نوسینگەی یاسایی سەدە: رێبەری گەلی کورد چاوپێکەوتنی لەگەڵ سی پی تی ئەنجام نەداوە

پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە ڕایانگەیاند، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لەبەردەستی ئەواندا نییە، ئاشکرایانکرد، بیستوویانە ڕێبەر ئۆجالان دانیشتنی لەگەڵ سی پی تی ڕەتکردووەتەوە.

ئەمڕۆ نووسینگەی یاسایی سەدە ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە گۆشەگیریی ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بۆ شکاندنی گۆشەگیریی ئیمرالیی، سەردانی دەیان دەزگای پەیوەندیداری ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان کردووە، بەڵام سەرجەمیان بێ ئەنجام ماونەتەوە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە پچڕینی پەیوەندیی زیندانیی لەگەڵ پارێزەر و خانەوادەکانیان، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام ماوەی ٢٠ مانگە هیچ زانیارییەک لەسەر ڕێبەر ئۆجالان و سێ زیندانییەکەی دیکەی ئیمرالی، وەرنەگیراوە.

نووسینگەکە تیشکی خستووەتە سەر سەردانەکەی سی پی تی لە مانگی سەپتەمبەر (ئەیلوولی)ی ئەمساڵدا بۆ ئیمرالی و ڕایگەیاندووە: بەرپرسانی سی پی تی، لەسەر ڕەوشی بریگرتەکەمان، بچووکترین زانیارییمان پێنادەن و وەڵامی پرسیارەکانمان نادەنەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە ڕۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ سی پی تی کۆبووینەوە، بەرپرسانی سی پی تی تەنیا پێیانوتین، کە ئەوان ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەن و پێشکەشی تورکیای دەکەن، ئەگەر تورکیا پەسەندی بکات، ئەوا بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکەنەوە.

نووسینگەی یاسایی سەدە ئاشکراشی کردووە: بیستوومانە، کە لەکاتی سەردانی سی پی تی بۆ ئیمرالی، بەڕێز ئۆجالان ڕەتیکردووەتەوە چاوی پێیان بکەوێت، لەکاتی کۆبوونەوەشمان لەگەڵ سی پی تی، زانیارییەکی پێچەوانەی ئەوە پشتڕاست نەکرایەوە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: لەدوای سەردانەکەی سی پی تی و کۆبوونەوەکەی ئێمە لەگەڵیان، گومانی زیاترمان لەسەر دۆخی ئیمرالی بۆ دروستبووە و دەبێت سی پی تی، لەپێناو لەدەستنەدانی بەهای ڕێکخراوەیی خۆی و پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، زانیاریی سەبارەت بەو سەردانە بڵاوبکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە، دوایین جار لە ٣ی مارسی ٢٠٢٠، خانەوادەی زیندانیانی ئیمرالی ڕێگایان پێدراوە سەردانی دەستگیرکراوان بکەن. لە ٢٥ی مارسی ٢٠٢١-یشدا، بۆ یەکەم جار ڕێگا بە پەیوەندیی تەلەفۆنیی درا و چەند خولەکێکی کەم ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برای قسەیکرد، لەدوای ئەو پەیوەندییەوە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی ڕێبەر ئۆجالان و سێ زیندانییەکەی دیکەی ئیمرالی، بڵاونەبووەتەوە.

ف.ق