ئولی مادێر: دەبێت پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنرێت

ئەکادیمیستی سویسری ئولی مادێر، کە براوەی خەڵاتی ئەریک فرۆمە ڕایگەیاند، پێویستە پەکەکە لە لیستی "ڕێکخستنی تیرۆریستی"ی یەکێتیی ئەوروپا دەربهێنرێت و ڕاشیگەیاند، دەکرێت کێشەکان لەسەر بنەمای ڕاست چارەسەر بکرێن.

 

ئولی مادێری کۆمەڵناس یەکێک لە بەشداربووانی کەمپەینی "دەستپێشخەریی دادپەروەری بۆ گەلی کورد" وتی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بە دڵنیاییەوە پێویستە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێت و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات".

دەستپێشخەریی نێونەتەوەیی 'دادپەروەری بۆ کوردان' لە لایەن نووسەر و براوەی خەڵاتی نۆبڵ ئێلفریدی جیلینک (Elfriede Jelinek)، سلاڤۆی ژیژکی فەیلەسوف، پرۆفیسۆر نورمان پایچ، سکرتێری گشتیی کۆمسیۆنى وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا و تورکیا (EUTCC) پرۆفیسۆر مایکڵ ئێم. گونتەر، ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی دایکانی پلازا دو مایۆ نورا کورتیناس و چەندین کەسایەتیی ناسراوی دیکەوە، بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی "رێکخستنە تیرۆریستییەکان"ی یەکێتیی ئەوروپا دروستکراوە.

هەروەها کۆمەڵناسی بەناوبانگی سویسری ئولی مادێر پشتگیریی لە کەمپینەکە کرد، کە خەڵاتی ئەریک فرۆمی ساڵی ٢٠٢٢ی پێبەخشرا.

ئولی مادێر باسی لە پشتگیریی کەمپەینەکە کرد و وتی: "پەکەکە بۆ من ڕێکخستنێکی سیاسییە. ماوەی چەندین ساڵە شەڕ بەردەوامە و گرنگ ئەوەیە ئەو شەڕە لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت. بۆ ئەوەش دەبێت ڕێگای سیاسی هەڵبژێردرێت. بۆ چارەسەری سیاسیش مەرجە، کە ئەو ڕێکخستنە قبوڵ بکرێت و دانی پیادا بنرێت و بەپێی پێوەرە دیموکراسییەکان رەفتار و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت".

ئولی مادێر تیشکی خستە سەر بڕیاری دادگاکانی بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ و ئاماژەی بەوەدا، کە "پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆریستی نییە" و ڕایگەیاند، ئەو بڕیارانە بۆ ئەو گرنگن. ڕاشیگەیاند، لەبەر ئەوەى تورکیا ئەندامی ناتۆیە، بۆیە هێشتا پەکەکە لەو لیستەدایە و وتی، "پەکەکە لە سویسرا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە لیستی تیرۆر دا نییە".

کێشەکە بە بێ چارەسەرکردن هێڵراوەتەوە

ئولی مادێر ئاماژەی بەوەدا، هێشتنەوەی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا، کێشەی کورد بە چارەسەرنەکراوی دەهێڵێتەوە و وتی: "تاوانبارکردن و دابڕاندنی پەکەکە مەرجەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد خراپتر و قورستر دەکات. گوشار و هێرشکردنە سەر پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەو رێگەیەوە رەواییان پێدەدرێت، بۆیە دەبێت قەدەغەکردنەکە هەڵبگیردرێت".

بە دڵنیاییەوە دەبێت چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام بدرێت

ئولی مادێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کتێبانە، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زینداندا نووسیونی، خوێندونێتیەوە و وتی: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەبێت بە دڵنیاییەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێت و بەشداری لە پرۆسەى چارەسەریدا بکات".

ژ.ت