لە دەریای مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ٣١ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

لە دەریای مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ٣١ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و دەنگۆ هەیە سەرجەمیان کورد بن.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، لە کەناراوەکانی هەرێمی کالێی (کالاس)ی ووڵاتی فەڕەنساوە، زیاتر لە ٥٠ کۆچبەر کە لە چووپێکدا بوون و دەیانویست لە دەریای مانشەوە بپەڕنەوە بۆ بەڕیتانیا، لەساتەانی شەودا چووپەکەیان نوقمی ژێرئاو دەکەوێت. لە ئاکامی ئەوەشدا، لانی کەم ٣١ کۆچبەریان گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کەشتییە ئێشکگرییەکانی ووڵاتەکەیان پاش ئەوەی لە لایەن ماسیگرێکەوە لە کارەساتەکە ئاگادارکراونەتەوە، چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لانی کەم  ٣١ تەرمیان دۆزیوەتەوە کە ژن و منداڵیشیان لە ناودایە.
وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە، بۆ گەران بەدوای تەرمەکاندا سێ هێلیکۆپتەر و سێ بەلەمی فریاگوزاری بەکار هاتوون.
هەروەها جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە جریوەیەکدا لە تویتەر نوسیویەتی: خەڵکێکی زۆر لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
ژان کاستکس سەرۆک وەزیرانی فەرەنساش لە تویتەر ڕوداوەکەی بەکارەساتێکی تراژیدی بەناو کردوە و وتویەتی: کۆچبەرەکان قوربانی دەستی قاچاخچیەکان کە دۆخی خراپی کۆچبەرەکانیان قۆستۆتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەرمی ٣١ کۆچبەرەکە گوازراونەتەوە بۆ پزیشکی دادی شاری کالێ و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردوە.
پەی پێی هەندێک زانیاریش، سەرجەم ئەو کۆچبەرانە کوردن، بەڵام تا ئێستا ئەو زانیاریانە بەفەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.

هـ.هـ