عیزەت دوری کەسی دووەمی رژێمەکەى سەدام حوسێن کوژرا

عیزەت ئیبراهیم دوری کەسی دووەمی رژێمەکەى سەدام حوسێن کوژرا.

کچەکەی سەدام حوسێن سەرۆکی حیزبی بەعس و دیکتاتۆری پێشووی عێراق رایگەیاند، عیزەت ئیبراهیم دووی کەسی دووەمی رژێمی رووخاوی بەعسی عێراق کوژرا. بەڵام ئەوەى رانەگەیاندووە، دووی کەی و لە کوێ و چۆن کوژراوە.

دوای ئەوەى ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراقی داگیرکرد و رژێمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێنی دیکتاتۆر لە بەریەکهەڵوەشایەوە، ئەمریکا بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی دوری دیاریکرد، بەڵام دوری ون بوو.

دوری ساڵی ١٩٤٢ لە تکریت لە دایکبووە و لە دوای ٢٠٠٣ەوە تاوەکو ئێستا چەندجارێک هەواڵی مردن و کوژرانی بڵاوبووتەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە لەلایەن بەرپرسانی رژێمی پێشووی بەعس و دەستوپێوەنەکانی دورییەوە رەتدەکرابوونەوە.

بەپێی ئەو لێدوانەى کچەکەى سەدام، عیزەت دوری دوێنێ ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا کوژراوە.

هاوکات حیزبی بەعس لە راگەیاندراوێکی کورتدا، گیان لە دەستدانی عیزەت دوریی راگەیاندووە.

دوای ئەوەى لە رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ لەبەریەک هەڵوەشا بەعسییەکان بۆ شەڕ لە دژی ئەمریکا لەگەڵ قاعیدە بوونە هاوپەیمان و لە دوای دروستبوونی داعش-یش لە ریزەکانی داعشدا بەردەوامیان بە شەڕ و کوشتار و تاوانەکانیان دەدا.

دوری ساڵی ٢٠١٦ لە ئینتەرنێت ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا چەتەکانی داعشی بە "پاڵەوان" ناوبردبوو، کە لە ٢٠١٤دا بەشێکی زۆر لە خاکی عێراقیان داگیرکردبوو.

هەروەها دوری بە دامەزرێنەری گروپی توندەڕەوی چەکداری نەقشبەندی دەناسرێت، کە ماوەیەک خەریکی شەڕ و تەقینەوە بوون و دواتر پوکانەوە.

ژ.ت