مەترسییەکانی بەکارهێنانى موادی کیمیاوی لە کشتوکاڵی تورکیادا

ردڤان توران پەرلەمانتاری هەدەپەی مێرسین لەبارەى بەکارهێنانی دەرمان لە کشتوکاڵدا وتی "ئەوە دەرمان نییە، بەڵکو ژەهرە. ئێمە لە دژی بەکارهێنانى ژەهرین".

رێکخراوی گرین پیس (ئاشتیى سەوز) لە ٥ مارکێتى گەورە و بازاڕێکدا تەماتە، بیبەر و خەیاری خستبووەڕوو. لە ناو ئەو بەروبومانەدا دەرمانی لەناوبردنى حەشرات دۆزرابویەوە. ئەوە لە کاتێکدایە ١٥.٦ نمونەى ئەو دەرمانانە بەپێچەوانەى یاسا و رێنماییەکان بەکارهێنراوە.

رووسیا سەدان تۆن بەربوومی کشتوکاڵیى تورکی گەڕاندەوە بۆ تورکیا

دواى ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان ئەوەش ئاشکرا بوو، رووسیا سەدان تۆن مریشک و ماندالینى گەڕاندووەتەوە بۆ تورکیا. رووسیا پێشتریش چەند وەجەب خۆراکی بەرهەمهاتووی تورکیای گەڕاندبووە بۆ تورکیا.

بەپێى ئاژانسی کۆنترۆڵی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى رووسیا (Rosselhoznadzor) لە مانگی حوزەیرانى ٢٠١٩ دا رێگایان نەداوە ٥٠.٩٠٦ تۆن تەماتە لە تورکیاوە بچێتە رووسیا. هەر لەو کاتەدا ٣٧٠ تۆن ماندالینی تورکی لە روسیاوە گەڕێنرابووە بۆ تورکیا.

ڕێکخراوی تەندروستیى جیهانى رایگەیاند، ئەو دەرمانە (دەرمانى لەناوبردنى حەشەرات) بۆ تەندروستیى مرۆڤ زیانبەخشە. لە ١٠٠ نمونەى ئەو دەرمانەدا دەرکەوتووە، کە رێژەیەکى زۆر ژەهریان تیایدایە.

هەدەپە لە دژی بەکارهێنانى ژەهرین لە کشتوکاڵدا

ردڤان توران پەرلەمانتاری هەدەپەى مێرسین رایگەیاند، لە تورکیا بەکارهێنانى دەرمان لە کشتوکاڵدا کۆنترۆڵ و چاودێری ناکرێت. راشیگەیاند "ئەوانە دەرمان نین، بەڵکو ژەهرن. دەبێت بەکارهێنانى ئەوانە بخرێنە ژێر کۆنترۆڵەوە. ئێمە وەک هەدەپە لە دژی بەکارهێنانی ژەهرین لە کاری کشتوکاڵدا. ئێمە پێشتریش ئەو بابەتەمان بردبووە پەرلەمان و قسەمان لەسەر کردبوو، بەڵام ئەوە بۆ دەسەڵات گرنگ نەبوو. پشتیوانى لە جوتیارەکان ناکرێت و جوتیارەکانیش دەڵێن، چەند دەرمان بەکاربهێنن ئەوەندە باشە بۆیان، بەڵام ئەوە بە پێچەوانەوەیە. ساڵ لە دواى ساڵ بەکارهێنانى دەرمانە کیمیاوییەکان لە کشتوکاڵدا زیاتر دەبن. چونکە ساڵ لە دواى ساڵ خاک رێژەیەکى زیاتر لەو دەرمانەى پێویست دەبێت. بە پلەى یەکەم نەخۆشی شێرپەنجە لەو دەرمانەوە دروست دەبێت لەگەڵ چەندین نەخۆشی تردا".

ژ.ت