کاروانی هاوپەیمانان لە عێراق رووبەرووی دوو هێرش بووەوە

دوو بۆمبی چێندراوی یەک لەدوای یەک دوو کاروانی هێزەکانی هاوپەیمانانیان لە پارێزگاکانی ئەنبار و بابل کردە ئامانج.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆمبێکی چێندراو لەسەر ڕێگای سەرەکیی پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق بە کاروانێکی هێزەکانی هاوپەیماناندا تەقیوەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، تەقینەوەی ئەو بۆمبە چێندراوە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات، کە بەیانی ئەمڕۆش بۆمبێکی چێندراو لەسەر ڕێگای نێوان پارێزگاکانی بابل و دیوانییە بە کاروانێکی دیکەی هێزەکانی هاوپەیماناندا تەقیوەتەوە.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە لەو دوو هێرشەدا هیچ زیانێکی گیانی بە هێزەکانی هاوپەیمانان نەگەیشتووە جگە لە زیانێکی کەمی ماددیی، تائێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکان دەرنەبڕیوە.

ف.ق