بەرخۆدان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

خۆپیشاندان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چوار مانگە بێوەستان بەردەوامە.

خۆپیشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن. بە تایبەتی لە شوێنە گشتیەکاندا، دروشم لەدژی لەسێدارەکان دوترێنەوە و دەنوسرێن.

لە هەندێک دیمەندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکراونەتەوە، گەنجان لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشم و هەڵکردنی ئاگر نارەزایی لەدژی دەوڵەتی ئێران دەردەبڕن.

لە رۆژی لەدایکبوونیدا یادی هەژار مام خوسرەوی کە یەکێکە لەو خۆپیشاندەرانەی لە بۆکان کوژرا، لەسەر گۆڕەکەی کرایەوە.

هەروەها راگەیەندرا کە ژنێک بە ناوی فەریدە سەلەئاتی پوور لە سنە لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی تشرینی دووەمدا گولەیەک بەرچاوی کەوتووە و لەگەڵ هەوڵی پزیشکان چاوی خۆی لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی ئەو فشارانەی کە دوو مانگە بەردەوامن، زانیاری لەسەر بڵاونەکراونەیەوە.

ئەنجومەنی خوێندکارانی ئێرانیش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە خوێندکار دونیا فەرهادی لە ٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ دوای گفتوگۆیەکی توند لەگەڵ خوێندکارێکی بەسیجدا کراوەتە ئامانج و لە خۆپیشاندانی زانکۆی ئەهوازدا بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراوە و تەرمەکەی فڕێدراوەتە روباری کارون.

لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان، شەپولی دەستگیرکردنیش بەردەوامن.

لە دەرەوەی ئێرانیش پشتگیری بۆ چالاکوانان بەردەوامە. گروپێک لە ئێرانیان لە کەنەدا لەگەڵ کەشوهەوای سارد، چالاکیان ئەنجامدا. بەهۆی خۆپیشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە ٤ مانگە بەردەوامە، پلان دەکرێت کە سبەینێ هاوڵاتیانی ئێران لە ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا رێپێوانێک ئەنجام بدەن.

سەرچاوەکان باسی ئەوەیان کرد کە چالاکوانان لە رێپێوانەکەدا داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن کە پشتگیری لە راپەرینی 'ژن،ژیان،ئازادی' بکەن و سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی چەکداری تیرۆریستی لەقەڵەم بدەن.

لە کاتێ هێرشەکانی هێزەکانی ئێراندا بۆ سەر خۆپیشاندەران، ئاشکرا بووە کە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران چاوەکانیان لەدەستداوە کە ژمارەیەکی زۆریان ژنن و بەهۆی نەبوونی کۆمیتەیەکی پشتگیری، قوربانیان هەوڵ دەدەن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هاوکاری یەکدی بکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا باسی ئەوە دەکرێت کە ژنێک بە ناوی خەزال رەنجکێش خوێندکاری بەشی یاسا لە زانکۆی شاری بەندەر عەباس لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی دەوڵەتدا لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ چاوی راستی لەدەستداوە.

هەروەها لە هەمان رۆژدا، چەند کچە خوێندکارێکی دیکەش لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتدا، چاوەکانیان لەدەستداوە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، خوێندکارێک بە ناوی میرسێد بە فراوانی باسی ئەو ساتەی کردووە کە لە خۆپیشاندانەکاندا چاوی بریندار بووە.

ژنێکی دیکە کە بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران چاوی لەدەستداوە، نیلوفەر ئاغاییە. نیلوفەر ئاغایی لە خۆپیشاندانەکانی بەردەم نەخۆشخانەی تاراندا چاوێکی لەدەستدا.

چێرۆکێکی دیکەش، چیرۆکی هێلیا بابایی خوێندکاری دواناوەندییە کە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە تاران لە بەردەم ناوەندێکی بازرگانی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە تەقەی لێدەکرێت.

ئیلهام تەوەکولیان کە وەک کچی خۆڕاسان دەناسرێت، یەکێک لەو کچانەیە کە بووەتە ئامانجی هێزەکانی ئێران و چاوی لەدەستداوە.

رەحێلە کچێکی دیکەی دەرونناسە کە دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە رووبەرووی ئەشکەنجە دەبێتەوە، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەم پەیامەی بڵاوکردەوە، " لەم دۆخە کە هیوا و ئومێد نابینرێت، بەڵێن بێت بگەینە رۆژە خۆشەکان. دەنگی چاوەکان لە هاواری هەمووان بەهێزترە."

رێکخراوەکانی چالاکی مەدەنی داوا لە سەندیکای پزیشکانی چاو دەکەن، کۆمسیۆنێک بۆ برینداران پێک بهێندرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمس، زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا، لە چاوەکانیانەوە بریندار بوون، چاوەکانیان لەدەستداوە.

ف.ق