پیلانگێڕیی دەوڵەتی ئێران لەدژی سەرکردەی کورد؛ سمکۆی شکاک و لەناوبردنی بەشێوەیەکی نامەردانە

 ٩١ ساڵ بە سەر شەھید بوونی ناجوامێرانەی سەرکردەی ئازادیخوازی کورد سمکۆی شکاک دا تێپەڕی. ٩١ ساڵ دوای  شەھیدبوونی سمکۆ، کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەروا لە خەبات بۆ بەگەیشتن بە مافەکانی بەردەوامە و کاروانی شەھیدان ھەروا درێژەی ھەیە.

 ٩١ ساڵ بە سەر شەھید بوونی ناجوامێرانەی سەرکردەی ئازادیخوازی کورد سمکۆی شکاک دا تێپەڕی. ٩١ ساڵ دوای  شەھیدبوونی سمکۆ، کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەروا لە خەبات بۆ بەگەیشتن بە مافەکانی بەردەوامە و کاروانی شەھیدان ھەروا درێژەی ھەیە.

ئەم سەرکردەیە بە لێوەشاوەیی و ئازایەتی خۆی و لەشکرەکەی بۆ ماوەیەک بەشێکی بچووکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی لە ژێر دەستی دووژمنی داگیرکەر دەرھێنا.

ئێرانییەکان زانیارییان بەدەست گەیشتبوو کە سمکۆ بە نیازە دەست بە ڕاپەڕینێکی نوێ بکاتەوە، بۆیە پێشی کەوتن و ھەر زوو دەستی خۆیان وەشاند. لە کاتێک دا لەگەڵ ئەو نیزامە لە گفتوگۆدا بوو بە نامەردی تیرۆریان کرد.

جگە لەوەش دوای سەرکەوتنی پیلانەکەیان و شەھیدکردنی سمکۆ و چەند سەرۆک عەشیرەتێکی کورد، بۆ چاوترساندنی کوردان، تەرمی بێ گیانی سمکۆیان بردووەتە نێو شاری ورمێ و پێشانی خەڵکیان داوە و بەنێو شاردا گەڕاندوویانە و وێنەیان لێ گرتووە.

پیلانی تیرۆرکردنی سمکۆی شکاک بە بڕیاری ڕەزا شاە

دوای ئەوەی سمکۆ بۆ ماوەی  دوو ساڵ لە سێگۆشەی باشور، باکور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە بارودۆخێکی دژواردا دەمێنێ، لە ھاوینی ساڵی ١٩٣٠  سەرھەنگ (سادق خانی نەورۆزی) فەرماندەی ئێرانی لە شاری شنۆ بە ئاگاداری ڕەزا شا و بە مەبەستی خستنە داوی سمکۆ و لەنێوبردنی، نامەیەک بۆ سمکۆ دەنووسن و لە ڕێگای (تەیمووری شکاک)ەوە، کە پێشتر چەکداری سکۆ بووە، ئەو نامەیەی بۆ دەنێرن. ئێرانییەکان لەو نامەیەدا ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ و وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سمکۆ لە شاری شنۆ دەردەبڕن و داوا دەکەن سمکۆ بێتە شنۆ و لەوێ چاوی بە سەرلەشکر (حەسەن موقەدەمی) گەورە فەرماندەی دەوڵەت بکەوێت، کە بڕیار بووە بە نوێنەرایەتی ڕەزا شا بێت و لەگەڵ سمکۆ ڕێک بکەون.

دوای گەیشتنی نامەی دەوڵەت، سمکۆش بەو ئەزموونانەی کە لە ڕابردوویی خۆی و لەگەڵ دەسەڵات و دەوڵەت  ھەیبوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە سەختەی تێیدا بووە، ڕازی بووە بەڵکو بتوانێت بەم دانیشتنە دەرفەتێک بۆ خۆی وەچنگ بخات و ئەگەریش ئەنجامێکی نەبوو، ئەوجا دەست بە ڕاپەڕینێکی نوێ بکاتەوە.

چەندین کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان ھاوسەفەری سمکۆ بوون بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی ئەوکاتە

دوای ڕاوێژکردنی بە کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان، ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ نیشاندا، بۆ قایمەکاریی سەلامەتی سەفەری سمکۆ، وێڕای عەشیرەتی (گەردی) دانیشتووی دیوی باکوری کوردستان، مزوورییەکان و خورشید ئاغای ھەرکی و کەریم خانی خەیلانی و خۆشناوەکان و برادۆستیەکان، لەگەڵ سمکۆ چوون بۆ شنۆ.

لەناو عەشیرەتی گەردییەکان ئەو کەسانەی لەگەڵ سمکۆ چوون بریتی بوون: ئۆغز بەگ ئاغا، مەروان ئاغا و براکەی بەناوی حەمەدەمین ئاغا، شێر ئاغا و عەلی بیشوونی گەردی، شێخ ئۆمەر بێرۆخی، محەمەدئاغای کەلیتی، وێڕای چەند کەسایەتی گوند زێت لەناوچەی گەردیان، لەگەڵ سمکۆ بەرەو شنۆ ڕۆیشتوون.

" ئێرانییەکان ئەم وتوێژەیان وەک داوێک بۆ کوشتنی سمکۆ ڕێکخستبوو"

دوای گەیشتنی سمکۆ و یاوەرانی بۆ شاری شنۆ، لەوێ چاوەڕێی ھاتنی قاسیدی ڕەزا شا واتە سەرلەشکر حەسەن موقەدەم دەمێنێت. بەپێی ئەو بڕیارەی کە درابوو، دەبوا ئەو سەر لەشکرە لەلایەن ڕەزا شاوە بۆ واژووکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ سمکۆ بھاتبایەتە شنۆ. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوە کە ڕەزا شا، ئەو سەرلەشکرەی بۆ کوشتنی سمکۆ ئەرکدار کردبوو. دەوڵەت ھەر لە سەرەتاوە ئەم وتوێژەیان وەک داوێک بۆ کوشتنی سمکۆ ڕێکخستبوو، بۆیە لەلایەن "سادق خانی نەورۆزی"یەوە بە ڕواڵەت پێشوازییەکی گەرمیان لە سمکۆ کردووە و ویستوویانە بەم ڕێگایەوە چەند ڕۆژێک سمکۆ سەرگەرم بکەن تاکوو پیلانەکەیان بە ئەنجام بگەیەنن.

لەڕێکەوتی ١٩/٧/١٩٣٠ کاتی ئێوارە بەپێی پلانی دیاریکراو، سمکۆ و ھێندێک لە ھاوڕێیانی لەگەڵ سەرھەنگ سادق خان نەورۆزی، بە ڕواڵەت بۆ پێشوازی لە سەرلەشکر موقەدەم دەچنە سەر ڕێگای ھاتنەکەی لە قەراخ شار.

"جگە لەسمکۆ، سەرۆکی عەشیرەتی ھەرکی و گەردی و خەیلانی بەگوللـەی ئێرانیەکان شەھید دەبن"

بەڵام سەرەڕای کاتی دیاریکراو، دوای درەنگکەوتنێکی زۆر، نێردراوەکانی سەرلەشکر دێتە لایان و ئاگاداریان دەکەنەوە کە بەھۆی تێکچوونی ماشێنەکەیان، سەرلەشکر ناتوانێ ئەمڕۆ بێتە ئەوێ و سبەینێ دێت. سمکۆ و ھاوڕێکانی کە تا درەنگانێک لەوێ چاوەڕێ مابوون، جارێکی دیکە بەرەو شنۆ دەگەڕێنەوە و کاتێک دەگەنە نزیک دیوارەکانی قەراخ شار، لەئاکامی خیانەتی ڕەزا شا، لەئێوارەی ڕۆژی ١٩/٧/١٩٣٠ لە چەند لاوە دەکەونە بەر ئاگربارانی توندی ھێزەکانی سەرھەنگ سادق خان نەورۆزی، کە بەپێی پیلانی لە پێشدا داڕێژراویان سمکۆیان خستبووە بۆسەوە.

لەسەرەتادا سمکۆ بریندار دەبێ، خۆی دەخاتە قووڵکەیەکەوە دەیھەوێ کوڕەکەی بەنێوی خوسرەو ڕزگار بکات، لەو کاتەدا چەند گوللـەی دیکەشی بەر دەکەوێ و ئیتر گیانی ئەو قارەمانەی کوردستان فیدای نیشتمان دەبێت.

ھاوکات خورشید ئاغای سەرۆکی عەشیرەتی ھەرکی، مەروان ئاغای گەردی و براکەی، کەریمخانی سەرۆکی عەشیرەتی خەیلانی، بە گوللـەی ئێرانییەکان شەھید دەبن و فەتاح ئاغای ھەرکی لەگەڵ سێزدە کەسی دیکەش، بەسەختی بریندار دەبن.

بەھۆی سەختی شەڕەکە و نەبوونی دەرفەت تەرمی سمکۆ لە گۆڕەپانەکەدا بەجێ دەمێنێت. ھێزەکانی سمکۆ چەند جار ھێرشیان کردووەتە سەر ئەو شوێنە، بۆ ئەوەی بتوانن تەرمی سمکۆ لە دەستیان دەربهێننن، بەڵام بەھۆی پەلاماری ھێزی یارمەتیدەری ئێرانی کە لە چەند لاوە ھاتبوون، شەڕڤانانی سمکۆ نەیانتوانیوە تەرمی سمکۆ دەرباز بکەن.

ڕۆژی دواتر، سەرلەشکر موقەدەم بۆ چاوترساندنی کوردان، تەرمی بێ گیانی سمکۆیان بردووەتە نێو شاری ورمێ و پێشانی خەڵکیان داوە و بەنێو شاردا گەڕاندوویانە و وێنەی لێ گرتووە، دواتریش تەرمەکەیان لە دەرەوەی دەروازەی "ھەزاران"ی ورمێ، لە نزیک جۆگەی ئاوی "دەھـوار" ناشتووە، بەڵام تا ئێستاش شوێنی ڕاستەقینەی شاردنەوەی تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

شەھیدکرانی سمکۆ بۆ گەلی کورد تراژیدی و کارەساتێکی مەزنی نەتەوەیی بوو و نیشتمانپەروەرانی کورد بەگشتی بەو کۆستە غەمبار  و تازیەدار بوون، ھەروەھا ئەو کارەساتە لە سەر ئاستی ئێران، تورکیا، عێراق و وڵاتانی زلھێزی جیھان، دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبووە و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بە فراوانی ئەو ڕووداوەیان ڕوماڵ کردووە.

سمکۆی شکاک کێبوو؟

سمکۆ دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژئاوای گۆلی ورمێ لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە

سمکۆی شکاک یەکێکە لە پێشەوا پاڵەوانەکانی کورد. شۆڕشگێڕێکی کورد و رابەری ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سەرکردەی گەلێ لە ھۆزە کوردە بەھێزەکانی نێوان ورمێ و خۆی و سەڵماس و رەزائیە بوو.

ئیسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک (١٨٨٧-١٩٣٠) ئەو شۆڕشگێڕەی کوردە، کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژئاوای گۆلی ورمێ لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە.

سمکۆی شکاک، دوای شێخ عوبەیدوڵـلای نەھری، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ڕێبەری گەورەترین و درێژترین سەرھەڵدانی نەتەوەیی کردووە، کە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ درێژەی بە خەباتی ڕزگاریخوازی داوە.

لەھەمانکاتدا سمکۆ لە ئاستی ھاوکێشەکانی پێوەندیدار بە پرسی کورد، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پێوەندییەکانی نێوان ئێران، تورکیا، عێراق، رووسیا و ئینگلیزەکان ھەبووە، بۆیە بەردەوام لە ڕۆژنامەکانی ئەوکات، باس لە سمکۆ و خەباتە نەتەوەییەکەی کراوە و ئارشیڤی ئەو وڵاتانەش پڕن لە بەڵگەنامە و ڕاپۆرتی پێوەندیدار بە خەباتی سمکۆی شکاک و ناوی سمکۆ و سەرھەڵدانەکەی بۆ ئازادی گەلی کورد و سەربەخۆیی کوردستان.

سمکۆ قارەمانێکی نەتەوەیی بوو کە ناوی بۆ ھەمیشە لە لاپەرەکانی مێژوودا دەدرەوشێتەوە.

ژ.ت