خۆپیشاندان لە خوزستانی ئێران؛ تاوەکو ئێستا ٦ خۆپیشاندەر کوژراون

لە خوزستان خۆپیشاندانی هاووڵاتییان بە هۆی نەبوونی ئاو لە ٦هەمین رۆژدایە. دوێنێ ٣ خۆپیشاندەر کوژران و بەوەش ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان گەیشتووەتە ٦ کەس.

لە پارێزگای خوزستان لە ئێران بەهۆی نەبوونی ئاو و بێباکیی بەرپرسانی رژێمی ئێران، هاووڵاتییان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن. خۆپیشاندانەکان لە ١٥ی تەممووزەوە دەستیانپێکردووە و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامیی هەیە.

بەپێی دەزگاکانی راگەیاندنی فەرمیی رژێمی ئێران لە ئەنجامی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانی رژێمدا دوێنێ ٣ کەس کوژراون.

لە ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکان دەنگی دروشم دژ بە رژێمی ئێران دەبیسترێت. هەروەها لە تارانی پایتەختی ئێرانیش خۆپیشاندان روویداوە لەوێش گەل لە دژی رژێمی ئێران کۆبوونەتەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و دروشیمان وتووەتەوە.

لە یەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکان لە خوزستان ٣ خۆپیشاندەر کوژرابوون. بەوەش تاوەکو ئێستا ٦ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێرانەوە کوژراون.

ژ.ت