ژمارەی دانیشتوانی جیهان ٨ ملیار کەسی تێپەڕاند

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ١٥ی ئەم مانگەوە ژمارەی دانیشتوانی جیهان ٨ ملیار کەسی تێپەڕاندووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان کە لە ساڵی ١٩٥٠دا، ٢.٥ ملیار کەس بووە، ڕووبەڕووی گەشەیەکی بێ وێنە بووەتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان بەبیری هێنایەوە کە بە هۆی پێشکەوتنەکانی تەندروستی گشتی، خۆراک، پاکوخاوێنی کەسی و پزیشکی، تەمەنی مرۆڤ وردە وردە زیاد دەکات. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لە وڵاتانی هەژار کێشەیەکی جددییە.

لە ساڵانی ١٨٠٠دا کەمتر لە ملیارێک کەس لە جیهاندا ژیاون. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە تا ١٥ی ئەم مانگە ژمارەی دانیشتووانی جیهان ٨ ملیار کەسی تێپەڕاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە  دوای ١٥ ساڵی دیکە، لە ساڵی ٢٠٣٧دا دەگاتە ٩ ملیار کەس.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات لە ساڵی ٢٠٨٠ ژمارەی دانیشتوانی جیهان بگاتە ١٠.٤ ملیار کەس و لە کۆتایی سەدەشدا بەرەو کەمبوونەتەوە دەچێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان گەشەسەندنی ئێستا بە "قۆناغێکی گرنگی گەشەسەندنی مرۆڤ" دەزانێت و ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەموو کەسێک بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ئاگاداری هەسارەکەمان بێت.

ف.ق