ئەمڕۆ دوو ئامار لەبارەی کوژراوەکانی راپەرینی ئێران و رۆژهەڵات بڵاوکرانەوە

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند کە ژمارەی کوژراوەکانی راپەرینی گەلانی ئێران و رۆژهەڵات گەیشتووە ٣٧٨ کەس، بەڵام ئاژانسی هەرانا باسی کوژرانی ٤٠٢ کەس دەکات.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئاماری نوێی کوژراوەکانی راپەرینی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی راگەیاند. بەپێی ئاماری رێکخراوەکە تاوەکو ئێستا ٣٧٨ کەس کوژراون کە ٢٧ کەسیان ژن و ٤٧ کەسیشیان منداڵن.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەڵێت زیاترین خۆپیشاندەر لە سیستان و بەلوچستان کە ژمارەیان ١٢٣ کەس، لە سنە ٤٠ کەس، تاران ٤٠ کەس، ورمێ ٣٩ کەس، مازەندەران ٣٣ کەس، گەیلان ٢٣ کەس، ئەلبورز ١٥ کەس، کرمانشان ١٤ کەس، خوزستان ٩ کەسن کوژراون.

هەروەها دەڵێت، لە حەفتەی رابردووە تاوەکو ئێستا ٤٠ کەس لە ئەندامانی هێزەکانی بەسیج و هێزە ئەمنیەکان کوژراون.

ئاژانسی هەراناش نوێترین ئاماری كوژراوانی راپەرینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بڵاوكردەوە، بەپێی ئامارەكە تا ئێستا ٤٠٢ كەس لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەر بە دەوڵەت گیانیان لەدەستداوە، كە لەو ژمارەیە ٥٨ كەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.

هەرانا هەروەها مەزەندەی كردووە، كە لەو ماوەیەدا ١٦ هەزار و ٨١٣ كەس لە ئێران دەستگیر كراون، بەڵام توانیویانە ناسنامەی تەنها دوو هەزار و ٧٥٦ كەسی دەستبەسەركراو دەستنیشان بكەن، ئاشكراشی كردووە، تا ئێستا لانیكەم ٥٢٤ خوێندكار دەستگیركراون.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو ئێستا سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” زیاتر لە ١٥٠ شاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە، هاوكات ١٤٠ زانكۆش گۆڕەپانی ناڕەزایەتی خوێندكاران بوون.

ف.ق