لە گۆتێبۆرگ و ئۆرەبرۆ نەورۆز پیرۆز کرا

لە شارەکانی گۆتێبۆرگ و ئۆرەبرۆی سوید ئاگری نەورۆز کرایەوە و بەجۆش و خرۆشێکی گەورەوە نەورۆز پیرۆزکرا.

چەند رۆژە کوردستانیان لە شارە جیاجیاکانی سوید نەورۆز پیرۆز دەکەن. دوێنێش لە شاری گۆتەبۆرگ ئاگری نەورۆز کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.

دوێنێ کاتژمێر ١٥:٠٠ لە ناوەندی شاری گۆتەبۆرگ مەراسیمی پیرۆزبایی بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە شەهیدان دەستیپێکرد. مەراسیمەکە کرایە دیاری گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژنان و هەروەها ژینا ئەمینی.

لە پیرۆزباییەکەدا لە شوێنی ئاگرکردنەوە وێنەکانی سەرهەڵدانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینیش لە گۆڕەپانەکە هەڵواسرابوون و بێ پسانەوە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەوترایەوە. ماوەی چەن ساڵە پیرۆزباییەکە لەلایەن ئەی بی ئێف گۆتەبۆرگ، کۆمەڵەی کولتور و هونەری مێزۆپۆتامیا رێکدەخرێن. مەراسیمەکە تا کاتژێر ٢٠:٠٠ بەردەوام بوو.

لە ١٩ی ئاداریش لە ئۆرەبرۆ و گۆتەبۆرگ نەورۆز پیرۆز کرابوو. لە پیرۆزباییەکەدا هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی گەل سەمیرا توران و عەلی کازان قسەیان کرد و رایانگەیاند کە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بچن و دەنگ بدەن و لەهەمان کاتدا بۆ هاوکاری لێقەوماوانی بومەلەرزەش هەمووان بە گیانێکی لێپرسراوانەوە مامەڵە بکەن و خاوەنداری لەگەل بکەن.

پیرۆزباییەکانی شارەکانی ئۆرەبرۆ و گۆتەبۆرگ تا درەنگانێکی شەو بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوامبوو.

هـ . ب