ئێران دەڵێت، گەمارۆی چەک لەسەر وڵاتەکەیان کۆتایی هاتووە

دوای ١٠ ساڵ گەمارۆ، ئەمڕۆ سزاکانی سەر ئێران کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانرابوو، کۆتاییهات و ئێران لەمەودوا دەتوانێت چەک بکڕێت و بفرۆشێت.

لەو بارەوە ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێدا هاتووە:”ئەمڕۆ سنووردارکردنی گواستنەوەی جۆرەکانی چەک لەسەر ئێران و هەروەها کاروباری بازرگانی لەو چوارچێوەیەدا و هەموو قەدەغەکانی تێپەڕبوون لە خاکی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێشتر خرابووە سەر هەندێک لە هاوڵاتیان و کاربەدەستانی سەربازیی ئێران، بەشێوەی ئۆتۆماتیک، کۆتاییهات”.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەوبارەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی:”ئاساییبوونەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ جیهان، لە ئەمڕۆوە، سەرکەوتنێکە بۆ ئامانجە هەمەلایەنەکان و ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەمان”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، مەجید تەخت ڕەوانچی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێدا هاتووە:”بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش، وڵاتان چێتر پێویستیان بە وەرگرتنی مۆڵەت بۆ بازرگانی چەک لەگەڵ ئێران نییە و سنووردارکردنی گەشتی کاربەدەستانی ئێمەش هەڵدەگیرێت”.

جێگای ئاماژەیە ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوو هەوڵێکی زۆریدا بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆ و قەدەغەکانی چەک بۆسەر ئێران لە ئەنجومنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام نەیتوانی وڵاتانی ئەندام لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات بۆ ئەوکارە و بەپێی بڕیارنامەکەی ئەنجومەنی ئاسیاش ئەمڕۆ و دوای ١٠ ساڵ قەدەغەی بازرگانی (کڕین و فرۆشتن)ی چەک لەسەر دەسەڵاتی ئێران هەڵدەگیرێت.

هەرچەند ئەم قەدەغەیە ئەمڕۆ هەڵدەگیرێت، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لەئێستادا، گەمارۆکانی دیکە، لەوانە گەمارۆی سیستمی بانکی لەسەر دەسەڵاتی ئێرانە و تەنانەت بۆ بازرگانی ئاسایی و وەرگرتنەوەی ئەو نەوتەی بە قاچاخ هەناردەی دەرەوەی دەکات کێشەی هەیە.

ف.ق