەن و بە بیانوی جۆراجۆرەوە سەرانە لە خەڵک دەستێنن.

هەروەها بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو هێرش دەکەنە سەر گۆڕستانەکان. گۆڕستانی ئاڤێستا، کە لە کاتی هێرشی داگیرکەریدا شەڕڤانان و هاووڵاتییانی مەدەنیی شەهیدی هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، تیادا بە خاکسپێردراون، دوای ئەوەى لەلایەن دەوڵەتى تورک و چەتەکانیەوە تاڵانکرا، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی دەوڵەتی تورک (ئەنادۆڵ) بڵاویکردبووە، کە گۆڕێکی بە کۆمەڵی کەسانی مەدەنی لە عەفرین دۆزراوەتەوە، بەڵام بە خێرایی و لە ماوەیەکی کورتدا لەلایەن بەرپرسانی عەفرین و بە بەڵگە و ڤیدیۆ ئەو هەواڵە چەواشەکارییەی دەوڵەتی تورک-یان پووچ کرایەوە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هاوکات لەگەڵ ئەوەى بە چڕی کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین دەکەن هەموو هێما و نیشانەکان و شوێنەوارەکانی گەلی کورد و گەلی عەفرین و گەلانی ناوچەکە لە عەفرین لە ناو دەبن و دەیسڕنەوە.

ژ.ت