قەرەیلان: شەڕ بەردەوام دەبێت و نابێت کەس بێ باک و خەمسارد نزیک ببێتەوە

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، هێشتا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەڕێکی قورس هەیە، نابێت هیچ کەسێک بە بێ باکی و خەمساردییەوە هەڵسوکەوت بکات، داوای لە هەمووانیش کرد، پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەریلا بکەن.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە 'بەرنامەی تایبەتی' ستێکر تیڤی قسەی کرد. لە بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەدا، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەڵسەنگاند.

بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ قەرەیلان، کە کەناڵی ستێرک تیڤی پەخش کرا بەمشێوەیەیە:

گۆشەگیرییەکی توند لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەیە. گەلی کورد لە دژی ئەوە چالاکی ئەنجام دەدەن. ئێوە ئاستی ئەوە چۆن دەبینن؟      

لەم دواییەنەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک ژمارەیەکی زۆر هێرشی بۆ سەر باکوری کوردستان بۆ سەر ئەیالەتەکانی باکوور ئەنجامداوە. دوژمن دەیویست سوود لە دۆخی کەش و هەوا وەربگرێت، بەڵام لە زۆر شوێن بێ ئەنجام بوو، بەڵام لە جودی، گابار و بەستا شەڕی قورس ڕوویاندا و بەرخۆدان هەبوو. هەموو شەهیدانی ئەم بەرخۆدانەمان لە جودی لە کەسایەتیی فەرماندە هاوڕێ هارون دا، لە گابار لە کەسایەتیی هەڤاڵی فەرماندە هۆگر و ئەڤریم و لە بەستا لە کەسایەتیی هاورێی هێژا فەرماندە ڕۆژبین گەڤەردا یادی هەمویان بەرز ڕادەگرم. هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا لە هێرشێکی دوژمندا ٢ شۆڕشگێڕی رێکخستنیی دۆست و هەڤاڵی مەلەکەپە شەهید بوون. کەسانی پێشەنگ و فەرماندە بوون. ئێمە بە ڕێزەوە یادی هاوڕێمان ئەحمەد شۆڕش و فرات نەواڵ دەکەینەوە. لە کەسایەتی هاوڕێ مەلسا مووش دا، ئەو هەڤاڵە ساڵی ڕابردوو شەهید بوو و ئەمساڵ شەهیدبوونەکەی ڕاگەیاندرا، لە ئامادەکاریی بەرخۆدانی زاپدا ڕەنجێکی زۆر کێشا، لە کەسایەتیی هەڤاڵ مەلسادا یادی هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی زاپمان دەکەمەوە و سەری ڕێز بۆ یادی هەموو شەهیدان دادەنەوێنین. ئێمە ئەو بەڵێنەمان دووپات دەکەینەوە، کە بەو شەهیدانەمان داوە.

هێرشێکی توند لە سەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە. ئەوە بە شێوەی گۆشەگیرییەکی ڕەها و توند، بە ئەشکەنجەی دەروونی ئەنجام دەدرێت. ئێمە بە بەردەوامی ڕامانگەیاندووە، کە ئەمە گۆشەگیری سەر کەسێک نییە، ئەمە گۆشەگیرییە لەسەر گەلێک، گۆشەگیرییە سەر ئازادیی گەلی کورد، لەسەر ئایندەی گەلی کورد، لەسەر دیموکراسی تورکیا. گۆشەگیرییە لەسەر یاسا و دادپەروەری. گۆشەگیرییە  لەسەر ئایندەی گەلی هەرێمەکە. ئێمە هەمیشە ئەوانەمان دەربڕیوە و ئەوانەش ڕاستییەکانن، بەڵام ئێمە ئێستا کاتێک لەو چوارچێوەیەدا سەیری کاردانەوەکان دەکەین، ئەوە دەبینرێت، کە ئەم گۆشەگیرییە گۆشەگیرییەکی گشتییە، کە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم یاسا، دادپەروەری، دیموکراسی و ئازادی، چونکە بەم گۆشەگیرییە سیاسەتی جینۆساید لەسەر کوردستان پەیڕەو دەکرێت، لە ناوەرۆکەکەیدا پاکتاوکردن و سڕینەوە هەیە، ڕای گشتی و گەلەکەمان و گەلانی دۆست لەوە تێدەگەن و تێگەیشتنی لەسەر دروستبووە. بۆ ئەو مەبەستەش لەم دواییانەدا بەڕاستی کاردانەوەی بەهێز هەبوو.

ئەمڕۆ لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورکدا هیچ ڕەوشت و یاسایەک نییە و لە هیچ شوێنێکی تر شتی وەها نییە، ئەمڕۆ لە دژی ئەوە تێکۆشانێک هەیە. هەم لەلایەن گەلەکەمان و هەم لە لایەن گەلەکەمانەوە لە دەرەوە، لە ئەوروپا و شوێنەکانی تر کاردانەوە هەیە. هەم لەلایەن دۆستەکانمان، گەلانی دۆستمان، ڕێکخستنە دۆستەکانمان، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و کەسە دیموکراسیخوازەکان و جیهانییەکان و کۆمەڵگای جیهانیەوە کاردانەوە هەیە. هەم پەرلەمانتارانی ئەوروپی لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و هەم لە خودی کوردستان دا، لە پەرلەمانی تورکیادا ئەو دەنگانە پێشدەخرێن، کاردانەوە نیشان دەدرێن و هەندێک رای گشتی دروستبووە. مرۆڤ دەتوانێت لەوبارەیەوە ئەوە بیڵێت. واتە ئێستا ناڕەزایەتی و کاردانەوەکان لە ئاستێکی خراپ نین، بەڵام تێرکەر و قایلکەر نین. لە بنچینەدا ئێمە لەمەدا درەنگ کەوتوین. ئەمە دەبوایە زووتر ئەمانە بکرانایە. لە ئاستی جیهانیدا، پێشتر کۆنسێرتێک لە ئیتالیا ئەنجام درا. ئێستا بینیمان لە ئیسپانیاش ئەوە ڕوویداوە. خاوەنداریەتی، نیشاندانی هاوڕێیەتی و دۆستایەتییە بە شێوەیەکی سروشتی و جەوهەری و ئەمڕۆ ئەوە تا ڕادەیەک ڕوویداوە، بەڵام وەک وتم، ئەمە بەس نییە، دەبێت مرۆڤ زیاتر گەشەی پێبدات و بەهێزی بکات. هەتاکو بتوانێت ئەم زنجیرە پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە و ئەو سیستەمە ئەشکەنجەیەی سەر ڕێبەر  ئاپۆ تێکبشکێنێت.

لە زاپ شەڕێکی قورس لە ئارادایە. لە زۆر ناوچەدا دوژمن هێشتا چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت. لە هەندێک شوێندا پاشەکشەیان کردووە، دۆخی ئێستای زاپ چۆنە؟

دەبێت من بە باشی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونکە ئێستا دەنگۆی زۆر هەیە، هەم دەوڵەتی تورک لەلای خۆییەوە و بۆ ئەوەی تێکشکانەکەی بشارێتەوە بەرنامە بۆ خۆی دروست دەکات و لێدوان دەدات و ڕاگەیاندراو بڵاودەکاتەوە. هەم مشتوڕیش هەیە، هەم لەلای کوردیشەوە هەندێک لێکدانەوە دەخرێتەڕوو، کاتێک ئێمە سەیر دەکەین، ئەوە دەبینین، کە تێگەیشتن لەسەر بارودۆخەکە بەباشی و دروستی نییە، کاتێک مرۆڤ بڵێت دوژمن هەڵهاتوووە، لە زاپ ڕۆیشتووە و نەماوە، ئەوە ڕاست نییە، بەڵام مرۆڤ ئەوەش بڵێت، کە هەموو شوێنێک گیراوە و زاڵبوون، ئەوەش ڕاست نییە. ڕاستییەک هەیە، شەڕێک هەیە و ئەم شەڕە بە چڕی بەردەوامە، چونکە هەندێک شێرۆڤەی لەو شێوەیە پێشدەخەن، کە گوایە شەڕ کۆتایی پێهاتوە، یان شەڕ سوک بووە، بەڵام ئەوە وا نییە و من هەندێک باسی ئەوە دەکەم.

ئایا ئەمە لەگەڵ خۆیدا لە خۆی ڕازیبوونێک دروست ناکات؟ چونکە ئێستاش گەریلاکان شەڕی قورس دەکەن.

 بێگومان لەخۆ ڕازیبوون و ڕەحمەتییەک دروست دەکات و هەم بەباشی تێگەیشتن لە حەقیقەتەکە دروست نابێت. لەوانەیە ئەمە کەم وکوڕیی ئێمەش بێت. ئێمەش نەمانتوانی بە باشی ڕوونی بکەینەوە. پێش هەموو شتێک، با ئەوە بڵێم. ئەو شەڕە ئەمڕۆ لە باکوور، لە هەموو ئەیالەتەکاندا ڕوودەدات. ئێستا لە ناوچەی زاپ، مەتینا، ئاڤاشین-یش ڕوودەدات. ئەم شەڕە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستیپێکردووە. ئێمە لە پاراستنداین. ئێمە چارەسەری سیاسی دەکەینە بنەما، بەڵام دەوڵەتی تورک مێزی چارەسەری هەڵگەڕاندنەوە و هێرشی بۆ سەر ئێمە پەرەپێدا. واتە ئەوەی دەوترێت 'پەکەکە خاکی عێراق بەکاردەهێنێت، دەچێت لە تورکەکان دەدات'، شتێکی بەوشێوەیە گۆڕێ نییە. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە هیچ کەسێک لەلای باشووری کوردستانەوە گولـلەی بە دەوڵەتی تورکەوە نەناوە. دەوڵەتی تورک بۆخۆی گەیشتۆتە چەمکێک و دیدێک، کە دەستکەوتەکانی گەلی کورد داگیربکات، سنووری میساقی میللیی بۆ خۆی کردووەتە ئامانج، لەسەر ئەو بنەما و چوارچێوەیە هەم هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەم هێرشی بۆ سەر باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ کردە پلانی خۆی.

واتە ڕاستییەکە بەم شێوەیەیە، بێگومان هێرشێکی تاکلایەنە هەیە و بێگومان لە بەرامبەر ئەوەشدا ئێمە ە شەڕی بەرگری و خۆپاراستن دەکەین، شەڕی پاراستنی خاکی کوردستانە، شەڕی پاراستنی خاکی پیرۆزە. ئەو شەڕەی ئەمڕۆ دەکرێت بەو شێوەیەیە.  واتە، هەندێک بەملا و ئەولایدا دەبەن، بەڵام بەڵام ڕاستیەکە بەم شێوەیەیە. لە لایەکی ترەوە، شەڕ چۆن بوو، ئێستا چۆن بەڕێوە دەچێت؟ وەک دەزانرێت، سەرەتا لە حەفتانین و ٣ ساڵ لەوە پێش دەستی پێکرد، ئەو شەڕە ماوەی ساڵێکی خایاند. واتە ساڵی ٢٠٢٠. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ دا دەوڵەتی تورک دەیخواست ناوچەیەکی بەر فراوان لە ئاڤاشین و زاپ و هەر دوو بەر و لایەنی زاپ و بەشێک لە مەتینا داگیر بکات. ئێمەش لە دژی ئەوە بەرەنگاری و بەرخودان دەکەین. بەم بەرخۆدانە خاکی باشووری کوردستان دەپارێزین. ئەگەر ئێمە نەمانپاراستایە، دەیانویست بۆ ماوەیەکی کەم ئێرە داگیر بکەن و دەست بە پێشڕەوی بکەن وتاوەکو گارە بڕۆن، تاوەکو مەخمور و شەنگال بڕۆن و بەمشێوەیە داگیری بکەن. سەربازەکانی خۆیان و ئەوانەی باشیک بکەن بگەیەننەوە بە یەک. ئەوە پلانەکە بوو و پلانەکەیان بەوشێوەیە بوو.

بۆچی ئێستا لە باشیک ناکشێتەوە؟ هەرچەندە دەوڵەتی عێراق داوایکردووە بکشێتەوە، چەند ساڵێک پێش ئێستا، بەنهێنی سەربازە مەدەنییەکانی خۆی وەک میت لەکەرکوک بڵاوە پێکردووە. پلانێکیان بۆ خۆیان داناوە. ئەو پلانە لە ژێر ناوی 'ئێمە دژی تیرۆر دەجەنگین'' شاردووەتەوە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکەیە. ئێمە ئەمەمان هەر وا بە سادەیی و هەرزانانە بەڕێوە نەبردووە، ئێمە بۆ ئەمە قوربانیی زۆرمانداوە، دەبێت ئەمە لە لایەن هەمووانەوە پێ بزانرێت و ببینرێت. ئێمە قوربانیی ئەوەمان داوە. ئەم جەنگە هێشتا بەردەوامە. چۆن بوو؟ من باسی ئەوەش دەکەم. ساڵی ٢٠٢٢ دوژمن ویستی بە تەواوی زاپ داگیر بکات و بۆ ئەوە هات، بەڵام دوژمن لە رۆژئاوای زاپ یەک سەنگەری گەریلاشی نەگرت. نەیتوانی یەک سەنگەریش بگرێت. نەیتوانی تەنها یەک تونێلیش بگرێت.. بۆیە نەیتوانی خۆی جێگیر بکات، ناچار بوو خاڵێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت و هەموو هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە بۆ ئەو خاڵە. ئێمە بەو خاڵە دەڵێین ئێف ئێم، واتە پشتی گوندی زێڤێ. لەوێ دۆڵێک لە دامێنی چیای هەکاری هەیە، چیاییەکە بەسەر ئامێدیدا دەڕوانێت.

دەیەوێت هێزی خۆی لەوێ جێگیر بکات. ئێستا ڕێگاشی بۆ دروستکردووە و تانکیشی بۆ هێناوە. ئەو دەیەوێت لەوێ جێگیر بێت. سێ گردیان گرتووە، بەڵام ئێمەش لەوێین، هەڤاڵانمان لەوێن. لەوێ گردی شەهید مونزور هەیە، ئێستا لەوێ شەڕ هەیە. ئەمە ئەو شوێنەیە، کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت خۆی تیادا جێگیر بکات، بەڵام هەڤاڵانمان ڕێگەیان پێنادەن، لە بەردەمیاندا بوونەتە ئاستەنگ.  ئێستا ئەوان دژ بەو هەڤاڵانە بە هەموو جۆرە چەکێک شەڕێکی بەهێز دەکەن. لە گردی ئێف ئێم شەڕێکی قورس ڕوودەدات. واتە دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای زاپ بێ ئەنجامە و شکستی هێناوە. ئەو تەنها دەیەوێت ئەوێ بگرێت، بەڵام ناتوانێت ئەوێ بگرێت. ئەو هێشتا هەوڵی ئەوە دەدات. ڕۆژئاوا ئاوایە. مەتینا لە لای ڕۆژئاوایە، لە مەتینا سەر گردی هەکاریی گرتووە، بەڵام هەڤاڵانمان لەوێش نزیکن. ئێوە بینیتان هەڤاڵان لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا هەڵمەتێکیان لە دژیان ئەنجام دا، گورزێکی گەورەیان لێدان. نزیکە، هەڤاڵانیش لەوێ لە نزیکیانەوەن. واتە دیارنییە کە لێرە بە هەمیشەیی بمێنەوە یان نەمێننەوە. بەراستی لێرە شکستیان هێناوە، نەگەیشتووەتەئەنجام. بەڵام تائێستا شەڕ بەردەوامە.لە لای رۆژهەڵاتی زاپەوە چۆنە؟ واتە تا ئاڤاشین. لەوێش دەوروبەری زاپی نەگرتووە و ناتوانێت بیگرێت. بەڵام دەیەوێت زنجیرێک لە تەنیشت ئاڤاشین دروست بکات تا شێلادزێ. لەوێ شاخێک هەیە پێی دەڵێن شاخی مامڕەش، ئیتر بەشی کۆتایی کوڕەژارۆیە. لەوێ لە کوڕە ژارۆ، لە دوند و لوتکەی کوڕەژارۆ لە زۆر شوێن، لە هەرێمی ساجا لە زۆر ناوچە کشاوەتەوە و ئێستا هەموو قورسایی خۆی خستتووەتە سەر هێڵی تەنیشت ئاڤاشین. لەوێ ئێستا لە چەمچۆ شەڕ هەیە و لە گوندی سیداش هەیە. لە دەوروبەری هەردوو گوندەکان شاخی لوتکە هەیە، لەو شاخانە ئێستا شەڕ بەردەوامە. بڕوانن ئێستا نۆ مانگ و نیوی پڕکردۆتەوە. هەروەها لێکمدایەوە ٢٩٠ رۆژ تەواو دەبێت. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت چی بکات؟ دەیەوێت وەک مەرڤانیس، وەرخەلێ، چەمچۆ، سیدا و پشتی شێلادزێ زنجیرێک دروست بکات، لێرە خۆی جێگیر بکات. بەڵام گەریلا ناهێڵێت لە چەمچۆ، سیدا و دەوروبەری شێلادزێ خۆی جێگیر بکات. ئێستا شەڕێکی زۆر دژوار لەوێ هەیە. رێگای بەرەو ئەوێ راکێشاوە، تانک و تۆپی هێناوە، بەتایبەتی لەوێ قەڵای چەمچۆ هەیە. دەوڵەتی تورک لە هەموو قەرەقۆڵەکانی سەر سنوورەوە کاتیوشا دەگرێتە قەڵای چەمچۆ. بە فڕۆکەی شەڕ ناوەناوە لێیدەدات. بەرامبەر تانکیان داناوە بە تانک لێی دەدەن. بە چەکی سوک لێی دەدەن، بە هەموو جۆرە چەکێک لێی دەدات بەڵام ٢٩٠ رۆژە قارەمانانی ئەووێ خۆڕاگری دەکەن. رێگە نادەن لەوێ جێگیر ببن. زۆرترین مەودا کە لە شاخەکە نزیک بوونەوە ٤٠٠ مەتر بووە، جیا لەوە نزیک نەبوونەوە. جیا لەوە لەوێ سەنگەری شەهید دۆغان، شەهید بۆتان، شەهید فەلات هەیە. لەو شوێنانەش بە هەموو جۆرێک هەم بە تانک، هەم بە کاتیوشا، هەم بە چەکی سوک و لەو شوێنانە چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن. لە قەڵای چەمچۆ ناتوانن بچنە سەر و چەکی کیمیایی بەکاربهێنن. یاخود تائێستا نەگەیستووەتە دەروازە تونێلەکان. لە دوورەوە دەیانکەنە ئامانج. بەڵام لە شەهید بۆتان و شەهید فەلات بەتایبەتی سەهید بۆتان نزیکەی هەموو رۆژێک ١٠-١٥ جار چەکی کیمیایی تێدا بەکاردەهێنرێت. کاتیوشا، تانک، تەقەمەنی قەدەغە بەکاردەهێنن. دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی ئەو شوێنە بخات هەموو هێزی خۆی بەکاردەهێنێت. شەڕێکی دژواری بەو جۆرە هەیە، بەڵام رای گشتی وەک ئەوەی لەوێ شەڕێکی ئاسایی هەبێت دەیبینێت. رەنگە گۆڕەپانێکی بەرفراوان نەبێت، بەڵام ئەو گۆڕەپانە کە لە دوو گوند پێکدێت و بەشی خۆی هەیە. بەڵام بە هەموو جۆرە چەکێکەوە شەڕی تێدا دەکرێت. من ئاوا دەڵێم. ئەو شەڕڤانانەی لەوێن کەی بیانەوێت دەتوانن تاو بدەنە جانتاکەیان و ئەوێ جێبهێڵن. واتە زۆر بەردەمیان نەگیراوە. بەڵام ئەوان دەیانەوێت پارێزگاری بکەن، خاک بپارێزن، کوردستانی باشور بپارێزن. ئەوانە مرۆڤی کوردستانین. پێشتر بەڵێنمان داوە کە هەموو شوێنێکی کوردستان بپارێزین. دوژمن دێت و دەیەوێت داگیری بکات، لەوێ زنجیرێک ساز بکات، بەرامبەر بەوە خۆڕاگری دەکەین. ئەو بەرخودانە کارتی دەستی سیاسەتی کورد، دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی دەوڵەتی عێراق لەبەرامبەر حکومەتی تورکیا بەهێز دەکات. ئەگەر بە هۆی ئەم بەرخودانەوە نەبوایە، دەوڵەتی تورک لە موسڵ دەگیرسایەوە، گوێی بە کەس نەدەدا. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لێرە شکستی هێنا، دوو ساڵە ناتوانێت زاپ داگیر بکات. لێرە شەڕ لەئارادایە. ئەوانەشی لێرە دەجەنگن بیانی نین، خەڵکی کوردستانن. ژمارەیەکی زۆریش هەڤاڵی خەڵکی باشور لەناوماندان. فەرماندە بەرفین سارا کێیە؟ خەڵکی سلێمانیە. فەرماندە زەردەشت پیرانشار خەڵکی کوێیە؟ خەڵکی رانیەیە. فەرماندە دەلال شۆڕش خەڵکی کوێیە؟  خەڵکی سلێمانیە. هەڤاڵ عەگید کوردستان خەڵکی کوێیە؟ خەڵکی خانەقینە. هەڤاڵ شاهۆ قەندیل خەڵکی کوێیە؟ خەڵکی سەید سادقە. واتە ئەو هەڤاڵانە، بۆ نمونە هەڤاڵ هەڵمەت ڤیان، خزمی شەهید ڤیان سۆرانە. هەڤاڵێکی گیانباز بوو خەڵکی سلێمانی بوو. واتە رۆڵەی ئەم وڵاتەن کە لێرە خۆڕاگری دەکەن. ئەوانەن کە لە هەر چوار بەشی کوردستانن. بەرخودانێکی ئاسایی نییە، لەبەرامبەر هەموو جۆرە چەکێک دەتوانن بە ئیرادەیەکی گەورەوە بوەستنەوە. ئێستاش بەردەوامن. ئەوەتا ئەمڕۆ لە ناوەڕاستی زیستاندایە. دەوڵەتی تورک لەبەر ئەوەی سەرنەکەوت بۆ رای گشتی راگەیاند کە کۆتایی بە ئۆپراسیۆنەکە هێناوە و باسی لەوەکرد، 'زنجیری زاپم تەواو کردووە'. درۆیە، شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە. ئێستا دەیەوێت بە هەموو هێزی خۆیەوە لە شاخی ئێف ئێم جێگیر بێت، هەڤاڵانی ئەوێ لەناوببات. دەیەوێت لە تەنیشت ئاڤاشین زنجیرێک دروست بکات و ئەو هەڤاڵانەی لەوێن بەتایبەتی لە چوار سەنگەردا خۆڕاگری دەکەن و هەڤاڵانی گۆڕەپانەکانی دەوروبەری ئەوان کە بە شێوازی تیمی گەڕۆک شەڕ دەکەن ئێستا شەڕ لەوێ زۆر بە چڕی بەردەوامە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا، حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە ئەمە لە رای گشتی دەشارێتەوە. لەبەر ئەوەی ئاشکرای کرد؛ کۆتایی هاتووە. کوژراوەکانیشی دەشارێتەوە، ئێستا لێرە هەموو رۆژێک کوژراوی دەبێت. هەموو رۆژێک تیمە گەڕۆکەکان لە دەرەوە لێیان دەدەن. بەڵام هەموویان دەشارێتەوە. ئەو شوێنەی کە دەڵێن 'تییدا سەرکوتووین'، بۆ نمونە زاپ، من باسی لای رۆژئاوای زاپم کرد، لەوێ دوژمن تەرمەکانی خۆی لەبەردەستی هەڤاڵاندا هێشت و رۆیشت. لەوێ نەیانتوانی کوژراوەکانی خۆیان ببەن، سوتاندیانن و رۆیشتن. بە کورتی دەوڵەتی تورک شکستی هێناوە، ئەو ە راستە. بەڵام با مرۆڤ زۆر ئەوە بەرجستە نەکاتەوە چونکە هێشتاش بەردەوامە. هەندێک شوێنیشیان گرتووە. ئێمە هێشتا لەناو یەکداین، شەڕ بەردەوامە. دۆخەکە بەم جۆرەیە. ئەمە بۆ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە. بەڵام دەبێت هەر کەس بزانێت کە ئەوە ئاسان نییە، بە گیانبازییەکی گەورە دەستەبەر دەبێت. تەنیا بە وسیاری هێڵی رێبەر ئاپۆ، بە گیانێکی فیدایی دەستەبەر دەبێت. هەروەها بەشێوازێکی پسپۆرانە، بە شەڕ دەبێت، تاکتیک و ستراتیژ کە لێرە پەیڕەو دەکرێت، ئەو ستراتیژە نوێیە، بۆ تەواوی جیهان نمونەیە. ئەو شتە نوێیانەی روودەدەن، شتی ئاسایی نین. بۆ هەموو گەلی کورد مایەی دڵخۆشییە. ئەمرۆ کچ و کوڕی کورد لێرە بە ئیرادەیەکی گەورەوێنا دەکەن، شەڕێکی مێژوویی دەکەن. داوا لە گەلەکەمان دەکەین بە تایبەتی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان پشتیوانی ئەو قارەمانە بکەن، بەتەنیا جێیان مەهێڵن. لە هەموو شوێنێک پشتیوانی بکەن بۆ ئەوەی ئەم بەرخودانە مێژووییە سەربکەوێت.

لە بەرنامەیەکی بەر لە ئێستادا وتتان 'ئەو سەربازانەی لێرەن یان دەڕۆن، یاخود هەموویان دەمرن'. ئەوە چەندە هاتووەتە دی؟ ئەو سەربازانە بە تەواوەتی لە کوێ رۆیشتوون؟ دۆخەکە چۆن بوو؟

 راستە، ئێمە ئەو قسەیەمان بۆ سەربازان کە لە شاخی ئامێدی یاخود لە سەرووی گوندی سێگرێ جێگیرکرابوون، وتبوو. لەبەر ئەوەی ئەو کاتە هێزەکانی پەدەکەش لە سەرووی ئەوانەوە خۆیان جێگیرکردبوو. بەو بۆنەوە وتمان. بەراستیش هەڵکەوتە و پێگەی ئەوانیش لەوێ بە گوێرەی پێوانە سەربازییەکان لە لاوازیدابوو. ئاشکرابوو کە لە وێ ناتوانن بگەنە ئەنجام. خۆی ٧-٨ مانگ لەگەڵ هەڤاڵانی ئەوێ لە شەڕدابوون. نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک. هەڤاڵان چەندین گورزیان لێوەشاندن، زۆریان لێکوژرا. هەڤاڵان دەستیان بەسەر تەرمێکیاندا گرت، لە راگەیاندنیشەوە بڵاوکرایەوە. لەوێ بوو. ئەوێ لە سەرگەلێوە نزیکە، نزیک گوندەکانی ئەوێ کانێ، ئامێدی نزیکە لەو شوێنانەوە. بە بڕوای فەرماندەییمان مرۆڤ دەتوانێت هەموو ئەو هێزە لەناو ببات. هەربۆیە وامان وت. شتێک ناڵێین کە نەتوانین بیکەین. ئەوە راستیەک بوو. وەک پلانێک بوو، رەنگە ئەو کاتە نەوترایە، بەڵام وترا. دواتر هەڤاڵان هەندێک گورزیان وەشاند، ئەوانیش بینیان کە خەریکە زیانی گیانی زۆریان لێدەدرێت، ترسان و پێموابێت لە ١١ی تشرینی دووەمدا بە فڕۆکەی شەڕ لەوێیان دا. لەسەرووی گوندی سەرگەلێ و ئەو شوێنانە هەر هەموویان هێرشی ئاسمانیان ئەنجامدا. لە ژێر پەردەی ئەو هێرشەدا هەڵاتن و رۆیشتن. زانیبوومان و پێشبینیمان دەکرد کە برۆن. هەر بۆیە رەخنە لە خۆمان دەگرین، رەخنەدانی ئەوە دەکەین. نەدەبوو لێیان بگەڕاینایە، دەبوو بە زیندوویی نەمانهێشتنایە، یان بمانگرتنایە یان بمانکوشتنایە. بە گوێرەی ئێمە دەرفەتی ئەوە هەبوو. لەبەر ئەوە لە ناو ئێمەدا بابەتێکی رەخنە و رەخنەدانە. واتە گورزیان لێدرا، بەڵام بە پێی ئەوە نەبوو کە ئێمە دەمانویست. دوژمن هەڵات و رۆیشت. ئەو قسەیەی من کە 'یان لێرە برۆن یاخود دەمرن' راستیەک بوو. هەندێک گورزیان بەرکەوت و رۆیشتن. بەم جۆرە کۆتاییهات.

لە بەستا شەڕێک روویدا. شەهیدمان هەبوو. ژمارەیەک هەڤاڵی ژن شەهید بوون. ٦ هەڤاڵی ژن شەهید بوون. کۆنترایەک سزادرا، بە ناوی نەعمەت ئەنجوو. ئەمە لە راستی کوردستاندا چی دەگەیەنێت؟ ئەو کەسە نوێنەرایەتی چی دەکرد؟

بێگۆمان نوێنەرایەتی خیانەتی ئەمڕۆی نێو کورد دەکات. بەڵام سەرەتا پێویستە مرۆڤ ئەمە بڵێت. عەشیرەتی گۆیی لە شۆڕشی ئێمەدا وەک زۆر عەشیرەتی بۆتان و کوردستان، بارێکی قورسی ناوەتە سەرشانی. زۆر شەهیدی داوە. زۆر قاڕەمانیان لەشەڕی ئێمەدا فەرماندەییان کردووە وەک هەڤاڵ محەمەد گۆیی، سەربەست گۆیی، بەرخۆدان، بێریتان، رۆژهات و  سەدان کەسی دیکە. ئەمد واییەش هەڤاڵ ئەڤین گۆیی و بەرلەو جەسور رۆبۆسکی. دەتوانین هەمووی بژمێرین. لەم دواییانەدا وەک وتتان، شەش هەڤاڵمان شەهید بوون. لەنێویاندا هەڤاڵ دەلیلا گۆیی هەیە. ئەڤین ئەنجوو. عەشیرەیی گۆیی بە گشتی وڵاتپارێزە و بەشداری لە تێکۆشانی ئێەمدا کردووە. چەندین فەرماندە و قاڕەمانی هەیە. ئێستاش هەڤاڵانی لەو عەشیرەتەمان هەیە و ژمارەیەکیش شەهید بوون. فیدایی سارا تۆڵهەڵدان نیشانەی هەموو شتێکە، نیشانی دەدات کە میلیتانێکی ئاپۆییە. عەشیرەتێکی وەهایە کە زۆر بەهای پیرۆزی تێدایە. بەڵام راستیەکی کۆمەڵگەی کوردستان هەیە. لە شوێنێک هەرچەند باشی هەبێت، لە تەنیشتی خراپی هەیە. واتە ئەوانەی خیانەتیان کردووە هەن. بێگۆمان ئێمە هەموو جاشەکان بە خیانەتکار لەقەڵەم نادەین. بەڵام لەنێو جاشەکاندا هەندێک کەس هەن کە بە راستی خیانەتیان کردووە. نەعمەت ئەنجووش یەکێک لەو کەسانەیە. خۆی خەڵژی بێجەهە بەڵام گوندەکان نزیکی یەکدین. خزمی یەکترین. دوای کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد کە کەس سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورک نەکات. لەوانەیە چەکیان هەڵگرتبێت، بەڵام سیخوڕی نەکەن. بە ئەندازەی کە ئێمە دەیزانین هەڤاڵان ماوەیەک سەرقاڵی ئەو کەسە بوون کە دەست هەڵبگرێت. بەڵام دەستی هەڵنەگرت. بگرە خیانەتەکەی قوڵتر کردەوە. کەسێک بوو کە زۆر خزمەتی دەوڵەتی تورکی دەکرد. لە راستیدا ئەو کەسانە هیچ کوردێکیان خۆش ناویت. واتە ئەو کوردانە لە شێوەی کەون، واتە کەوەکانی نێو قەفەس دەخوێنن، کەوەکانی دیکە دەخەنە تەڵەوە و  دەکەونە دەستی مرۆڤەکان. واتە دوژمنی خۆیەتی، لەدژی گەلەکەی خیانەت دەکات. ئەو کەسەش کەسێکی بەو شێوەیە بوو. ئێستا ئەو کوردانەی کە خیانەت دەکەن، بە راستی زۆر خراپ خیانەت دەکەن. واتە لەنێو کوردا زۆر جوامێر و قاڕەمان هەن، بەڵام کە خیانەتیشیان کرد، بە تایبەتی ئەوانەی چوونەتە ژێر باڵی دوژمن، کاتێک دوژمن بە شان و باڵیانی هەڵدا، سەرخۆش دەبن. واتە جەنەڕاڵەکە دەست لە پشتی دەدات، سەرخۆش دەبن. پێشتریش جارێک وتم، کوردێکی خیانەتکار بە عافەرینێک دەتوانێت بە قەزناخ گوو بخوات. کوردی خراپ بەم شێوەیە زۆر خراپە. ئەو کەسەش، لەو کەسانە بوو. بە تەنیا لە ئۆپراسیۆندا لە پێشەوە نەبوو. سیخوڕی رێک دەخست. بە تایبەتی سیخوڕ لە باشور لە حەفتانین، لە مەتینا لە دەستی ئەو سکاڵایان دەکرد، وایدەکرد کە هەڤاڵان شەهید ببن. بە تایبەتی لەو شەهادەتانە دوو شەهادەتی گەورە و بە واتامان هەیە. شەهیدبوونی گەڤاڵ ساڤاش مەرەش و چوار هەڤاڵی فیدایی لە حەفتانین. هەروەها شەهیدبوونی فەرماندەی مەتینا هەڤاڵ تێکۆشەر شەمزینان و هەڤاڵان دیکە کە لەگەڵی بوون، بە دەستی ئەو کەسە شەهید بوون. واتە باشوری رێکخدەخست، بە دەستی ئەوان دەیکرد. ئەوانەی باشوریش دادگاییکران، بەڵام کەسێکی بەو شێوەیە بوو. پێویستە خەڵکی گۆییمان لە بێجەهـ ئەم راستیە بزانن. منداڵانی گەنجن، نازانن باوکیان چی تاوانێکیان لە بەرامبەر گەلەکەیان کردووە. باوەڕم واتە گەورە ببن، تێدەگەن. ئەنجویەکان، لیستەکە لای من، ١٨ شەهیدمان لەوان هەیە، قاڕەمانی ئێمەن. بە تەنیا ئەوانەی کە پاشناویان ئەنجوویە. راستیەکی بەو شێوەیە هەیە، لە کوردستان. لەو عەشیرەتە چەندەها قاڕەمان و شێر هەڵکەوتوون، بەڵام لەنێویشیاندا کەسێکی ناپاک و وەک کەو دەرکەوتووە. یەکێکی بەم شێوەیەش هەیە. دوژمن هەندێک گەورەی کرد. لە بەستا لە جووڵەکاندا هەڤاڵانمان دەیبینن، دیارە دەیانەوێت لێی بدەن، ریسک دەکەن و لێی دەدەن. دواتر ئۆپراسیۆنەکە فراوان بوو و شەڕ روویدا. یەکینەکانی یەژەئاستارمان بە فەرماندەیی هەڤاڵ رۆژبین گەڤەر، هەڤاڵ سلاڤ فەڕاشین و هەڤاڵ دەلیلا گۆیی ودەکەونە نێو شەڕ، ئەو شەش هەڤاڵەی ئەوێ بە راستی کادری هەڵبژاردە بوون. دوو رۆژ شەڕ دەکەن و بەو شێوەیە شەهید دەبن. یادی هەموو ئەو قاڕەمانانە دەکەینەوە. ئەوان پێشەنگی شۆڕشی ئێمەن، پێشەنگی ژنی ئازادن، پێشەنگی شۆڕشی سەردەمن. خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین. بە راستی جەنگێکی گەورەیان بەڕێوەبرد، بەو شێوەیە شەهید بوون. هەمان شەڕ و بە هەمان شێواز ٢ جار لە گابار روویداوە، لە جوودی ٢ رۆژ لەسەر یەک شەڕ دروست بوو. ئەو کاتە دوژمن لە بۆتان هێرشی زۆری ئەنجام دەدا. بەڵام بە دەستی ناپاکەکانی وەک ئەو کەسە. بە سیخوڕی مرۆڤبوون نابێت. پێویستە دەست هەڵبگرن. ئێدی کاتی ئەوە هاتووە یەکێتی نەتەوەیی دروست بکەین. شایەنی ئەوەین کە لەسەر خاکەکەمان بە ئازادی بژین، چونکە لەنێو ئێمەدا زۆر قاڕەمان و جوامێر هەڵکەوتوون.

 رووداوەکان سوید، هۆڵەندا و دوایین جار لە دانیمارک روودەدەن، سەرنج راکێشن. هەندێک کەس کە خۆیان وەک راسترەو بەناو دەکەن، کتێبی پیرۆزی موسوڵمانان قورئان دەسووتێنن. بەم شێوەیە دەیانەوێت سووکایەتی بە موسوڵمانان بکەن. بەڵام لە راستیدا بۆچی ئەم کارە دەکەن؟ لە پشت پەردەی ئەو رووداوانەدا چی هەیە؟

بەر لە هەموو شتێک سووتاندنی قوڕئانی کەریم بۆ عالەمی ئیسلامی سووکایەتیە، هێرشێکە، بێرێزی و بێئەخلاقیە. ئێمە بە توندی شەرمەزاری دەکەین. پێویست مرۆڤەکان سەیر بکەن، ئەو کەسانەی کاری لەم شێوەیە دەکەن کێن؟ نەژادپەرست و فاشیستەکانن. دیارە لە پیلانێک دەچێت. پێشتر لە سوید بوو، دواتر لە هۆلەندا و لەم دواییانە لە دانیمارک روویدا. پەیوەندی بە چییەوە هەیە؟ جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە. بەڵام یەکسەر خزمەت بە رژێمی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە دەکات. رژێمی ئاکەپە و مەهەپە تورکیای وێران کردووە، ناکۆکی دروست کردووە، خستیە نێو شەڕ و دژایەتی کوردی دروست کردووە. بەم شێوەیە هیچ شتێکیان لە تورکیا بەجێ نەهێشتووە، نە یاسا ماوە، نە دیموکراسی ماوە، نە ئابوری ماوە، خەڵک برسیە. ئێستاش لە قۆناغی هەڵبژاردندایە. لە دەستی رژێمدا هیچ شتێک نەماوە کە بانگەشەی پێبکات. بە تەنیا دوو شتی هەیە. چین؟ یەکێکیان نەژادپەرستی و نەتەوەپەرستیە. هەموو کاتێک باسی نەتەوایەتی دەکەن. دووەمیش بەکارهێنانی ئایینی ئیسلامە. کاتێک فاشیستەکانی ئەوروپا قورئانی کەریم دەسووتێنن، ئەوان بەهێز دەکەن. وەک ئەوە خۆیان دەکەن ' پارێزەری ئیسلام ' ، ' پارێزەری گەلی تورکیا '. دەلێن ' سەیرکەن هێرشمان لەبەرامبەر ئەنجام دەدرێت، لە ئەوروپاوە هێرشمان دەکرێتە سەر.  بەم شێوەیە دەیانەوێت خۆیان وەک پارێزەر پیشان بدەن و سوودی لێوەربگرن. ئەمە خزمەت بە رژێمی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە دەکات. وابەستوبوونیان تا چەند پێکەوە هەیە، سیستمێکی چۆن هەیە، ئەمە بابەتێکی دیکەیە کە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت. لەم بارەشەوە دەتوانم ئەمە بڵێم. خەڵک دەزانێت. بەڵام دیارە کە پلانێکە، هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە رژێمی فاشێستی ئاکەپە و مەهەپە سەربکەویت. بە تایبەتی گەلەکەمان لە کوردستان پێویستە بزانێت، گەلی تورکیا بزانێت، ئەمە یاریەکە، پلانێکی نێودەوڵەتیە، پلانێکی بەم شێوەیە ئامادە دەکرێت. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. ئێمە جارێکی دیکە ئەو کەسانەی شەرمەزار دەکەین کە ئەو کارانە دەکەن.

ف.ق / ژ.ت / هـ.ب