ریمی پاگانی: پەکەکە بزوتنەوەیەکی خۆڕاگرییە

پەرلەمانتاری پەرلەمانی کانتۆنی جنێڤ ریمی پاگانی باسی لەوەکرد کە دانانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە لایەن ئەوروپاوە دووڕووییە و وتی، ئەو بڕیارە بەواتای هاوکاری کردنە لەو شەڕە چەپەڵەی ئەردۆغان دژی کوردان ئەنجامی دەدات.

سەرۆکی پێشووی شارەوانی جنێڤ و پەرلەمانتاری پەرلەمانی کانتۆنی جنێڤ ریمی پاگانی لە میدیا خەبەر وەڵامی پرسیارەکانی سەرکان دەمیرەڵی دایەوە.

پاگانی باسی لەوەکرد کە ژمارەی دانیشتوانی کورد لە تورکیا لە ژمارەی تورکەکان زیاترە و بەم جۆرە دوا: "هاوکات کورد پرۆلیتاریا و چینی کرێکاری تورکیا پێکدەهێنن. سەرباری ئەو راستیانەش نکۆڵیکردن لە کوردان کێشەیەکی گەورەیە و دانپێدانەنان بە هەبوونی گەلی کورد بابەتەکەی تائاستی تێکۆشانی چەکداریش بردووە. لەمڕۆدا باسکی و کاتالانەکان دەستیان بە قسەکردن بە زمانی خۆیان کردووە. دەتوانین سویسڕاش وەک نمونە بهێنینەوە. هەر کۆمەڵگایەک رێزی لە کولتور و زمانی ئەوانی دیکە گرت و توانیان پێکەوە بژین. بەڵام بەڕێوەبەریی تورک کە بورژوازیای تورک پێکدەهێنێت، زمان، کولتور و ناسنامەی کوردانی قەدەغە کرد و شەڕی بەسەردا سەپاندن. دەوڵەتی تورک لەم سەردەمەشدا هێشتا پەرلەمانتارانی کورد زیندانی دەکات و ئەمە مایەی قەبوڵ کردن نییە.

لەلایەکی دیکەوە ئێمە رووبەڕووی ئەزمونێکی دیموکراتیکین کە لەلایەن پەکەکەوە لە رۆژئاڤا دروست کراوە و بۆ ئەوروپاش نمونەیە".

'هەمووان بە هاوکارییەکانی ئەردۆغان بۆ داعش دەزانن'

پاگانی دەستنیشانی کرد کە وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ لەناوبردنی داعش پێویستیان بە کورد هەبوو و وتی: " لە سایەی کوردانەوە مەترسی تیرۆریش لەناو برا. بەڵام دەوڵەتانی ئەوروپی رێگە دەدەن کە ئەردۆغان هێرش بکاتە سەر کوردان. ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی ئەوروپی جێگەی قەبوڵکردن نییە. بەر لە دوو ساڵ چوومە باکوری عێراق. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی من لەوێ دەستنیشانم کردن، ئەردۆغان لە گەڵ بەڕێوەبەری ئەوێ زۆر رێکەوتن و گرێبەستی ئابووری واژۆ کردووە و پشتگیری لە داعشیش دەکات. پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و داعش نوێ نییە. هەموو کەس ئەوە دەزانێت. لەو چوارچێوەدا ئەردۆغان پەکەکە بە بەربەست و ئاستەنگ لەبەردەم خۆی دەبینێت.

' رژێمەکەی ئەردۆغان سیستمێکی دیکتاتۆرییە'

رێمی پاگانی لە درێژەی قسەکانیدا بەم جۆرە دوا: "رژێمی ئەردۆغان بە تەواوەتی سیستمێکی دیکتاتۆرییە. بۆ نمونە، بۆچی سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئامەد گوڵتەن کشاناک لە زینداندایە. ئەمانە ئەگەر دیکتاتۆری نەبن چ شتێکن؟ کاتێک کوردستانی عێراق من لەوێ قسەم لەگەڵ شەڕڤانێکی کورد کرد. لە ئەنجامی هێرشەکان کەسانی مەدەنیش دەکوژرێن. بە داخەوە هیچ شتێک بە دەست شەڕڤانانی کوردەوە نییە کە لە دژی تەکنەلۆژیا بوەستنەوە. دەوڵەتی تورک بەو هێرشانەی تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات".

'پەکەکە بزوتنەوەیەکی خۆڕاگرییە'

پاگانی رایگەیاند ناتۆ نایەوێت لە تورکیا خۆبەڕێوەبەرییەکی کورد ساز بکرێت و بەم جۆرە دوا: " هەربۆیە پەکەکەی لە لیستی تیرۆردا داناوە و پشتیوانی لە شەڕی ئەردۆغان لە دژی کوردان دەکات. من وابیردەکەمەوە کە پەکەکە بزوتنەوەیەکی خۆڕاگرییە و بەم جۆرەی دەبینم. بە دەیان ساڵە بەرخودان و خۆڕاگریی دەکات".

' دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت'

سەرۆکی پێشووی شارەوانی جنێڤ و پەرلەمانتاری پەرلەمانی کانتۆنی جنێڤ ریمی پاگانی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەردۆغان بە شێوەیەکی مێژوویی لە ماوەیەکدا هەوڵیدا کە پرسی کورد چارەسەر بکات و بەم جۆرە لە قسەکانی بەردەوام بوو: "لەو چوارچێوەدا دانوستان و دیدار لەگەڵ ئۆجالان و پەکەکە ئەنجامدران. بەڵام ئەردۆغان هەستی بەوەکرد کە ئەو قۆناغە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی ئەو نییە، دەستی لە خواستی خۆی بۆ چارەسەری هەڵگرت. بۆ چارەسەری پرسی کورد دەبێت پرۆسەیەک بێتە ئاراوە کە بەڕێز ئۆجالان نوێنەرایەتی کورد بکات. دەبێت سەرەتا ئۆجالان بە لانی کەمەوە بتوانێت لەگەڵ دەرەوەی زینداندا لەپەیوەندیدا بێت، دواتر وەک نوێنەری پەکەکە بۆ ئەوەی پێشەنگایەتی بۆ قۆناغی چارەسەری بکات دەبێت ئازاد بکرێت".

هـ . ب