'هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی بووە بە هیوای گەل'

ئۆزگور زەیدانئۆغڵو ئەندامی ئەنجومەنی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) ڕایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی تورکیا و ڕاشیگەیاند، هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی بووەتە جێگەی هیوای گەل و جۆش و خرۆشێکی زۆر.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا و کوردستان، خەباتی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی زیادی کرد. ئۆزوگەر زیدانئۆغڵو ئەندامی ئەنجومەنی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) باسی داخستنی هەدەپە، خەباتی هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی و چاوەڕوانییەکانی گەلانی تورکیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

'سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن بەردەوامە'

زەیدانئۆغڵو ڕایگەیاند، هەدەپە لە نەریتێکی سیاسی ٤٠ ساڵەوە هەڵقوڵاوە و ڕاشیگەیاند، بۆ ئەوەی لە دۆسیەی داخستنی هەدەپە تێبگەین دەبێت مرۆڤ سەیرێکی ڕابردوو بکات و وتی: "دەبێت مرۆڤ پاساوەکان بۆ داخستنی حیزبەکەمان لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدا  هەڵبسەنگێنێت، کە ئێمە سیاسەتی لەسەر دەکەین. بێگومان هەدەپە هەندێک لەوە زیاترە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە، کە هەوڵ دەدرێت گەلی کورد لە دەرەوەی سیاسەت بهێڵنەوە، ڕێگە لە داواکارییە ڕەواکانیان بگیردرێت، چونکا لەگەڵ چوونە ناو سەد ساڵەی کۆمارەوە  هێشتا پرۆسەی نکۆڵیکردن و قڕکردن و سڕینەوە لە دژی کورد بەردەوامە".

بەرخۆدان لە دژی هێرشەکان

زەیدانئۆغڵو ڕایگەیاند، بە ئیرادەبوونی سیاسەتی کورد سەرنجی دەوڵەتی ڕاکێشاوە و وتی: لەگەڵ ئەوەشدا هەدەپە دەیەوێت سەرەڕای کێشەی کورد کێشەی دیموکراتیزەکردنی تورکیاش چارەسەر بکات. سەیرکەن، ناڕەزایەتیی یەکەم بەرامبەر بە هەدەپە، هێرشی یەکەم لە دژی هە\ەپە چۆن ڕوویدا؟ بە شیوەی سەرەکی ئەوە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥دا ڕوویدا. هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥ بۆ تورکیا و کوردستان وەرچەرخانێک و لە دایکبونێکە. بۆ یەکەم جار گەلی کورد و تورک لە دەوری دیموکراسی و کێشەی کورد کۆبوونەوە. ئاهەنگەکەمان لەمپەری هەڵبژاردنەکانیشی تێپەڕاند. لەگەڵ تێپەڕاندنی لەمپەرەکەش دا پشتگیریەکی کۆمەڵایەتی بەهێزیشی بە دەستهێنا. هەدەپە لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠١٥دا لە ئامەد سەدا ٨٥ی دەنگەکان، لە وان سەدا ٨٠ی دەنگەکان، لە جۆلەمێرگ سەدا ٩٠ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. هەروەها لە دەریای ڕەش، ناوەڕاستی ئەنادۆڵ، ئاماسیا و گومۆشخانەش دەنگی باشی بە دەستهێنا. ئەوە بووە هۆکاری ئەوە هێرشەکانی سەر هەدەپە قورستر و چڕتر بکەنەوە. مەسەلەکە ئەوەیە، هەم دەیانەوێت کورد لە دەرەوەی سیاسەت بهێڵنەوە و هەم بەربەستێکی فاشیستانە بخەنە بەردەم سیاسەتی تورکیابوو و پرۆژەی دیموکراسیی هەدەپە. بێگومان پێش دەستپێکردنی دۆسیەی داخستن، بە گوشار و شێوازی زۆر قورسەوە پەلاماریان داین. لە بەرامبەر ئەو گوشار و هێرشانەدا بەرخۆدانێکی باشیش هەبوو. دەیانەوێت ئەم بەرخۆدانە تێکبشکێنن و بەربەستی بۆ دروست بکەن و کۆتایی بە ناسنامەی رێکخراوەکە بهێنین".

گەلی کورد بێ پارتی نابێت

زەیدانئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد، هەدەپە و پێکهاتەکانی خاوەنی ئاوانتاژ و لەپێشدابوونی جدین و وتی: "پێش هەموو شتێک لە ڕووی هەڵبژاردنەوە ئاوانتاژی باشمان هەیە. ئێوە دەتوانن حیزبێک دابخەن، دەتوانن کۆتایی بە ناسنامەی ڕێکخراوێک بهێنن، بەڵام ئەگەر گەل، ئەو جەماوەرە، کە خۆی سیاسەت دەکات، ئێوە ناتوانن شتێکی زۆر و وەهایان بەرامبەر بکەن. بەڕاستی ئێمە ڕیوشوێنی گەورەمان هەیە، چونکا هەر لە سەرەتاوە ڕێوشوێنی خۆمان گرتووەتەبەر. جەماوەریی دەنگدەری دڵسۆزمان خۆیان بۆ خۆیان ڕێوشوێنن. گەل ئەم دڵسۆزییە هەیە. ئەگەر ئەم گەلە هەنگاو بە هەنگاو گەشە بکات، ئەوا ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا بابەتی تەکنیکییە. گەلی کورد هەرگیز بێ حیزب نابێت. ئێمە بزووتنەوەیەکی سیاسین، کە فێربووین لە بەرامبەر داخستنی حیزب دا چی بکەین. لە ڕاستیدا سەرباری ئەوەی پرۆسەیەکی ئاسان نییە، بەڵام وەک گەل، ئێمە فێری پرۆسەی لەمجۆرە بووین".

هەدەپە ئاکتۆرێکی زۆر گرنگە

زەیدانئۆغڵو ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و ئەوانیش خۆیان لەگەڵ هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیدا بۆ هەڵبژاردن ئامادەکردووە و وتیشی: "ئێمە باوەڕمان بەوە نییە، کە کەیسی داخستن ئێمە ڕابوەستێنێت، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە تێکۆشان و هەستیاریی زیاتر هەیە. هەدەپە حزبێکی سیستەمی کلاسیکی نییە. بۆ نموونە لەم وڵاتەدا زۆر حیزب هاتنە سەر حوکم، بەڵام دواتر لە ناوچوون، بەڵام هێڵی هەدەپە، هێلی حزبێکی سیاسی تەمەن ٤٠ ساڵە و هەمیشە ڕۆڵی ستراتیژی دەبینێت. بەهۆی کێشەی کورد و مەسەلەی دیموکراتیزەکردنەوە، کە هەدەپە کاری لەسەر دەکات و لە ڕۆژەڤیشدا دەیهێڵێتەوە، ئەوانە بابەتێکی زۆر گرنگن و پەیوەندییان بە داهاتوی کورد و تورکەوە هەیە، بۆیە ئەو ئارگۆمێنتانە، کە هەدەپەی لەسەر ڕاوەستاوە و سیاسەتی لەسەر دەکات، تەنها بەسن بۆ ئەوەی هەدەپە بۆخۆی بکاتە حیزبێکی گرنگ. هەر ئەوانەیە ئەمڕۆ هەدەپە دەکاتە ئاکتۆرێکی زۆر گرنگ. ئەمڕۆ ئێمە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە دەبینەوە. لە دژی ئەو فاشیزمە قوربانیی گەورەمان داوە و لە بەرخۆدانیش دا هەنگاوی بۆ دواوە نەناوە. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ باس لە هەڵوەشانەوە و ڕووخانی ئاکەپە دەکەین، دەبێت ئەوە ببینین، کە ئەمە بەهۆی تێکۆشانی هەدەپەوە بووە".

یەکێکە لەگرنگترین هەڵبژاردنەکان

زەیدانئۆغڵو ڕایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی تورکیا و وتی: "ئەو زیانەی، کە دەسەڵاتی ئاکەپە لە ماوەی ٢١ ساڵدا ئەنجامی داوە، ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک، کە هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی لە بەرامبەریدا ڕابگرێت و بەرگریی لێ بکات، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە. ئەم هەڵبژاردنەش بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە. ئامادەکاریەکانی ئێمەش بەو پێیەن و خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەم هەڵبژاردنە. لەم هەڵبژاردنەدا ئێمە لە چوارچێوەی بلۆکی بەرەی ڕەنج و ئازادیدا وەک ڕێگای سێیەم دەردەکەوین. هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی بلۆکی یەکگرتووی تورکیایە، هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی بۆ گەل بووەتە هیوا و جۆش و خرۆشێکی گەورە".

ژ.ت