ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕووسیا: ئەوەی حکومەتی پاشینیان کردی شەرمەزارییەکی گەورەیە!

ڕێکخراوە کوردییەکان لە ڕوسیا و یەکێتی دەوڵەتە سەربەخۆکان ڕادەستکردنەوەی دوو شۆڕشگێڕی کورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەرمەنیاوە بە دەوڵەتی تورک شەرمەزارکرد.

یەکێتیی ڕێکخراوە مەدەنییە نێونەتەوەییەکانی کورد، بزووتنەوەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی کورد و ڕێکخراوی ئێزدیەکان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە ڕادەستکردنی دوو شۆڕشگێڕی کورد لەلایەن ئێریڤانەوە بە دەوڵەتی تورک نیشاندا..

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ماوەیەک پێش ئێستا لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکرایەوە، کە دوو گەریلای هەپەگە لەلایەن میتەوە دەستگیرکراون، هەپەگە لەسەر ئەو بابەتە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا ڕایگەیاند، ئەو دوو گەریلایە لە سنووری ئەرمینیا دەستگیرکران و سەرباری ئەوەی لەلایەن دادگای دەوڵەتی ئەرمینیاەوە بڕیاری ئازاد کردنیان بۆ دەرکرابوو، بەڵام ڕادەستی دەوڵەتی فاشیستیی تورک کرانەوە.

لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا و کاتێک دوو شۆڕشگێڕ لە سەرحەدەوە و ڕووباری ئاڤارەش-یان تێپەڕاند و بەهۆی بەهۆی کەش و هەوا و تەم و مژیەوە ڕێگایان لێ تێکچووە و چوونەتە ناو سنووری ئەرمینیا. لەوێ ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانی سنووری ئەرمینیا دەبنەوە، لەبەر ئەوە ئەرمەنەکانیان بە دۆست دەزانی و ڕێگای شەڕیان نەگرتە بەر و لەگەڵ هێزە ئەرمەنییەکان دەکەونە گفتوگۆ، لە ئەنجامی ئەم دیالۆگەدا دەستگیر دەکرێن. دوای دەستگیرکردنیان گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئێریڤان. دۆسیەیان لە دژ کرایەوە و لەلایەن دەوڵەتەوە پارێزەرێکیان بۆ دابینکرا، دوو دانیشتنیان ئەنجام دەدرێت و لە دوا دانیشتنیشدا سزای ٨ ساڵ زیندانییان بەسەردا دەسەپێنرێت و لە ئەنجامدا ئەو دوو شۆڕشگێڕە دەست بە مانگرتن لە خواردندان دەکەن.

بەدەستێوەردانی پارێزەران و هەندێک لە ڕۆشنبیران، دۆسیەکە ڕەوانەی دادگایەکی باڵا دەکرێت و دادگای باڵا فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی سزای ٨ ساڵ زیندانیکردنی دەرکرد، کە لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٢دا سەپێنرابوو و بڕیاری ئازادکردن بۆ هەر دوو شۆڕشگێڕەکە دەرکرا، بەڵام کاتێک ئەو دوو شۆڕشگێڕە کوردە لە دادگا دەبنە دەرەوە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە و بە شێوەیەکی چەتەگەرییانە دەیانڕفێنن بۆ شوێنێکی نادیار.

لەسەر ئەوە بەڕێز کنیاز، کە پەرلەمانتاری کۆتای کوردە لە حیزبەکەی پاشینیان لەگەڵ وەزیری داد کۆدەبێتەوە. لە هەموو  کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتدا پێیان ڕاگەیاندرابوو، "هەردووکیان لە ئەرمینیان و هەر دوکیان سەلامەتن" و سوێندیان "لەسەر شەرەفی دەوڵەت" خواردبوو، کە دوو شۆڕشگێڕەکە بەم زووانە ئازاد دەکرێن. لەبەر ئەوەش دامودەزگا و کەسایەتییە کوردیەکان بڕوایان بە حکومەتی دەوڵەتی ئەرمینیا کرد و ئەو ڕووداوەیان بۆ میدیاکان و بۆ ڕای گشتی باس نەکرد.

هەرچۆنێک ئەوە دەرکەوت، کە ئەو دوو شۆڕشگێڕەی کوردە بە ناوەکانی ئاتیلا چیچەک و حوسێن یلدرم بە نهێنی لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی ئەرمینیاەوە ڕادەستی دەوڵەتی تورک کراون.

شەرمەزارییەکی گەورەیە، کە دەوڵەتی ئەرمینیا پەیوەندی بە دەوڵەتی تورکی دژمن و بکوژ و پاکتاوکاری گەلی ئەرمەنی و فاشیستەوە کردووە. ئێمە داوا لە گەلی ئەرمەنی دەکەین، کە لە دژی ئەو خیانەتە هەڵوێستیان هەبێت.

دامودەزگاکانی دەوڵەتی ئەرمینیا و بەرپرسانی وەزارەتی داد بە هۆی ئەوەی زانیاری ڕاست و دروستیان لەبارەی ئەو دوو شۆڕشگێڕە کوردەوە نەداوە و هەوڵیشیان داوە دەزگاکانی کورد و کوردانی ئەرمینیا لە یەکتر دووربخەنەوە، خیانەتیان کردووە.

ئەم ڕووداوەی ڕادەستکردن دوای ئەوەی هەواڵەکەی لە میدیاکانی تورکدا بڵاوبوویەوە ئاشکرا بوو. ئێمەی کورد چەندین سەدەیە چارەنووسی هاوبەشمان لەگەڵ گەلی ئەرمەندا هاوبەش کردووە و بەداخەوە خیانەتێکی لەو شێوەیە بە ئازارە.

ئەو کوردانەی، کە لە ڕوسیا و یەکێتیی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەژین بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەو ڕادەستکردنە ئابڕوبەرانەیە غەمگینی کردن،  جێگای شەرمەزارییە، کە حکومەتی پاشینیان بەو ڕادەیە خۆی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردووە. بەڵگەی ئەو خۆبەدەستەوەدانە لە رێگەى ڕادەستکردنی ئەو شۆڕشگێڕانەی کورد ئاشکرا بوو.

نزیکەی شەش مانگە هیچ زانیارییەک لەو دوو شۆڕشگێڕە کوردە نییە و دەبوایە دەسەڵاتدارانی ئەرمینا بە فەرمان و بڕیاری دادگا ئازادیان بکردنایە، بەڵام خیانەتیک و ساختەکارییەکی وەهایان کردووە، کە قبوڵ ناکرێت.

مامەڵەی پیس و قێزەونی دەوڵەتی ئەرمینیا لەگەڵ دەوڵەتی تورکی فاشیست، کە لە ئەنجامدا ئەو خیانەتەی لێکەوتەوە، بێڕێزییەکی گەورەیە بەرامبەر بە گەلی ئەرمەنی. ئەمە سوکایەتیکردنە بە بەهاکانی گەلی ئەرمەنی و دەبێت لێپرسینەوەی لەسەر بکرێت".

ژ.ت