ئەو سەرچەتەیەی ئاکەپە لە لازقیەوە هێنابوویە عەفرین کوژرا

سەرچەتەیەک بە ناوی ئەبو ئەحمەد کە یەکێک بوو لە سەرچاوە سەرەکییەکانی میدیاکانی تورک، لە عەفرین کوژرا.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتوون، ئەبو ئەحمەد بەشداربووە لە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین و یەکێک بوو لە تاوانبارانی جەنگ لە عەفرین، لە ئەنجامی چالاکییەکدا کوژراوە. سەرچاوەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل 'یەپەگە' هێشتا هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.

چۆن لە لازقیەوە هاتە عەفرین؟

دوو ساڵ پێش ئێستا ئەبو ئەحمەد لە ناوچەی لازقیە یەکێک بوو لە فەرماندەکانى لیواى یەکەمی کەنارئاوەکانى سەر بە دەوڵەتى تورکیا. وتەبێژەی ئاکەپە، لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦دا لێدوانێکی بۆ ئاژانسى هەوناڵی ئەنادۆڵ (ئەی ئەی) دابوو، هەڕەشەی لە رووسیا و ڕژێمی سوریا کردبوو و وتبووی "ئێمە ماڵ و گوندی خۆمان وەردەگرینەوە". هاوکات سەرچەتە ئەبو ئەحمەد وتبووی "هێرشە ئاسمانییەکان شێوەی ژیانی ئێمەیان گۆڕیوە. ئێمە ناچارین بەشێکی زۆری ڕۆژەکانی خۆمان لە ژێر زەویدا بەسەر بەرین. ئێمە لەناو قوڕاودا دەژین".

دەستی لە گوندەکانی خۆی هەڵگرت و هێرشی کردە سەر گوندەکانی کورد

دیارە پاش ئەوەی هێرشی سەر عەفرین کەوتە ناو ڕۆژەڤەوە، ڕژێمی ئاکەپە ئەبو ئەحمەدی لەناو قوڕاودا لە لازقیە دەرهێنا. چەتەکان 'ماڵ و گوندەکانی خۆیان'یان بەجێهێشت و هێرشیان کردە سەر ماڵ و گوند و شارەکانی کوردان.

ر.م