هاشم گەزەر: خوشکەکەم بە تەلەفون بەسەرهاتی خۆی گێڕایەوە

هاشم گەزەر برای زیندانی سیاسی غەریبە گەزەر وتی، خوشکەکەی لە رێگەی تەلەفونەوە بۆی گێڕاوەتەوە کە دەستدرێژی کراوەتەسەر و ئەشکەنجە کراوە.

هاشم گەزەر، برای زیندانی سیاسی غەریبە گەزەر کە لە گرتووخانەی جۆری ئێف ژمارە 1 بەشێوەی سیستماتیک ئەشکەنجە درا، دەستدرێژی کرایە سەر و لە ژووری تاکەکەسیدا کوژرا، لە گرتووخانەی داخراوی ئاسایشی باڵای ژمارە دووی خارپێتەوە نامەیەکی رەوانە کرد. لەو نامەیەدا کە بۆ پەرلەمانتاری هەدەپەی کۆجاعەلی عومەر فاروق گەرگەریئوغڵو نێردراوە، نوسیسیەتی مانگی جارێک لە رێگەی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ خوشکەکەیدا دەکرد.

گەزەر باسی لەوەکردووە کە بە هۆی ئەوەی ناونیشانی ئەو پارێزەرانە نازانێت کە دۆسیەی خوشکەکەی لەبەردەستیاندایە بۆیە نامەکەی بۆ ئەوان نەنوسیوە و ئاشکرای کرد کە خوشکەکەی لە ریگەی تەلەفونەوە ئەو ئەشکەنجە و دەستدرێژیانەی کراوەتەسەری بۆی گێڕاوەتەوە.

'ئەو شتانەی کە غەریبە باسی لێکردن لە تۆماری تەلەفوندا ماون' 

نامەی هاشم گەزەر بەم جۆرەیە:

"من هاشم گەزەر، لە گرتووخانەی داخراوی ئاسایشی باڵای ژمارە دووی خارپێت راگیراوم. من برا گەورەی غەریبە گەزەرم کە لە گرتووخانەی کاندرای بەرەو مردن ئاراستە کرا. مانگی جارێک یان دوو جار بە تەلەفون قسەم لەگەڵ غەریبە دەکرد. لە 14/11/2021دا بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەی کاندرای لە رێگەی پەیوەندی دەنگ و رەنگەوە ویستی قسەم لەگەڵدا بکات، لە بارەی قسەکردنمانەوە. بە بێ پارێزەری غەریبە من نەمدەویست قسە بکەم. لەبەر ئەوەی غەریبە بە تەلەفون وتی، کە ئەو لە ژووری تاکەکەسیدا دەمایەوە، ئەویان بردووە بۆ ژووری چاوەڕوانی، بە شێوەی نیمچەرووت ئەویان لە رێڕەوەکەدا بە زەویەوە بەستوەتەوە، لە ژووری چاوەڕوانی جلەکانی دڕێنراون، پاسەوانانی پیاو ئەشکەنجەیان داوە و دەستدرێژیان کردوەتەسەری و دەستیان لە جەستەی داوە. هەموو ئەمانە لە تۆماری تەلەفوندا هەن، تەلەفون لە سیستمی تۆماری ناوەندی تۆمار دەکرێن.

بانگەوازێک بۆ پارێزەران

ئەوەندەی ئاگادار بم غەریبە سێ پارێزەری هەیە. یەکیان ژیان، یەکی تریشیان ئەرەن کەسکین و ئەوەی دیکەشیان نازانم. ئەگەر من ناونیشانیانم بزانیبایە نامەم بۆ ئەوان دەنووسی. ئەگەر ئێوە دەتوانن خۆتان بگەیەننە پارێزەرانی غەریبە، ئەو بابەتەی تەلەفونەیان بۆ باس بکەن، ئەگەر بتوانن خۆیان بگەیەننە من باش دەبێت یان داواکاری گشتی وتەم وەربگرێت، با وتەی منیش وەربگیرێت. بۆ ئەوەی قۆناغەکان بە بێ کەموکورتی بەردەوام بێت با پارێزەرانی غەریبە خۆیان بگەیەننە من".

گەرگەریئوغڵوی هەدەپەیی بۆ ئەوەی لەبارەی دۆسیەی گەزەر پرسیار لە وەزیری دادی تورک عەبدولرەحمان گول بکات، پرسیارنامەیەکی ئامادەکرد و سەردانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی کرد.

هـ . ب