لە ئێران لێخشبوون بۆ ٢٢ هەزار خۆپیشاندەر دەرچووە

دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا لێخۆشبوونی گشتیی لە ئێران راگەیەندرابوو، ئاشکرا کرا کە ٢٢ هەزار چالاکوان و خۆپیشاندەر کە بە هۆی بەشداری لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەستگیرکرابوون، بەر ئەو لێخۆشبوونە کەوتوون.

دەوڵەتی ئێران لە مانگی سوباتدا لێخۆشبوونی گشتیی دەرکردبوو. سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران غوڵامحسێن موحسنی ئەژەیی لەبارەی ئەو زیندانیانەی بەهۆی لێخۆشبوونەوە ئازادکراون زانیاری راگەیاند.  بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئیسنا ئەژەیی رایگەیاندووە: "تائێستا ٨٢ هەزار کەس بەر لێخۆشبوون کەوتوون، ٢٢ هەزار کەس کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە (دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی) بەر لێخۆشبوون کەوتوون.

ئەژەیی ئەوەشی خستەڕوو کە ٦٠ هەزار کەسی دیکە ئازاد کراون و بەهۆی لێخۆشبوونەکەوە سزای سەر ٣٤ هەزار کەسیش کەمکراوەتەوە.

دوای ئەوەی لە ١٦ی ئەیلولدا ژینا ئەمینی لەتاران لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، سەرهەڵدان دەستی پێکردبوو. بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران ٤٨٨ کەس کە ٦٤یان منداڵ و ٣٩ کەسیشیان ژنن لەو خۆپیشاندانانەدا کوژراون، بە دەیان هەزار کەسیس دەستگیرکراون. باس لەوەدەکرێت کە ژمارەی راستەقینەی کوژراوەکان لەوە زیاترە.

هـ . ب