کەنەکە سەرەخۆشیی لە قەسەدە کرد

کەنەکە بەبۆنەی شەهیدبوونی ٩ شەڕڤانەوە سەرەخۆشی لە هێزەکانی قەسەدە، یەپەژە و یەکینەکانی دژە تیرۆر کرد.

دەستەی بەڕێوبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) پەیامێکی سەرەخۆشیی بە بۆنەی شەهیدبوونی ٩ شەڕڤانی قەسەدە، یەکینەکانی دژە تیرۆر و یەپەژە بڵاوکردەوە.

کەنەکە لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، "لە چوارچێوەی تێکۆشان لە دژی شانەکانی داعش، یەکەیەک لە یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)ی سەر بە هێزەکانی قەسەدە، بە ئامانجی گۆڕینەوەی ئەزموونی ئەمنی و سەربازی و پارێزراوبوونی یەکەکان و بەئامانجی بەردەوامیدان بە ئەرکەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆیان لە شەڕی دژ بە تیرۆر و پاراستنی خەڵکی ناوچەکانی باکوو و رۆژهەڵاتی سوریا، ڕوویان لە باشووری کوردستان کردبوو.

هێزەکانی دژە تیرۆر لە شەڕی دژ بە تیرۆردا چەندین شەڕڤان و فەرماندەیان بەختکردووە، لە کۆبانێوە تا ڕەقا و دێرەزۆر بە بەهێزی و بە سەختی شەڕیان کردووە. ئەم هێزانە بە شێوازی پێشکەوتوانەی شەڕدا راهێنان و مەشقیان پێکرابوو و هاوبەشی سەرەکیی هاوپەیمانی نێونەتەوەین. بەفەرمانی شەڕڤان کوبانی و هەڤاڵەکانی شەڕی زۆریان لەدژی تیرۆر کردووەوە و یەک لەسەر یەک لەشار و شارۆچکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. بە ناوی جیهانەوە شەڕی بەهێزترین ڕێکخستنی تیرۆریستییان کرد، کە هەڕەشە لە ئاسایش و ئارامیی سەرانسەری ناوچەکە و جیهاندا دەکات.

ئێمە وەک دەستەی بەڕێوەبەریی کەنەکە سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان و گەلەکەمان دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە، بە دڵنیاییەوە  قوربانیدانی ئەو شەهیدانە دەبێتە چرای بەردەوامیی بەرخۆدان و پاراستنی گەلەکەمان و خاکە پیرۆزەکەیان".

ژ.ت