ئاماری قوربانیانی زریانی فرێدی بەرز دەبێتەوە: زیاتر لە ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا

لە زریانی فرێدی کە ئەفریقای ناوەڕاستی گرتووەتەوە زیاتر لە ٤٠٠ کەس ژیانیان لەدەستدا.

زریانی فرێدی لە هەفتەکانی رابردوودا دوو جار ناوچەکەی گرتووەتەوە. لە مۆزەمبیق ٧٣ کەس، لە ماداگاسکار ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە. زۆرینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە مالاڤی بوون.

سەرۆککۆماری مالاڤی لازاروس چاکوێرا رایگەیاند، "ئاماری زیانە گیانییەکانی ئەو کارەساتە سروشتیە لە ٢٢٥کەسەوە بۆ ٣٢٦ کەس بەرزبووەتەوە". چاکوێرا ئەوەشی خستەڕوو کە زیاتر لە ١٨٣ هەزار کەس ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.

زریانەکە مانگی شوبات لە کەناراوەکانی ئوسڕاڵیاوە دروستبوو و لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا هەشت هەزار کیلۆمەتری زەریاکانی بڕیبوو.

سەرەتا لە ٢١ی شوبات کاریگەری کردبووە سەر ماداگاسکار، دواتر گەیشتبووە مۆزەبیق. سەرەتای مانگی ئاداریش سەرلەنوێ ماداگاسکاری گرتبووەوە و دواتر مۆزەبیق و مالاڤی تەنیبووەوە.

هـ . ب