لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی ناڕەزایەتی بەردەوامن

تادێت گوشارەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەرخۆپیشاندەران، ژنان و رۆژنامەوانان توندتر دەکرێتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت زیاتر دەبێت، سەرباری ئەوانەش چالاکییە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن.

لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاوڵاتیان بە شێوەی جیا جیا بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین.

لە شاری سنە ژمارەیەک لە چالاکوانان لە چیای ئاویەر بە چالاکییەک ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە سەپاندن و جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان بە سەر خۆپیشاندەران دەربڕی.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەر دوێنی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ خۆپیشاندەری شاری نەوشەهری باکوری ئەو وڵاتەدا سەپاوە.

تا ئێستا ١١٢ کەس لە خۆپیشاندەران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و چوار خۆپیشاندەریش لە سێدارە دراون.

جیا لە سەپاندنی  سزای قورس بە سەر خۆپیشاندەراندا هەڵمەتی گرتن و دەستبەسەر کردنی چالاکوانانیش بەردەوامە و دوێنێ لە شارەکانی جوانڕۆ، دیواندەڕە و سنە ژمارەیەک چالاکوان دەستگیرکران.

ئەو سێ شارە لە ناوەندە سەرەکییەکانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بوون لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە ماوەی ٤ مانگە بەردەوامە، بە تایبەتی شاری جوانڕۆ کە تائێستاش ژمارەیەکی زۆر لە هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت لەو شارە جێگیرکراون.

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'یەوە تائێستا ٧٤ رۆژنامەوان دەستگیرکراون. رۆژنامەوانان لە هەلومەرجی دژواردا راگیراون.

هـ . ب