هەدەپە: ئامانجی سەرەکی ستراتیژیمان کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە

هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە لە کۆبوونەوە لەگەڵ هاوسەرۆکانی شار و ناوچەکان قسەیان کرد و رایانگەیاند: "بە ئامانجی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی خۆمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئامادەکردووە".

هاوسەرۆکانی شارەکانی هەدەپە بەمەبەستی تاوتوێ کردنی کاروبارەکانی هەڵبژاردن کۆبوونەوە، بە هۆی چڕی بەرنامەی کارەوە کۆبووەنوەکە بە شێوەی ئۆنلاین بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار ئەنجامدرا.

سانجار لە سەرەتای قسەکانیدا سپاسی هاوسەرۆکانی شارەکانی هەدەپەی کرد بە هۆی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزە، بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی ٨ی ئادار و مەراسیمەکانی نەورۆز.

ناوەرۆکی قسەکانی میدحەت سانجار لە کۆبوونەوەکەدا بەم جۆرەیە:

دەتوانین سیستمێکی دیکە دابمەزرێنین

سیستمێکی دیکە، وڵاتیکی دیکە و هۆشمەندییەکی دیکە دەکرێت دابمەزرێت، ئێمە لە پێناو دامەزراندنی ئەو سیستمە و بۆ سەرەتایەکی نوێ، بۆ دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک وەک سیتمێک کە تیایدا هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بە ئازادانە و خۆشگوزەرانانە و بەشیوەی یەکسان بژین، تێدەکۆشین.

بە بڕیارداری و پێداگریی ئەوەی ئەم سیستمە دەگۆڕین چووینە ناو نەورۆزەوە

ئەمساڵ نەک وەک ئاهەنگ و شایی، بەڵکوو بە بریارداری و پێداگیری لەسەر ئەوەی ئەم سیستمە دەگۆرین پێمان نایە نەورۆزەوە و نەرۆزمان پیرۆز کرد. بە دەیان هەزار، سەدان هەزار و ملیۆنان کەس رژانە گۆڕەپانەکان. دەزانین رەنج و ماندووبوونی ئێوە لەوەدا چەندە گرنگە و ئەگەر ئەو هەوڵە نەبووایە نە بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزە، نە مەراسیمەکانی ٨ی ئادار و نە کۆبوونەوەی شکۆمەندانەی نەورۆز نەدەهاتنەئاراوە. ئێستا ١ی ئایار لەبەردەمماندایە. بەرپرسیارێتیمان ئەوەیە کە هەموو ئەو نرخ و پێداگرییانە بگەیەنینە ١ی ئایار.

ئامانجی سەرەکیمان شکاندنی دەسەڵاتداری شەڕە

دوای یەکی ئایار لە ١٤ی ئایاردا سندوقی دەنگدان دادەنرێن. لە پرۆسەی هەڵبژاردننداین. ئامانجمان ئەوەیە کە خۆمان بگەیەنینە گەل و پشتیوانی خۆمان فراوانتر بکەین و هێزمان زیاتر بکەین. هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار گرنگییەکی مێژووییان هەیە و هەموان ئەوە دەزانن. یان ئەم رژێمە کە شەڕی دیکتاتۆری و چەوساندنەوە وەک بنەمای سیاسەتی خۆی دادەنێت، خۆی بەهێزتر دەکات، یاخود سەرەتایەکی نوێ لەبەردەم کۆماری دیموکراتیک دەردەکەوێت. ئامانجی سەرەکی و بنچینەییمان ئەوەیە کە ئەو هێزەی لە سەر بناغەی نکۆڵی، تاڵان، کۆلۆنیالیزم و شەڕ دامەزراوە تێکبشکێنین. لەو رووەوە لە ئێستاوە تێکۆشانمان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بە پێداگرییەوە بەڕێوەدەبەین. سەرباری هەموو هێرش و گەمارۆکانیش هیچ هێزێک ناتوانێت پاشەکشێمان پێبکات.

هاوپەیمانی رەنج و ئازادی

ئێمە هاوپەیمانی خۆمان پێکدەهێنین. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەر لە ئێستا دامەزرابوو و ئێستاش رێگەی خۆی فراوانتر دەکات. لەلایەکی دیکەوە خەباتەکانی دامەزراندنی هاوپەیمانی کوردستانیش گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی. هەم هاوپەیمانی رەنج و ئازادی و هەمیش هاوپەیمانی کوردان دەبنە بزوێنەری ئەو هاوپەیمانێتیەی دیموکراسی و ئازادی. دەبێتە فاکتەر و پاڵنەری یەکلاکەرەوەی وەرچەرخانی دیموکراتیک.

ئێمە رامانگەیاند کە وەک هەدەپە ناتوانین بکەوینە ئەم هەڵبژاردنەوە، بەڵام هەموو رێکخستنەکانمان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەگەرە خۆیان ئامادەکرد. ئێمە بەردەوام لە بەرامبەر فرت و فێڵەکانی حکومەت و رژێم وشیاربووین و هەرگیز ئامادەکارییەکانمان رانەگرت. رامانگەیاندبوو لە ئێمە لەو هەڵبژاردنانەدا هێزی گەورە، دینامیزمی گەورە کە ئافراندوومانە و ئیرادەی وەرچەرخان و گۆڕانکاری نیشان دەدەین. بە ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کرایەوە ئەوەمان وت کە هەرگیز گەلەکەمان بە بێ چارەسەری و دەستەوەستانی ناهێڵینەوە. بۆ دروستکردنی رێگەی سێهەم بێگومان ئێمە جێگەرەوە دەخوڵقێنین.

ئێمە لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوزدا دەچینە هەڵبژاردنەوە

بۆ ئەوەی رێگەی سێهەم سەربکەوێت، بە دڵنیاییەوە ئێمە هەڵبژاردن وەک بەشێکی گرنگی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی گەورە دادەنێین و خەباتەکان دەگەیەنینە بەرزترین ئاست. باسمان لەوەکرد، لەلای هەندێک کەس و لایەن جێگەی پرسیارە، رەنگە پرسیار بکەن کە چی روودەدات، بەڵام زۆرینە دەزانن کە ئەو یەکێتییە گەورەیەی تێکۆشانی پێشوو رێگەمان پێدەدات، بەو هێزە گەورەیەی کە ئەزمونی بە ئێمە بەخشی، جێگرەوە و ئەڵترناتیڤمان دروست کرد، ئێمە لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوز دەچینە هەڵبژاردنەوە.

بوڵدان: پەرە بە هاوکاری و هاوپشتی دەدەین

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە پەروین بوڵدانیش وتی: "ئەمڕۆ دووەم رۆژی رەمەزانە، هیوادارم ببێتە مایەی خێر. هیوادارم رۆژوی گەلەکەمان وەربگیرێت. بە قۆناغ و ساتێکی گرنگ و مێژووییدا تێپەڕدەبین. بەڵام دەمەوێت بڵێم شێوازی ژیان و مێژوو لە تورکیا بۆ سەر دوو بەشی بەر لە بومەلەرزە و دوای بومەلەرزە دابەش بووە. هاوسەرۆکانی شار و ناوچەکانمان لە ناوچەی بومەلەرزە خزم و دراوسێکانیان ژیانیان لەدەستدا. ئێمەش لە کاتی بومەلەرزەدا رژاینە گۆڕەپانەکان. ئێمە وەک هەدەپە لەگەڵ گەلەکەمانداین.

قۆناغی ٨ی ئادارمان هەبوو، لە هەموو شوێنێک بەشێوەی جدی بەشدارییان لە کۆنفڕاسنە رۆژنامەوانییەکاندا کرد. کاتێک لە ٤ی ئادار چوومە هاتای پێشبینی ئەوەم نەدەکرد ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو. بەراستیش دەمەوێت بڵێم بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە ژنان کۆبوونەوە، ئەوە زۆر گرنگ بوو.

 لە نەورۆزدا ملیۆنان کەس گرنگی یەکێتیی نەتەوەییان نیشاندا

٨ی ئادار و نەورۆز ئەگەرجی لەناو شیوەن و پرسەشدابوون، هیوا بەخش بوون بۆ ئێمە. لە نەورۆزدا بە ملیۆنان کەس پەیامی گرنگی یەکێتیی نەتەوەییان بە ئێمە دا. هەوڵەکانی هاوسەرۆکانمان لە نەورۆز و ئاداردا گەورە و بەرچاوبوون. ئێستا هەڵبژاردنمان لە بەردەمدایە رەنگە ناوی کاندیدمان ئاشکرا نەکردبێت لەبەر ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ەستی پێنەکردووە و دوای ئەوەی لە رۆژانی داهاتوو بانگەشە بە فەرمی دەستی پێکرد ئێمە ئەو ناوە ئاشکرا دەکەین کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا پشتیوانی لیدەکەین. دەزانین کە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش هێندەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار گرنگە.

'ئامانجمان ئەویە ١٠٠ پەرلەمانتار بنێرینە پەرلەمان'

ئێمە بە دروشمی سەد ساڵەی دووەمی کۆمار ١٠٠ پەرلەمانتار دەنێرینە پەرلەمان، ئامادەکاریمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە کردووە. بە نوێنەرایەتیەکی بەهێز بۆ ئەوەی رەنگ، ناسنامە، قوربانیان، بندەستان و ئەو کەسانەی نکۆڵی لە بوونیان دەکرێت، نوێنەرایەتی بکرێن ئێمە تێدەکۆشین. لەبەر ئەوە ئامانجمانە کە بەم تێگەیشتنەوە بچینە پەرلەمان و کاریگەری لە سەر کارەکانی یاسادانان لە ساڵانی داهاتوو دابنێین. نوێنەرایەتی ژنان بۆ پارتەکەمان زۆر گرنگە و سازشی لەسەر ناکەین و لە کاتی پێکهێنانی لیستەکاندا قورسایی دەخەینە سەر ئەوە".

هـ . ب