ئێقباڵ مورادی چالاکوان و تێکۆشەری رۆژهەڵاتى کوردستان لە پێنجوێن تیرۆرکرا

ئێقباڵ مورادى چالاکوان و تێکۆشەرى رۆژهەڵاتى کوردستان لە پێنجوێن تیرۆر کرا. تەرمەکەى نزیک کاتژمێر ٢٣:٣٠ى خولەکەى ئەمشەو لە دەورووبەرى چەمی پێنجوێن دۆزراوەتەوە، کە شوێنەوارى ٣ گولـلەى پێوەبووە.

ئێقباڵ مورادى چالاکوان و تێکۆشەرى رۆژهەڵاتى کوردستان لە پێنجوێن تیرۆر کرا. تەرمەکەى نزیک کاتژمێر ٢٣:٣٠ى خولەکەى ئەمشەو لە دەورووبەرى چەمی ئاڵیاوای پێنجوێن دۆزراوەتەوە، کە شوێنەوارى ٣ گولـلەى پێوەبووە.

بەپێى ئەو زانیارییانەى بە دەست ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) گەیشتوون، ئێقباڵ مورادى لەلایەن کەسانێکەوە لە پێنجوێن رفێنرابوو. دواى چەند کاتژمێرێک لە رفاندنەکەى لە نزیک کاتژمێر ٢٣:٣٠ لە چەمى ئاڵیاوای پێنجوێن تەرمەکەى دۆزراوەتەوە. بە وتەى ئەو کەسانەى تەرمەکەى ئەو چالاکوانەیان بینیوە، شوێنەوارى ٣ گولـلە بە جەستەیەوە بووە.

ئێقباڵ مورادى باوکى زانیار مورادى زیندانیى سیاسى کوردە، کە لەلایەن کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنراوە.

 ئێقباڵ مورادی کەسایەتییەکى وڵاتپارێز و چالاکوان و تێکۆشەر و شارەزاى کاروبارى کوردستان بوو و لە بوارى مافەکانى مرۆڤدا چالاکانە کارى دەکرد و ئەندامەى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەى مافی مرۆڤى کوردستان (KMMK) بوو.

ئێقباڵ مورادی لە تەمەنى گەنجییەوە تێکەڵ کارکردن لە ناو تێکۆشانى کوردستاندا بووە. لەبەر ئەوەش لە گەنجیدا لەلایەن کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە دەستگیر و بۆ ماوەى چەند ساڵێک زیندانیکرا. دواى ئازادبوونی لە زیندان هەموو تەمەنى گەنجى و ژیانى خۆى تەرخانکردبوو بۆ تێکۆشانى ئازادیى کوردستان و لە چەندین بوارى جۆراجۆردا تێکۆشاوە.

نزیکەى ١٠ ساڵ لەوە پێش ئێقباڵ مورادى لە دەوروبەرى پێنجوێن هێرشێکى تیرۆریستیى لە دژى ئەنجامدرا و دواى برینداربوونى گەیندرایە نەخۆشخانە لە مردن رزگارى بوو. بەپێى لێکۆڵینەوە و بە دوداچووەکانى ئەو کات، ئەو هەوڵەى تیرۆرکردن لەلایەن کۆمارى ئیسلامیى ئێران و دەستوپێوەنەکانییەوە ئەنجامدرابوو.

هەموو ئاماژەکانى وەک  چاودێریکردن و رفاندن و دواتر تیرۆرکردنى ئێقباڵ مورادی دەرخەرى شێوازى تیرۆرەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و دەستوپێوەکانێتى. رووداوی تیرۆرکردنى ئێقباڵ مورادی هاوشێوەى رووداوی تیرۆرکردنى ٢ تێکۆشەرى ترى کوردە لە پێنجوێن، کە ٢ ساڵ لەوە پێش تیرۆرکرابوون.

پێشتریش لە ١٣ى نیسانی ٢٠١٦ / ٢٥ی خاکەلێوە هەر یەک لە کەمال شێخ سادە (کەمالە خڕە) و سدیق ساڵیئاوایى لەلایەن چەند بەکرێگیراوێکى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە لە پێنجوێن تیرۆرکران و دواى ٦ دانیشتن لە دادگاى سلێمانى، ئەو تیرۆریستانە بەپێى یاساى دژە تیرۆر سزا دران و سزاى لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا.

ر.م