لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە خراپی دۆخی مافی مرۆڤ و پێشەڵکارییەکان لەعێراق بڵاوکردەوە

ڕێکخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی: دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی و کوشتنی خۆپیشاندەران بڵاو بکەنەوە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی (Amnesty International ) ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا سەبەرەت بە عێراق دەڵێت " هاوکاتی بەردەوامی ناسەقامگیری سیاسی و پێکدادانی ناوبەناوی نێوان لایەنە چەکدارەکان، دەیان کەس کوژراون و هەزارانی تریش چوونە پاڵ ئەو یەک ملیۆن و دوو 200 هەزار کەسەی کە لە پێشترەوە ئاوارەی ناوخۆی وڵات بوون".

 لەڕاپۆرتەکەیدا ڕێکخراوەکە تیشکی خستووەتە سەر چەندین بابەتی پەیوەست بە سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و ئازادی مرۆڤ، توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر و مافی لەباربردن و مافە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان لە ١٥٦ وڵاتی جیهاندا.

 بەم شێوەیە باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەکات:

 ئازادی ڕادەربڕێن و کۆڕ و کۆبوونەوە

 بارودۆخی باوی سزانەدانی کارێکتەرە چەکدارەکان کە خۆپیشاندەران، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانیان دەکردە ئامانج، مافی ئازادی ڕادەربڕینی لە ناوەڕاستی عێراقدا بنکۆڵکرد.

 لە مانگی دە لایەنگرانی چەکداری موقتەدا سەدر هێرشیان کردە سەر نووسینگەکانی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلرەبیعە لە بەغدای پایتەخت و وێرانیان کرد، دوای ئەوەی پێشکەشکارێک باسی لە وێرانکردنی باڵەخانە دەوڵەتییەکان لەلایەن شوێنکەوتوانی موقتەدا سەدر کرد و ڕەخنەی لە میلیشیاکانی پێشووی کە بە هێزی مەهدی ناسرابوو، گرت.

 دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو هێرشەیان ئیدانە کرد و لێکۆڵینەوەیان ڕاگەیاند، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە بۆ پاراستنی کارمەندانی ڕاگەیاندن یان لێپرسینەوە لە تاوانباران ڕانەگەیەندرا.

 ڕۆژی ٥ی مانگی دوازدە، دادگایەک لە بەغدا بەپێی مادەی ٢٢٦ لە یاسای سزادان سزای سێ ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەر چالاکوان حەیدەر حامید ئەلزەیدی سەپاند بەهۆی تویتێکەوە کە بە گاڵتەپێکردن بە ڕێبەرێکی کۆچکردووی حەشدی شەعبی لێکدرایەوە.

حەیدەر حامید ئەلزەیدی لە مانگی شەش دەستگیرکرا و دوو هەفتە پاش ئەوە بە کەفالەت ئازادکرا.

 لە ٧ی مانگی دوازدە، هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد کە بۆ ئیدانەکردنی ئەو سزایە لە شاری ناسریە لە باشووری وڵاتەکە کۆببونەوە و لە ئەنجامدا لانیکەم دوو کەس کوژران و ١٧ کەسیش بریندار بوون.

 دەربازبوون لە سزا

 کوشتنی سەدان کەس بە نایاسایی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی دەی ساڵی ٢٠١٩ بێ سزا مایەوە لە کاتێکدا پێشوەچوونێکی زۆر کەم هەبووە لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەنجامدەرە گومانبارەکانی ئەو کارە.

 دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنانە ڕابگەیەنن کە لەدوای خۆپیشاندانەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی خۆپیشاندان و هەروەها کوشتنی بەئامانج و هەوڵی کوشتنی دەیان چالاکوان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢١ دامەزرابوون.

چەکدارەکان بەردەوام بوون لە هەڕەشەی کوشتن یان بێسەروشوێنکردنی چالاکوانان و هەروەها کەسوکاری خۆپیشاندەران و چالاکوانە کوژراوەکان یان بێسەروشوێنکراوەکان. ئەمەش وای کردووە کەسوکارەکان خۆیان بشارنەوە یان هەڵبێن بۆ دەرەوەی وڵات.

 ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی تر

 لە ١٥ ی مانگی شەش لیژنەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەشکەنجە لە سەرانسەری عێراقدا، بەتایبەتی لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا، لە شوێنە فەرمی و نافەرمیەکانی دەستبەسەرکردن.

 بارودۆخی زیندانیانی کە سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندراوە لە گرتووخانەی ناسرییە، سەرپێچیکردنی قەدەغەکردنی تەواوی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی ترە.

 سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە زیندانیان زۆربەی جار لێیاندەدرێت و لە ژوورە قەرەباڵغ و پیسەکاندا دەهێڵرێتەوە و دەستیان ڕاناگات بە چاودێری تەندروستی گونجاو، خۆراک و ئاوی خواردنەوەی پێویست ئەگەر پارەی پێنەدەن و سەدانی کەسوکاریان ڕەت دەکرێتەوە.

 دادگاییکردنی نادادپەروەرانە

 دادگایی دژ بە سەدان گومانلێکراوی ئەندام و لایەنگرانی داعش، لە نێویاندا کوڕی منداڵیش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو، لە کاتێکدا نیگەرانی جددی لەسەر مافەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان هەیە لەوانەشدا مافی دەستڕاگەیشتن بە بەرگریی پێویست.

 سزای زیندانی درێژخایەن و سزای لەسێدارەدان سەپێندرا پاش تاوانبارکردنانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای "دانپێدانان"ی کە گومان دەکرێت بە ئەشکەنجەدان بەدەستهاتبن کراوە.

 توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان

 پەرلەمانی عێراق بەردەوام بوو لە شکستهێنان لە بە تاوانناساندنی توندوتیژی خێزانی سەرەڕای زیادبوونی "کوشتنی لەسەر شەرەف" و جۆرەکانی تری توندوتیژی جێندەری کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانی وڵاتەکەوە بە بەڵگە کراوە، ڕێگە کاریگەرەکانی دەوڵەت بۆ پاراستن لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر لە هەرێمی کودستان و ناوەڕاسی عێراق بە شێوەیەکی زۆر سنووردار ماونەتەوە.

 ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە بەغدا بەردەوام ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە بەهۆی بەڕێوەبردنی پەناگەی نافەرمی ژنان، ئەوان بانگدەکرێن بۆ لێپرسینەوە دوای سکاڵای پەرلەمانتارانی پارتە کۆنەپەرستەکان.

 لە مانگی نۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند " پۆلیسی کۆمەڵگە" ، کە هێزێکە لە ساڵی ٢٠١٦ پێکهاتووە، زیاتر لە هەزار و ١٠٠ تەلەفۆنی لەلایەن ڕزگاربوانی توندوتیژی خێزانییەوە بۆ کراوە، بە پێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی ژنان ئەم هێزە "هێڵێکی گەرم" کاردەکات و هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەرانەی نەگرتووەتەبەر بۆ پاراستنی ڕزگاربووان یان لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی خێزانی.

 سزای لەسێدارەدان

 دادگاکان لە عێراق سزای مەرگیان بۆ تاوانی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و کردەوەکانی پەیوەست بە "تیرۆر" سەپاندووە، زۆرجاریش دوای دادگاییکردنەکانی کە نەیانتوانیوە بگەن بە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە.

 ژمارەی لەسێدارەدانەکان بە شێوەیەکی بەچاو کەمبوونەتەوە، بەڵام هەزاران کەس لە لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی سزای مەرگیاندان.

 هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە حکومەتی عێراقی بە فەرمی هیچ وەڵامێکی ڕاپۆرتەکەی رێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی نەداوەتەوە.

هـ . ب